رووداو دیجیتاڵ
لافاوێک، خەڵکی رۆژهەڵاتی یۆنانی تووشی شۆککرد و لە ماوەی 24 کاژێردا هێندەی یەک ساڵ باران باری، بە واتایەکی دیکە، 200 میلـلیمەتر لە شاری ڤۆلۆس و 600 میلـلیمەتریش لە گوندی زاگۆرای دراوسێکەی باران باریوە و شەش کەسیش بەهۆی لافاو لەو وڵاتە گیانیان لەدەستداوە.
ڤیسیلس سالاموراس، هاووڵاتی یۆنانی دەڵێت، "باوەڕناکەم کەس لە ژیانی خۆیدا ئەمەی بینیبێت. لە ڤۆلۆس و یۆنان نا، تەنانەت لە ئەوروپا، چونکە ئەوروپا ژێرخانی هەیە و ئەمە روونادات. ئەوەی لێرە روویدا، گەورە بوو. پێشتر رووینەداوە. ئەم شارە چۆن دەبێتەوە ڤۆلۆس جارێکی دیکە؟ ئەستەمە."
بولگارییەکان لە دوێنێوە سەرقاڵی خەمڵاندنی زیانەکانی ئەو لافاوەن کە ناوچە کەناراوییەکانی دەریای رەشی گرتووەتەوە و بەهۆیەوە لانیکەم سێ کەس گیانیان لەدەستداوە.
گەشتیاران لە کەناراوەکانی تسارێڤۆ باوەڕیان نەدەکرد شەپۆلەکانی دەریا دوو مەتر بەرزببنەوە و ئۆتۆمبێلەکانیان لەگەڵ خۆیدا ببات.
خەڵک هەم لە یۆنان و هەمیش لە بولگاریا بەشێکی لافاوەکە بۆ گیرانی رێڕەوە ئاوییەکان دەگەڕێننەوە.
ئیمیل پیچیڤ، هاووڵاتی بولگاری دەڵێت، "چەندین جار لە دادگە سکاڵام تۆمار کردووە کە رێڕەوەکانی ئاو گیراون، جۆگەکان پاکنەکراونەتەوە. ئەگەر کاری خۆمان کردبایە، زیانەکان کەمتر دەبوون. لە هەمووشی گرنگتر ژیانی خەڵکمان رزگار دەکرد."
بەرپرسانی تورکیا دەڵێن، حەوت کەس لەو لافاوە گیانیان لەدەستداوە کە بەشی ئەوروپای وڵاتەکەی گرتەوە و لافاو بەنێو کۆڵانە تەسکەکانی شاری کرکلار ئەلی و ئیستەنبووڵ دەهاتە خوارەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ