VOA بیسەری کەم بووە

08-09-2013
A+ A-
موتڵوو سیڤیر ئۆغڵوو
رووداو - ئەمریكا

ئیسماعیل شێخۆ باسی ساڵی 1992 دەكات. ئەوكات كوردی باشووری كوردستان لەترسی سەددام حوسێن، سەرۆكی رژێمی پێشووی عێراق، روویان لە كەمپێكی نزیك شارۆچكەی سلۆپی كردبوو لە باكووری كوردستان. شێخۆ لەبیریەتی کە ئەوكات تەواوی رۆژەكە چاوەڕێی ئەو 15 خولەكەی بڵاوکراوەی هەواڵەكانی رادیۆی دەنگی ئەمریكا VOAی دەكرد، كە بە زمانی كوردی پێشكەشدەكرا.

شێخۆ دەڵێت ئەوكات VOA تاكە رادیۆی نێودەوڵەتی بوو كە پەخشی بە زمانی كوردی هەبێت: "بۆیە ئەو سەردەمە رادیۆیەكم كڕی تاوەكو ئاگاداری هەواڵەكان بم".

شێخۆ، كە ئێستا کوردێکی كۆچبەری دانیشتووی تۆرۆنتۆ-ی کەندایە، دەڵێت: "ئەوکات بەرنامەكانی بەشی كوردیی VOA زۆر كەم بوون و تەنیا 15 خولەك بوو. هەواڵەكانیان تایبەت بوون بە كورد و جیهان".

ئەو زۆری پێخۆشە كە VOA وەكو جاران نەماوە و تەواوی رۆژەكە چاوەڕێی تەنیا 15 خولەكی بەرنامەكانیان ناكات، بەڵکو ئێستا بۆ ماوەی 3 كاژێر بەرنامەی كوردییان هەیە، هەروەها لە ماڵپەرەكەشیاندا بەشی كوردی هەیە. هیچ كەسێك هێندەی خەلەفێ زێباری، هۆزانڤان و پێشكەشكاری پێشووی رادیۆكە، دەربارەی رۆژانی پێشوو نازانێت. چونكە ئەوكات خەلەف و هۆمەر دزەیی دوو پێشكەشكاری بەرنامەکان بوون لەو رادیۆیەدا، كە بە ستافێكی كەمەوە ئەو بەشە كوردییەیان بەڕێوەدەبرد.

زێباری، لەنێوان ساڵانی 1974 تاوەكو 1975 بێژەری دەنگی كوردستان بووە. دەنگی ئەو لەو رادیۆیەدا زۆر دیار بوو. ئەو دەڵێت "لە مانگی ئاداری ساڵی 1992دا، لەلایەن VOA یەوە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیم بۆهات و پێیانگوتم ئاژانسەكەیان بەنیازە بەشی زمانی كوردی بكاتەوە. داوایان لێكردم كاریان لەگەڵدا بكەم. داواكارییەكەم قبوڵكردن و ماڵم لە ویلایەتی تێنسی بوو گواستمەوە بۆ واشنتن".

یەكێكی دیكە لە كارمەندەكانی ئەو رادیۆیە فەخرییە دۆسكییە، كە ئێستا یەكێكە لە سەرپەرشتیارانی بەشی كوردی. دۆسكی باسی ئەو رۆژە دەكات كە لەلایەن ساڵح نەجیم حەسەن، رۆژنامەنووسی لوبنانیی بە رەگەز كورد و بەرپرسی سەرەكیی بەشی كوردی داوای لێكراوە كاریان لەگەڵدا بكات.
 
دۆسكی یەكێك بووە لە ستافە هەشت كەسییەكەی ئەوكات، كە شەشیان خەڵكی باشووری كوردستان بوون و دوو كارمەندەكەی دیكەش خەڵكی رۆژئاوای كوردستان بوون: "زۆرم پێخۆش بوو ببمە ئەندام لە یەكەمین رادیۆی كوردیدا. لەهەمانكاتیشدا كەمێك نیگەران بووم، چونكە ئەزموونێكی نوێ بوو بۆم".

دواتر رادیۆكە رێككەوتننامەیان لەگەڵ تیمێكی رۆژنامەنووسانی فریلانسەر لە پارچەكانی كوردستان واژوو كرد. ئێستاش ئەو رادیۆیەی پێشتر سەرچاوەی هەواڵ بوو بۆ كورد، خەریكە گوێگرانی لەدەست دەدات، بەتایبەتی لە شوێنێكی وەکو هەرێمی كوردستاندا، كە VOA ئامانجی بووە بیگاتێ و لەوێ ببیسترێت.

ئێستا زیاتر لە 100 رادیۆ و تەلەفزیۆن لە هەرێمی كوردستاندا هەن، هەندێكیان هەموو سەرە كاژێرێک دەنگوباس و بەرنامەی تایبەتیان هەیە، كە بوونەتە هۆی ئەوەی بیسەرانی پێشووی VOA بۆ لای خۆیان رابكێشن.

بەڵام محەممەد ساندری، كە رۆژنامەنووسێكی كوردە و لە ئیستەنبۆڵ دادەنیشێت، هێشتا VOA پێ پەسەندترە لە میدیاكانی دیكە، چونكە "لە هەموو پارچەكانی كوردستاندا، میدیا تێڕوانینێكی ناوچەیی هەیە، بەڵام VOA تێڕوانێنێكی فراوانتری هەیە و هەواڵی هەموو پارچەكان دەگوازێتەوە".  لەمپەرەكانی بەردەم دەنگی ئەمریكا تەنیا لۆكاڵی نین، بەڵكو ئەو رادیۆیە لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا ركابەری هەن، وەكو رادیۆی SBSی ئوسترالی، رادیۆی نێودەوڵەتی RSی سویدی (زایەڵە) و رادیۆی فەرمیی سەر بە حكومەتی ئێران، كە بە هەردوو شێوەزاری سۆرانی و كرمانجی بەرنامەكانیان پێسكەشدەكەن. تەنانەت دەنگی رووسیا و TRT6 بە زاراوەی زازاكیش پڕۆگرامیان هەن.

ئەحمەد بیناڤی، لایەنێکی دیکەی VOA دەبینێت، ئەو پێیوایە ئەو رادیۆیە "بووەتە هۆی ئەوەی پیشانی توركیای بدات کە كورد بوونیان هەیە، چونكە ئەمریكا وڵاتێكی زلهێزە و بە زمانی كوردی بەرنامەكانی پەخشدەكات".

هاوكات هەندێک رەخنە لە بەرنامە كوردییەكانی دەنگی ئەمریكاش دەگیرێن، بەتایبەتی لەلایەن كوردی باكوور و رۆژئاوای كوردستانەوە، چونكە پێیانوایە ئەم رادیۆیە زۆرتر تەرکیزی لەسەر باشووری كوردستانە و تێڕوانینی كوردی دەربارەی توركیا و شەڕی نێوخۆی سووریا پشتگوێخستووە.

زۆربەی گوێگرانی VOA  لە باكووری كوردستان دەڵێن ئەو رادیۆیە تەنیا تێروانینی فەرمی دەربارەی هەواڵەكانی ناو توركیای هاوپەیمانیان دەگوازێتەوە. كوردانی رۆژئاواش دەڵێن هەوڵی تەواو نادات بۆ گواستنەوەی رووداوەكانی شەڕی نێوخۆی سووریا.

شێخمووس سەفەر، سەرۆكی دەزگای KURDPEN لە ئامەد، دەڵێت " VOA بەرنامەی زۆر كەمی هەن لەبارەی ژیانی كولتووری و كۆمەڵایەتیی كوردانی باكووری كوردستان و تێكۆشانیان".

خەلیل دوزگون-ی دوكانداریش دەڵێت "دەمێكە گوێ لەو رادیۆیە ناگرم، چونكە كوردی باكوور ژیانی خۆیان لە راپۆرتەكانی VOA یدا نابیننەوە. ئێستا گوێ لە بەشی توركیی BBC دەگرین، چونكە بابەتەكانی ئامانجدارترن". رۆژنامەنووسی كورد ماكسیم عیسا، كە پەیامنێری Orient TVیە لە بەرلین، دەڵیت "دۆخی ئێستای سووریا گرنگترین كێشەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستە، ئەگەر VOA پەیامنێری لە رۆژئاوا هەبان، ئەوە بەدڵنیاییەوە بیسەری زیاتری دەبوون".   



کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە