د. عەلی قەرەداغی بە سەرۆکی یەکێتیی جیهانیی زانایانی موسڵمان هەڵبژێردرا

08-01-2024
دڵزار زوبێر @DilzarZubair
پرۆفیسۆر د. عەلی قەرەداغی، سەرۆکی نوێی یه‌كێتى جیهانیی زانایانى موسڵمان.
پرۆفیسۆر د. عەلی قەرەداغی، سەرۆکی نوێی یه‌كێتى جیهانیی زانایانى موسڵمان.
A+ A-


رووداو دیجیتاڵ 

د. عەلی قەرەداغی کە پێشتر ئەمینداری گشتیی یه‌كێتیی جیهانیی زانایانى موسڵمان و یەکێک لە دامەزرێنەرانی بوو، ئەمڕۆ  بە سەرۆکی یه‌كێتیەکە هەڵبژێردرا.
 
رۆژی دووشەممە، 8ـی کانوونی دووەمی 2024، لە شەشەمین کۆنگرەکەیان، کە لە دەوحەی پایتەختی قەتەر بەڕێوەچوو، پرۆفیسۆر د. عەلی قەرەداغی دەنگی 91٪ـی بەشداربووانی کۆنگرەی یەکێتیی جیهانیی زانایانی موسڵمانی بەدەستهێنا و بە سەرۆکی یەکێتییەکە هەڵبژێردرا. 
 
د. عەلی قەرەداغی، زانای کوردی ئایینی ئیسلام له‌ ساڵى 2004 له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك زاناى جیهانى، یه‌كێتى جیهانیی زانایانى موسڵمانیان دامه‌زراند، لە ساڵی 2011ـەوە ئەمینداری گشتیی یەکێتیی جیهانیی زانایانی ئایینی ئیسلام بووە؛ یوسف قەرزاوی، زانای ئیسلامیی میسری سەرۆکی یەکێتییەکە بوو، بەڵام لە مانگی ئەیلوولی 2022 کۆچی دوایی کرد و لەدوای ئەو، هیچ سەرۆکێک بۆ یەکێتییەکە هەڵنەبژێردرابوو. 
 
 
دكتۆر عه‌لى قه‌ره‌داغى لە تەممووزی 1949 له‌ گوندى نه‌وتى سه‌ر به‌ شارۆچكه‌ى قه‌ره‌داغى پارێزگاى سلێمانى لەدایکبووە. 
 
سه‌ره‌تاى فێربوون و خوێندنى زانسته‌كانى له‌ زێدى خۆى له‌ گوندى نه‌وتى ده‌ستپێكرد، له‌و ماوه‌یه‌دا هه‌موو قورئانى پیرۆزى له‌به‌ركردووه‌. دواتر چووه‌ته‌ سلێمانى و مۆڵەتی "دوانزه‌ عیلمى" له‌سه‌ر ده‌ستى مامۆستا شێخ مسته‌فا قه‌ره‌داغى وه‌رگرتووه‌، لای شێخ نه‌جمه‌دینی مامی و زۆربه‌ى زاناكانى سلێمانى وانه‌ى خوێندووه‌. 
 
دواتر چووه‌ته‌ شارى به‌غداد و لای كۆمه‌ڵێك گه‌وره‌ زاناى به‌نێوبانگى عێراق و كوردستاندا درێژه‌ى به‌ خوێندنى زانسته‌كان داوه‌، له‌و مه‌لا و زانا گه‌ورانه‌، مه‌لا عبدالكریمى موده‌ڕیس و مامۆستا شێخ عبدالقادرى گوتاربێژ.
 
له‌ ساڵى 1969 په‌یمانگەى ئیسلامى ته‌واو كردووه‌ و یه‌كه‌مى په‌یمانگە بووه‌، ساڵێك دواى ئه‌وه‌، له‌ ساڵى 1970 مۆڵەتی "عیلمى مه‌لایه‌تى" وه‌رگرتووه‌. دواتر له‌ ساڵى 1975 په‌یوه‌ندیی بە كۆلێژى ئیمام ئه‌عزه‌م له‌ به‌غداد كردووه‌ بۆ خوێندنى به‌كالۆریۆس له‌ شه‌ریعه‌تى ئیسلامیدا، به‌ پله‌ى نایاب كۆلێژى ئیمام ئه‌عزه‌مى ته‌واو كردووه‌.
 
له‌ ساڵى 1980 روو ده‌كاته‌ وڵاتى میسر و له‌وێ بڕوانامه‌ى ماسته‌ر له‌ فیقهی به‌راوردكاریدا له‌ كۆلێژى شه‌ریعه‌ و یاسا له‌ زانكۆى ئه‌زهه‌ر به‌ده‌ست ده‌هێنێت. 
 
دواتر له‌ ساڵى 1985 له‌هه‌مان كۆلێژ و له‌هه‌مان زانكۆ، له‌ بوارى "گرێبه‌ست و مامه‌ڵه‌ داراییه‌كاندا" بڕوانامه‌ى دكتۆراى به‌ پله‌ى نایاب له‌گه‌ڵ روتبه‌ى یه‌كه‌مى شه‌رف به‌ده‌ستهێناوه‌.
 
لەساڵی 1988لەگەڵ کۆمەڵێک زاناو رۆشنبیری کورد رێکخراوی رابیتەی ئیسلامیی کوردیان دامەزراند. بەگوێرەی ئەو ئامارانەی ماڵپەڕی فەرمیی د. عەلی قەرەداغی بڵاویکردوونەتەوە، "تائێستا ئەم رێکخراوە خێرخوازیە زیاتر لە 1540 پڕۆژەیان پێشکێشی کوردستان کردووە."
 
د. عەلی قەرەداغی خاوه‌نى زیاتر له‌ 100 توێژینه‌وه‌ و ده‌یان كتێبن به‌ زمانى عه‌ره‌بى و به‌شێك له‌ كتێبه‌كانی وه‌رگێڕدراونه‌ته‌ سه‌ر زمانى كوردى و زمانه‌كانى دیکە. 

 

 
زانا کوردەکە ئەم پۆستانەشی وەرگرتووە:
- ئه‌میندارى گشتیی یه‌كێتیی جیهانیی زانایانى موسڵمان.
- جێگرى ئه‌نجوومه‌نى ئه‌وروپى بۆ فه‌توا و توێژینه‌وه‌.
- مامۆستا و سه‌رۆك به‌شى كۆلێژى شه‌ریعه‌ و یاسا و دیراساتى ئیسلامى له‌ زانكۆى قه‌ته‌ر.
- سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى ئه‌میندارێتى زانكۆى گه‌شه‌پێدانى مرۆییه‌ له‌ كوردستانى عێراق.
- سه‌رۆكی رێکخراوی رابیتەی مرۆیی( رابیته‌ى ئیسلامى كوردی) پێشوو.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە