کوردێک شەڕێکی یاسایی لەدژی کۆمپانیایەکی ئیلۆن مەسک دەدۆڕێنێت

08-02-2024
رێکار عەزیز @Rekar_Azeez
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کوردێکی بەریتانیا لەگەڵ ئیلۆن مەسک، دەوڵەمەندترین سەرمایەداری جیهان دەکەوێتە نێو شەڕێکی یاساییەوە، کوردەکە کەیسەکە دەدۆڕێنێت و 15 هەزار دۆلار لەدەستدەدات.
 
ئامانج عەلی، تەمەن 41 ساڵ و دانیشتووی مانچیستەر رێستورانتەکەی ناودەنێت "Tesla Chicken and Pizza"، لەکاتێکدا تێسلا کۆمپانیایەکی ئۆتۆمبێلی کارەبایی ئەمریکیی ئیلۆن مەسکە و بارەگاکەی لە ئۆستنی تەکساسە، لە 2003ـوە ئەو ناوەی لەخۆی ناوە.
 
ئامانج لە ساڵی 2020 رێستۆرانتەکەی لە ئۆفیسی موڵکداری بەریتانیا (IPO) لە ریزی خواردنگە و ساردەمەنییەکان بە ناوی "Tesla Chicken and Pizza - مریشک و پیتزای تێسلا" تۆمارکرد و رێستۆرانتێکی دیکەشی لە بێری بەناوی کۆلۆرادۆ چیکن هەیە، بەڵام لە نۆڤەمبەری 2021 ئۆفیسی موڵکداریی بەریتانیا پەیوەندی پێییەوە کرد و پێیڕاگەیاند، کەسێک لە ئەمریکا سکاڵای لە دژی رێستۆرانتی "Tesla Chicken" تۆمارکردووە.
 
ئەمە ئەو کاتە بوو، کە کۆمپانیای تێسلا لەهەوڵی تۆکمەکردنی پاراستنی مافی موڵکداریی بوو لە بەریتانیا، هەنگاوەکەشی بەتایبەت لە دژی ئەو رێستۆرانت و خواردنگانەبوو، کە ناوی کۆمپانیاکەیان بەکاردەهێنن.
 
ئامانج لەدژی هەوڵەکانی کۆمپانیای تێسلا وەستایەوە و رژدبوو لەسەر ناوەکە و بانگەشەی ئەوەی کرد، بەرگری لە کەیسەکەی دەکات، کۆمپانیاکەی ئیلۆن مەسکیش دەستەوەستان نەمایەوە و داوایکرد خاوەنی رێستۆرانتەکە دەستبەرداری ناوەکە بێت.
 
ئۆفیسی موڵکداریی بەریتانیا داوای لە ئامانج کرد بە 4000 پاوەند کۆمپانیای تێسلا قەرەبوو بکاتەوە، لەپاڵ ئەو بڕە پارەیە گەنجە کوردەکە 8000 پاوەندیشی لە مامەڵەی یاسایی لەدەستدا، کە گۆی گشتی دەکاتە 12 هەزار پاوەند یان 15 هەزار دۆلار.
 
ئامانج دەڵێت ئەو، ناوی رێستۆرانتەکەی بەناوی نیکۆلا تێسلا، داهێنەری سڕبی-ئەمریکی کردووە کە لە ساڵی 1943ـوە کۆچی دوایی کردووە و ناوەکەی بیرۆکەی پشت ناونانی کۆمپانیای تێسلای ئیلۆن مەسکیشە.
 
ئامانج عەلی سزا یاساییەکە بە ستەم و ناشەرعی دەزانێت و دەڵێت ئەگەر پارەی هەبووایە، داوای تێهەڵچوونەوەی بۆ بڕیارەکەی نووسینگەی موڵکداری بەریتانیا دەکرد.
 
خاوەن رێستۆرانتەکە هەروەها دەڵێت "بێننە پێش چاوتان، بازرگانێکی بچووکم و رێستۆرانتێکی مریشکم هەیە، کۆمپانیایێکی گەورە لەلایەن سەرمایەدارترین کەسی جیهان سکاڵام لەسەر تۆماردەکات."
 
گلەیی ئامانج عەلی لەوەیە کە دوو مانگ بوو رێستۆرانتەکەی بەناوی تیسلا تۆمارکردبوو، کەچی کۆمپانیاکەی ئیلۆن مەسک لەو ماوە یاساییەدا سکاڵای تۆمارنەکرد کە دەکرا بەبێ پێبژاردن تێپەڕێت.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەیەکی ئەرشیڤیی ئەسما ئەسەد

ئەسما ئەسەد بەهۆی بەسەرچوونی پاسپۆرتەکەیەوە ناتوانێت بگەڕێتەوە بەریتانیا

میدیای بەریتانیا بڵاویکردەوە، بەهۆی بەسەرچوونی پاسپۆرتەکەیەوە هاوژینەکەی سەرۆکی پێشووی سووریا ناتوانێت بگەڕێتەوە ئەو وڵاتە. بەهۆی رۆڵیشی لە کارەکانی سەرۆک دا، بەرپرسانی بەریتانیا نایانەوێت کارئاسانی بۆ گەڕانەوەی بکەن و بگەڕێتەوە.