رووداو- شتوتگارت
ماوەیەكە میدیای ئەڵمانیا گرنگی بە مژارێك دەدەن لە شاری شتوتگارتی ئەڵمانیا، ئەویش یەكگرتنی گەنجانی كوردە لەژێر ناوی SONDA ME .
SONDA ME، یاخود "سوێندی ئێمە" یەكێكە لە گەورەترین كۆمەڵەكانی گەنجانی كورد لە شتوتگارت. لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا چەندینجار ئەندامانی ئەم كۆمەڵەیە و كۆمەڵەكانی دیكە بەگژ یەكداچوون.
بە كۆمەڵ سزا دەدرێن
یەكێك لە رووبەڕووبوونەوەكان لە مانگی كانوونی یەكەمی 2012 روویدا و بووە هۆی ئەوەی كۆمەڵەی "Red Legion" كە SONDA ME وەكو درێژكراوەی ئەو كۆمەڵەیە دادەنرێ، لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی ویلایەتی بادن-ڤویرتمبێرگ بڕیاری قەدەغەكردنی بدرێ.
لەو بەرەنگاربوونەوەیەدا كە لەنێوان گەنجانی كورد و كۆمەڵەی "Black Jackets" لە شارۆچكەی Esslingen روویدا، ئەندامێكی "Black Jackets" كە تەمەنی 22 ساڵ بوو بە چەقۆ كوژرا و 9 كەسی دیكەش برینداركران. دوای ئەو رووداوە 18 كەس بە تۆمەتی كوشتنی ئەو گەنجە، سزای 8 ساڵ و نیو بەندكردنیان بەسەردا سەپێنرا.
سەرۆكی ئەو كاتەی كۆمەڵەی یەكێتی گەنجانی كورد "Red Legion" سزای سێ ساڵ بەندكردنی بۆ دەرچوو، بەڵام لە سەرەتای مانگی شوباتی 2015دا ئازاد كرا. پاش دەرچوونیشی لە زیندان، ئەو گەنجە كە تەمەنی 32 ساڵە و لە ساڵی 1982 لە ئەڵمانیا لەدایكبووە، دەبێ لەو وڵاتە دەربكرێ و رەوانەی توركیا بكرێتەوە.
ئێستا بڕیاری دەركردنی لە ئەڵمانیا و ناردنەوەی بۆ توركیا راگیراوە، بەڵام نزیكەی 100 كەس كە بە ئەندامی "Red Legion" دادەنرێن، هێشتا لە گرتووخانەكانی ئەڵمانیادان.
نیشاندانی بازوو
بەهێزترین و گەورەترین كۆمەڵە كە دژ بە كۆمەڵەی یەكێتی گەنجانی كورد وەستاوەتەوە، كۆمەڵەی "United Tribuns"ـە. ماوەیەكە ئەو دوو كۆمەڵەیە مەیدانخوازی لەگەڵ یەكدی دەكەن و هێزی خۆیان نیشانی یەكدی دەدەن، هاوكات هەڕەشەش لە یەكدی دەكەن.
لەم چەند هەفتەیەی دواییدا ئەندامانی هەردوو كۆمەڵەكە ئێواران دێنە سەر شەقامەكان و لەو چالاكیانەی ئەنجامیاندەدەن هێزی خۆیان نیشانی یەكدی دەدەن، بەردەوامیش ئەو چالاكیانە لەلایەن پۆلیسەوە كۆنترۆڵ دەكرێن و رێگرییان لێدەكرێ. ترسی پۆلیس لەوەیە جارێكی دیكە شەڕی كۆمەڵەی سەر شەقامەكان لە شتوتگارت رووبداتەوە.
پۆلیسی شتوتگارت هۆشداری داوەتە هەردوو كۆمەڵەكە كە قبوڵ ناكەن جارێكی دیكە شەڕ لە نێوانیاندا رووبدات و داوایان لێكردوون خۆیان لە كاری توندوتیژ بەدووربگرن.
ئێلەگی یەكدی دەسووتێنن
سووتاندنی ئێلەگێكی كۆمەڵەی"United Tribuns" كە بە ئەڵمانی بە Kutte ناسراوە، لەلایەن ئەندامێكی "سۆندا مە" و بڵاوكردنەوەی دیمەی سووتاندنی ئێلەگەكە، بووە هۆكاری ئەوەی كە ئەندامانی "United Tribuns" هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوە بكەن. ئەمە لەكاتێكدا كە ئێلەگی ئەو كۆمەڵەیە وەك سیمبولێكی پیرۆز سەیر دەكرێ و سووتاندنی ئێلەگەلە وەك سووكایەتیەكی گەورە بە كۆمەڵەكە حیساب دەكرێ.
كۆمەڵەكانی وەك "United Tribuns"،"Red Legion" ،SONDAME وەكو كۆمەڵە و یەكێتی ماتۆڕسكیلەكانی سەر شەقام هەژمار دەكرێن كە زۆرجار یاسا پێشێل دەكەن، ئەو كۆمەڵانە تۆمەتبار دەكرێن بەوەی كە دەستیان لە كاری نایاسایی وەك فرۆشتنی ماددی هۆشبەر، لەشفرۆشی و سەرانە وەرگرتندا هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ