رووداو دیجیتاڵ
فامیا فرانسیس، هاووڵاتییەکی هیندییە و هاوینی ئەم ساڵ داوای پێشکێشکرد بۆ ئەوەی لە خانەیەکی بەساڵاچووان لە لەندەن کار بکات، بەو هیوایەی بتوانێت هاوژین و سێ منداڵەکەشی پەلکێشی بەریتانیا بکات، بەڵام ئاژانسە گەشتیارییەکان لە هیندستان داوای بڕە پارەیەکی زۆریان لێکردووە.
فامیا فرانسیس، چاودێر لە خانەی بەساڵاچووان دەڵێت، "ئەگەر لە رێگەی ئاژانسەکانەوە بێیت، داوای 10 هەزار پاوەند دەکەن یاخود زیاتر، ئەمساڵ داوای زیاتر دەکەن."
حکومەتی بەریتانیا لە پلانیدایە ئەم هەلپەرست و قۆستنەوەیە نەهێڵێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەیەوێت رێگری لە هاتنی کەسوکاری ئەو خزمەتکارانەش بکات کە لە خانەی بەساڵاچووان کاردەکەن.
لە چوارچێوەی ئەم پلانانە، جەیمس کلیڤەرلی، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا خۆی گەیاندە کیگالیی پایتەختی رواندا بۆ ئەوەی رێککەوتننامەی ناردنی کۆچبەران بۆ ئەو وڵاتە زیندووبکاتەوە کە دادگەی بەریتانیا رایگرتووە.
جەیمس کلیڤەرلی، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا گوتی، "دەبێت دڵنیاشی بکەینەوە کە ئەم خەڵكانەی دێن بۆ بەریتانیا، لە رێگەی سەلامەت و یاساییەوە بێن و ئەوانەی خۆشیان دەدەنە دەست قاچاخچییە چەتەکان، نەتوانن لە بەریتانیا بمێننەوە."
پلانە نوێکەی بەریتانیا پێنج خاڵ لەخۆ دەگرێت؛ دانانی رێوشوێن لەسەر ڤیزای تەندروستی، ڤیزای کرێکاری لێهاتوو، ڤیزای خێزانی، ڤیزای کار و ڤیزای خوێندن.
نۆ مانگی 2023 زیاتر لە 101 هەزار ڤیزا دراونەتە کەسوکاری ئەو خزمەتکارانەی لە خانەی بەساڵاچووان کاردەکەن.
هەموو ئەو رێکارانەی حکومەتی بەریتانیا بۆ ئەوەیە ساڵانە بتوانێت رێگری لە هاتنی 300 هەزار کۆچبەر بکات، لەکاتێکدا تاوەکو حوزەیرانی 2023 زیاتر لە 672 هەزار کۆچبەر چوونە بەریتانیا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ