رووداو دیجیتاڵ
ئەگەر سەردانی چین بکەن، لە دووریی 25 کیلۆمەتر لە سەنتەری شاری دونهوانگ لە پارێزگەی گانسوی چین، بە ژمارەیەک ئەشکەوت ئاشنا دەبن کە مێژوویان بۆ 1400 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە.
ئەو ئەشکەوتانە لە سەردەمی فەرمانڕەوایی هان دروستکراون کە لە ژمارەیەک ئیمپراتۆری یەک دوای یەک پێکهاتبوون، 400 ساڵ حوکمیان کرد و ئەم ئەشکەوتانەیان لەسەر رێگەی ئاوریشم دروستکرد.
ئێستا ئەشکەوتەکان بوونەتە شوێنێکی گەشتیاری بۆ گەشتیارانی نێوخۆ و دەرەوەی چین، گەشتیارێکی چینی بە رووداوی گوت،
"بەڵێ، سەرسام بووم بە شێوە و هێڵکاری و هەموو وردەکارییەکانی ئەم پەیکەرانە. بەڕاستی قورسە بێنینە پێش چاومان ئاخۆ خەڵكی جاران چۆن توانیویانە پەیکەرێکی لەم جۆرە دروستبکەن، وەکو ئەوە وایە ئەو خەڵکە تەکنەلۆژیایان لەبەردەستبووبێت."
ئەشکەوتەکانی مۆگاو کە هەزار ئەشکەوتی بووداشی پێدەڵێن، لە 492 ژوور پێکدێن، سەرجەمیان لە قەدی شاخێک داتاشراون. هەر ئەشکەوتێک بە پەیکەر و کاری هونەری دەستی سەرنجڕاکێش بە زێڕ رازێندراوەتەوە، فەرمانڕەواییەکانی هان لەپێناو ئێرە جەنگاون و خوێنیان رشتووە.
ئەو شەڕانەی لەپێناو ئەو ناوچەیەدا کراون، لە سینەماکانی پارێزگەی گانسو رۆژانە پێشانی خەڵك دەدرێن. حکومەتی چین ئەمڕۆ بە باشی ئەشکەوتەکان دەپارێزێت و وەکو گەوهەرێکی نیشتمانی مامەڵەیان لەگەڵ دەکات.
ئەشکەوتەکانی مۆگاو هێندە سەیر و سەرنجڕاکێشن، لە ساڵی 1987 یونسیکۆ بەفەرمی لە لیستی کەلەپووری جیهانی ناساندوونی.
سەفا، گەشتیارێکی فەڵەستینییە و بە رووداوی گوت، "ئەم شوێنە دێرینانە پڕن لە کاری رووحی. ئەو خەڵکانەی پەرستنیان کردووە و پابەندییەکانی خۆیان بەجێهێناوە، بەم شوێنە ئاسوودە بوون. تاشینی ئەم پەیکەرانە ئەوەمان پێشاندەدات کە خەڵکی دێرینی چین چەندە مەزن و بەهێز و خاوەن رووحیەتی گەورەبوون."
تاوەکو 366 ساڵی دوای زایین هیچ چاڵێک لەنێو ئەو شاخەدا نەبووە کە ئەشکەوتەکانی تێدا دروستکراون، بەڵام یەکێک لە حوکمڕانەکانی سەردەمی هان کاتێک بەو بیابانەدا تێپەڕیوە، سوودی لەو تیشكی خۆرە بینیوە کە لەقەدی چیاکەی داوە، بە پیرۆزی زانیوە و فەرمانی بە کرێکارەکانی کردووە ماڵ لەنێو ئەشکەوتەکەدا دروستبکەن.
دواتر ئەو شوێنە بووەتە شوێنی پەرستن و پشوودان.
دوای 1400 ساڵیش لە تەواوبوونیان، ئێستا ئەو ئەشکەوتانە سەرسوڕهێنەرێکی سەردەمن و رۆژانە 6000 کەس، گرووپ بە گرووپ سەردانی دەکەن.
لەنێو ئەشکەوتەکان، مامۆستایەکی شارەزا دەستیان دەگرێت و زانیاریان پێدەدات.
ئەو ئەشکەوتانە لەسەر رێگەی ئاوریشم هەڵکەوتوون کە بەدرێژایی مێژووی چین شوێنی تێپەڕبوونی کاروانە بازرگانی و دەسەڵاتدارەکان بووە لە رۆژهەڵاتی ئاسیاوە بۆ رۆژئاوا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ