کیم جۆنگ ئوون داوای منداڵی زیاتر لە ژنانی وڵاتەکەی دەکات

06-12-2023
رێکار عەزیز @Rekar_Azeez
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
کیم جۆنگ ئوون، رێبەری کۆریای باکوور داوا لە ژنانی وڵاتەکەی دەکات منداڵی زیاتریان بێت. داواکەی لە چوارچێوەی هەوڵەکاندایە بۆ بەرەوپێشبردنی ئابووریی وڵاتەکەی.
 
رێبەری کۆریای باکوور لە پێنجەمین "کۆنفرانسی دایکانی نیشتیمان" کە رۆژانی یەکشەممە و دووشەممەی ئەم هەفتەیە لە پیۆنگیانگ بەڕێوەچوو و تێیدا قسەی بۆ ژنانی وڵاتەکەی کرد و گوتی، "پێویستە خێزانەکانمان لە هەوڵدابن دابەزینی ئاستی لەدایکبوون رابگرن. دەبێت پەروەردەیەکی جوان پێشکێش بە منداڵەکانمان بکەین".
 
هەر لەگەڵ دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا ژنان بە چەپڵەڕێزان دەستیان کرد بە گریان و کیمیش خۆی پێ نەگیرا و فرمێسکەکانی زوو زوو دەسڕی.
 
بەگوێرەی ئامارە نافەرمییەکان، لەدایکبوون لە کۆریای باکوور ماوەی 10 ساڵە کەمیکردووە. بەگوێرەی نەتەوەیەکگرتووەکان، رێژەی لەدایکبوون لەو وڵاتە بۆ هەر ژنێک 1.8ـە، لە کاتێکدا لە وڵاتانی دیکەی ناوچەکە کەمترین رێژە بۆ هەر ژنێک 2 منداڵە.
 
کۆریای باکوور بەهۆی گەمارۆکانی رۆژئاواوە ئابوورییەکەی دووچاری ئاستەنگی گەورە بووەتەوە. وڵاتەکە ناچارە پشت بە کرێکاری نێوخۆیی ببەستێت بۆ باشترکردنی ئابووریی وڵاتەکە و بۆ ئەو مەبەستەش پێویستە منداڵبوون بەرزبکاتەوە.
 
 
خێزانە کۆرییەکان لە باکوور خۆیان لە منداڵی زۆر بەدوور دەگرن، ئەوەش لەبەر بێ کاری و برسێتی. لە ساڵی 1990ـەوە هەست بەم دابەزینە دەکرێت.
 
مانگی ئابی ئەم ساڵ پەیمانگەی توێژینەوەی هیوندای کۆریای باشوور بڵاویکردەوە، کەمی ئاستی لەدایکبوون ئاستەنگی لەبەردەم سێکتەری پیشەسازیی باکوور دروستکردووە و ئەوەش بەرپرسانی ئەو وڵاتەی نیگەران کردووە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە