سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا: لە پاریس جۆش و خرۆشیە و لە مۆسکۆ بێ ئومێدی

07-07-2024
عەلی زەڵمی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا خۆشحاڵیی خۆی بەرامبەر ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی فەرەنسا دەربڕی و رایگەیاند، ئەنجامەکە بەدڵی مۆسکۆ نییە. 
 
دوای دەرکەوتنی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی فەرەنسا، دۆنالد تەسک، سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا پۆستێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "لە پاریس جۆش و خرۆشە؛ لە مۆسکۆ بێ ئومێدییە؛ لە کیێڤ ئاهێک بە بەر (بەرپرسان و خەڵکی وڵاتدا هاتەوە)؛ خەڵکیش لە وارشۆ خۆشحاڵە". 
 
ئەنجامی هەڵبژاردنەکە خۆشحاڵییەکی زۆریشی لای دیپلۆماتانی یەکێتیی ئەورووپا دروستکرد. 

 

 
 
ئەم نووسینەی دۆناڵد تەسک لە کاتێکدایە، تۆمەتی ئەوە دەدرێتە پاڵ پارتی بەرەی نیشتمانی کە خوازیاری هەبوونی پەیوەندییەکی بەهێزە لەگەڵ رووسیا و پاڵپشتی لەوەش ناکات برۆکسل ناوەندێکی سەرەکی بڕیاری فەرەنسا بێت. 
 
ئەو پارتە لە ماوەی رابردوودا دژایەتی خۆی بۆ سزاکانی یەکێتیی ئەوروپا بۆ سەر رووسیا دەربڕیوە، ئەوەش لە ئەنجامی هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا. 
 
رۆژی 3-7-2024یش ئەندرێ ناتاشین، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا لە ئێکس نووسینێکی بڵاوکردەوە و تێیدا لەبارەی هەڵبژاردنەکەی فەرەنسا گوتی: "خەڵکی فەرەنسا سیاسەتێکی دەرەوەی سەربەخۆیان دەوێت بە جۆرێک ئەو سیاسەتە خزمەت بە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانیان بکات و لەو سیاسەتە دووربکەونەوە کە لە واشنتن و برۆکسلەوە بەسەریاندا دەسەپێندرێت". 
 
خولی یەکەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی فەرەنسا رۆژی 30-6-2024 بەڕێوەچوو و رۆژی 7-7-2024یش خولی دووەم بەڕێوەچوو. 
لە خولی یەکەمدا پارتی بەرەی نیشتمانیی راستڕۆی تووندڕۆ 33٪ی دەنگەکان، هاوپەیمانیی (بەرەی نیشتمانیی گەل)ی چەپەکان 28٪ی دەنگەکان و هاوپەیمانیی (پێکەوە)ی ئیمانوێل ماکرۆن 20٪ی دەنگەکانی بردەوە. 
 
لە خولی دووەمی هەڵبژاردنەکەدا هاوپەیمانیی چەپەکان یەکەم بوون؛ هاوپەیمانییەکەی ماکرۆن لە پلەی دووەم و پارتی بەرەی نیشتمانی لە پلەی سێیەم هات. 
 
ئەنجامی بەرایی بەو جۆرەیە کە هاوپەیمانیی چەپەکان 193 کورسی، هاوپەیمانییەکەی ماکرۆن 163 کورسی، پارتی بەرەی نیشتمانی 144 کورسی و پارتی کۆماری 67 کورسی بەدەست دێنن. 
 
پەرلەمانی فەرەنسا لە 577 کورسی پێکدێت و پێکهێنانی حکومەت پێویستی بە 289 کورسی هەیە. ئەنجامی هەڵبژاردنەکەش دەریدەخات هیچ پارت و هاوپەیمانییەک بە تەنیا ناتوانێت حکومەت پێکبێنێت. 
 
سبەی دووشەممە گابریێل ئاتال، سەرۆکوەزیرانی فەرەنسا حکومەت پێکدێنێت و ئیمانوێل ماکرۆن چاوی لەوەیە لەگەڵ پارتی کۆماری و بەشێک لە چەپەکاندا حکومەت پێکبێنێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل

دادگەی نێودەوڵەتیی تاوان فەرمانی دەستگیرکردن بۆ نەتەنیاهوو دەردەکات

دادگەی نێودەوڵەتیی تاوان فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ هەریەک لە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، یواڤ گاڵانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل و محەممەد زێف، فەرماندەی سەربازیی حەماس دەردەکات.