رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی بەریتانیا دەیەوێت رێکارەکانی پێدانی پێدانی ڤیزە و وەرگرتنی کۆچبەران تووندوتۆڵ بکات، بۆ ئەو مەبەستەش وەزارەتی ناوخۆی ئەو وڵاتە لە هەوڵی زیندووکردنەوەی بڕیاری ناردنی کۆچبەرانە بۆ رواندا.
هاوینی ئەم ساڵ فامیا لە هیندستانەوە داوای پێشکێشکرد بۆ ئەوەی لە خانەیەکی بەساڵاچووان لە لەندەن کار بکات، بەو هیوایەی بتوانێت هاوژین و سێ منداڵەکەشی بباتە بەریتانیا. ئاژانسە گەشتیارییەکان لە هیندستان داوای بڕە پارەیەکی زۆریان لێکردووە.
فامیا فرانسیس، چاودێر لە خانەی بەساڵاچووان دەڵێت، "ئەگەر لە رێگەی ئاژانسەکانەوە بێیت، داوای 10 هەزار پاوەند یاخود زیاتر دەکەن، ئەم ساڵ داوای زیاتر دەکەن."
حکومەتی بەریتانیا لە پلانی دایە ئەم هەلپەرست و قۆستنەوەیە نەهێڵێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەیەوێت رێگری لە هاتنی کەسوکاری ئەو خزمەتکارانەش بکات کە لە خانەی بەساڵاچووان کاردەکەن.
لە چوارچێوەی ئەم پلانانە، جەیمس کلێڤەرلی، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا کە مانگێکی رابردوو پۆستەکەی وەرگرتووە و پێشتر وەزیری دەرەوەی بەریتانیا بوو؛ خۆی گەیاندە کیگالیی پایتەختی رواندا بۆ ئەوەی رێککەوتننامەی ناردنی کۆچبەران بۆ ئەو وڵاتە زیندوو بکاتەوە کە دادگەی بەریتانیا رایگرتووە.
جەیمس کلیڤەرلی، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا دەڵێت، "دەبێت دڵنیاشی بکەینەوە کە ئەم خەڵكانەی دێن بۆ بەریتانیا، لە رێگەی سەلامەت و یاساییەوە بێن و ئەوانەی خۆشیان دەدەنە دەست قاچاخچییە چەتەکان، نەتوانن لە بەریتانیا بمێننەوە."
پلانە نوێکەی بەریتانیا پێنج خاڵ لەخۆ دەگرێت؛ دانانی رێوشوێن لەسەر ڤیزەی تەندروستی، ڤیزەی کرێکاری لێهاتوو، ڤیزەی خێزانی، ڤیزەی کار و ڤیزەی خوێندن.
نۆ مانگی 2023 زیاتر لە 101 هەزار ڤیزا دراونەتە کەسوکاری ئەو خزمەتکارانەی لە خانەی بەساڵاچووان کاردەکەن.
هەموو ئەو رێکارانەی حکومەتی بەریتانیا بۆ ئەوەیە ساڵانە بتوانێت رێگری لە هاتنی 300 هەزار کۆچبەر بکات، لەکاتێکدا تاوەکو حوزەیرانی 2023 زیاتر لە 672 هەزار کۆچبەر چوونە بەریتانیا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ