سرێدز 65 ملیۆن بەکارهێنەری تێپەڕاند

07-07-2023
تاڵیب حشمەت @Talib_Aldalaui
بەکارهێنەرێک کە رێزبەندیی هەژمارەکەی سەروو 66 ملیۆنە. گرافیک: پەیڕەو سەڵاح
بەکارهێنەرێک کە رێزبەندیی هەژمارەکەی سەروو 66 ملیۆنە. گرافیک: پەیڕەو سەڵاح
نیشانەکردن سرێدز مێتا تویتەر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

دوێنێ کۆمپانیای مێتا تۆڕی کۆمەڵایەتیی سرێدزی راگەیاند، کە هاوشێوەی تویتەرە.  تا دوانیوەڕۆی رۆژی هەینی، ژمارەی بەکارهێنەرانی سرێدز گەیشتووەتە 66 ملیۆن بەکارهێنەر. 
 
ئەگەر کەسێک ئینستاگرامی هەبێت، دەتوانێت بە یەک کلیک هەژماری سرێدس دروست بکات و هەمان ئەو کەسانەش فۆڵۆو بکات کە لە ئینستاگرام فۆڵۆوی کردوون.
 
بۆ بەشێکی خەڵک ئەم هەنگاوە جێگەی سەرنجە و بۆ بەشێکی دیکەش بە پێچەوانەوە.
 
ئۆلیڤیا هامون، بەکارهێنەری سرێدزە و دەڵێت، "هاوشێوەی تویتەرە، ئەو راستیەم خۆشدەوێت کە تویتەر نییە، ئەو خاڵەم زۆر بەلاوە خۆشە، کە راستەوخۆ لە رێگەی ئینستەگرامەوە هەژمار دەکاتەوە. ئەوە هەنگاوێکی ژیرانەیە."
 
ئەنوشە ئەلامیستی، بەکارهێنەری تویتەرە و دەڵێت، "باوەڕناکەم سرێدز داببەزێنم چونکە حەزم لێی نییە و حەزم لە تویتەرە. پێموایە کە ئینستاگرامە و ئەوە دوو شتی جیاوازن، تویتەر لە ئینستاگرام جیاوازە."
 
راگەیاندنی سرێدز تەنیا هەفتەیەک دوای ئەوە بوو کە لە 1ـی تەممووزدا، کۆمپانیای تویتەر رایگەیاند بینینی پۆستی نوێ و ناردنی نامە بۆ بەکارهێنەران سنووردار دەکات.
 
تویتەر بە نزیکەیی مانگانە 350 ملیۆن بەکارهێنەری چالاکی هەیە. ئینستاگرامیش مانگانە زیاتر لە دوو ملیار بەکارهێنەری چالاکی هەیە. ئەگەر 50٪ـی بەکارهێنەرانی ئینستەگرام سرێدز بەکاربهێنن ئەوا زۆر پێش تویتەر دەکەوێت.
 
میک رایت، رۆژنامەڤانی بواری تەکنەلۆجیایە و باس لەوە دەکات، "من راگەیێندراوەکانی ئیلۆن مەسک و تویتەر بە جدی وەرناگرم، کاتێک ئیمەیڵێک بۆ بەشی رۆژنامەڤانی تویتەر دەکەیت لە بەرامبەردا تۆ ئیمۆجی پیساییت بۆ دێتەوە ئەمەش وەکو گاڵتەجاڕییەک وایە. پێموایە تویتەر لەم ماوەیەی دواییدا زۆر خراپ بووە لە کۆنترۆڵکردنی نێوەڕۆکی تویتەکان و وەکو ئەوە وایە تویتەر لەلایەن گاڵتەجاڕێکەوە بەڕێوەببرێت."
 
ئەمە یەکەمینجار نییە کە کۆمپانیای مێتا "بیرۆکەی کۆمپانیاکانی دیکە کۆپی بکات". ساڵی 2016، ئینستاگرام بیرۆکەی ستۆری لە کۆمپانیای سناپچات و ساڵی 2021 بیرۆکەی ریڵسی لە کۆمپانیای تیکتۆک کۆپی کرد. ئەگەر بگەڕێینەوە دەیەک لەمەوبەر، کۆمپانیای فەیسبووک ئاپی مەسنجەری دروستکرد، کە کۆپی واتسئەپ بوو، بەشێکی شارەزایان پێیانوایە، سرێدزیش هاوشێوەی ئەوانی دیکە سەرکەوتوو دەبێت.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە