رووداو دیجیتاڵ
دوای سێ رۆژ باران و تەرزە، ئەمڕۆ یەکشەممە لافاو لە بەشێکی ئیمارات دروستبوو، شەقامەکان و ناوچە گەشتیارییەکان پڕ بوون لە ئاو، حکومەت داوای لە خەڵک کرد لەو ناوچانە دوور بکەونەوە کە ئاویان تێدا کۆبووەتەوە. هاوکات بایەکی بەهێزیش لە چەند ناوچەیەکی وڵاتەکە هەڵیکردووە.
بارانی بەخوڕ و لافاوەکەی ئیمارات لە کاتێکدایە، لە هەندێ ناوچەی وڵاتەکە پلەی گەرما گەیشتووەتە 50 پلەی سیلیزی.
بارانبارین لە مانگی ئاب لە ئیمارات شتێکی ناسرووشتییە؛ هەربۆیە خەڵک لە وڵاتەکە بە بڵاوکردنەوەی گرتەی ڤیدیۆیی سەرسامی خۆیان لە تۆڕەکۆمەڵاتییەکان دەربڕی.
رەئس خەیمە، عەین، مەلیحە، شارقە و دوبەی لەو شوێنانە بوون زۆرترین بارانیان تێدا باری و لافاو دروستبوو. بەهۆی هەڵکردنی بایەکی بەهێزیشەوە لە دوبەی 85 درەخت لە شەقامە سەرەکییەکان شکانەوە.
شارەوانی دوبەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی [x] بڵاویکردەوە، تیمەکانی فریاگوزاری خراونەتە ئامادەباشییەوە و ئاوەڕۆکان پاککراونەتەوە.
کەشناسی ئیمارات دەڵێت، دەکرێت کەشوهەوای ناجێگیر و بارانبارین لە بەشێکی وڵاتەکە تاوەکو رۆژی سێ شەممە 8ی ئاب بەردەوام بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ