رووداو دیجیتاڵ
تاوەکو ئێستا شەڕی ئیلۆن مەسک و مارک زوکەربێرگ لەنێو قەفەسدا تەنیا قسە بوو، بەڵام دوور نییە ئەو شەڕە ببێتە راستی کاتێک زوکەربێرگ "هەڕەشە" راستەقینەکەی سەر تویتەری ئیلۆن مەسکی راگەیاند.
ئەگەر دەتەوێت بزانی پلاتفۆڕمە نوێیەکەی مارک زوکەربێرگ چۆنە، چاو دابخە و تویتەر بهێنە پێش چاوی خۆت، بەڵام بە تایبەتمەندیی کەمترەوە بۆ ئێستا. خاڵێکی سەرنجڕاکێشیش هەیە، ئەوەی ئەم تۆڕە کۆمەڵایەتییە جیادەکاتەوە و هۆکارێکی زوو بڵاوبوونەوەیەتی، تەنیا بە یەک کلیک دەتوانی هەژماری تایبەت بە خۆت دروست بکەیت.
رۆژی پێنجشەممە، 6ـی تەممووزی 2023، مارک زوکەربێرگ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری مێتا کە خاوەنی فەیسبووک، ئینستاگرام و واتسئەپیشە بەردەستبوونی سۆشیاڵ میدیایەکی نوێ بە ناوی سرێدز Threads راگەیاند کە بە دژبەر و رکابەری تویتەری ئیلۆن مەسک دادەنرێت؛ بەمەش رکابەرێتیی نێوان ئیلۆن مەسک و مارک زوکەربێرگ هێندەی دی قووڵتر دەبێتەوە.
کاژێر 2:00ی بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە، 6ـی تەمموز [بەکاتی هەولێر] سرێدز لە 100 وڵاتی جیهان بەردەست بوو و لەم کاتەدا بەبێ کووکیس و رێکلام بەردەستە، هاوکات، لە ئەوروپا بەردەستبوونی تۆڕەکە لەبەر هۆکاری ئاسایشی داتا دواخرا.
ئەپلیکەیشنەکە بە ناوی Threads, an Instagram app بڵاوکراوەتەوە، کە هەر وەکو ناوەکەی پێشنیازی دەکات، ئەپلیکەیشنێکی پەیوەستە بە ئینستاگرامەوە و هەر کەسێک ئینستاگرامی هەبێت، دەتوانێت بە تەنیا داگرتنی یەک کلیک هەژمارێک لە سرێدز بکاتەوە.
سرێدز، بە گەورەترین رکابەری تویتەر دادەنرێت؛ پێشتر رکابەری زۆری بۆ پەیدا بووە، بەڵام تویتەر هەر لە ریزی یەکەمی کاتاگۆرییەکەیدا ماوەتەوە.
دروشمی سەرەکیی Threads بریتییە لە “Say More” واتە "زیاتر بڵێ" و دەتوانیت لە یەک سرێد دا 500 پیت بنووسیت، لەکاتێکدا لە تویتێکدا تەنیا مافی نووسینی 280 پیتت هەیە بۆ ئەوانەی هەژمارەکانیان پشتڕاستنەکراوەتەوە.
زوکەربێرگ لەدوای راگەیاندنی ئەپلیکەیشنەکە، رایگەیاند، "10 ملیۆن کەس لە ماوەی تەنیا حەوت کاژێردا هەژماریان کردووەتەوە." ئێستا کە 12 کاژێر زیاتر تێپەڕیوە، بەکارهێنەرانی بووەتە دەیان ملیۆن. ئامانجی مارک زوکەربێرگیش بۆ ئێستا وەکو خۆی رایگەیاندووە، یەک ملیار بەکارهێنەرە.
لەدوای بڵاوبوونەوەی تۆڕە نوێیەکە کە هاوشێوەی تویتەرە و دەتوانی وێنە، نووسین و ڤیدیۆی تێدا بڵاوبکەیتەوە، هەر زوو کەسە بەنێوبانگەکانی سۆشیاڵ میدیا هەژماریان کردەوە و چوونە سەر پلاتفۆرمە نوێیەکە؛ شاکیرا، گۆرانیبێژی کۆڵۆمبی و هیو جاکمان، ئەکتەری ئوسترالی و لە پێگە رۆژنامەڤانییەکانیش، هەریەکە لە واشنتن پۆستی ئەمریکی و زە ئیکۆنۆمیستی بەریتانی هەژماریان دانا. تۆڕی میدیایی رووداویش لە یەکەم کاژێرەکاندا هەژماری کردەوە و خوێنەرانیش دەتوانن لەوێشەوە لەگەڵ رووداو لە پەیوەندیی بەردەوامدا بن.
هەریەکە لە ئیلۆن مەسک و مارک زوکەربێرگ پێشینەیەکی درێژیان لە رکابەرێتی هەیە؛ دوایین جار ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە رکابەرێتییەکەیان بگوازنەوە نێو قەفەسێک و بە زۆرانبازی ئەو بەربەرەکانێیە یەکلایی بکەنەوە.
زوکەربێرگ لەسەر پلاتفۆرمە نوێیەکەی نووسی، "هەندێ کات وەردەگرم، بەڵام پێموایە پێویستە ئەپلیکەیشنێکی گفتوگۆی گشتی هەبێت کە سەروو یەک ملیۆن کەسی لەسەر بێت. تویتەر چانسی هەبووە ئەوە بکات، بەڵام نەیپێکاوە. ئومێدەوارم ئێمە بتوانین."
بەگوێرەی داتاکانی تویتەر، رۆژانە زیاتر لە 280 ملیۆن بەکارهێنەر سەردانی پلاتفۆرمەکە دەکەن.
سرێدز کاتێک دامەزراوە، بە ئینستاگرامەوە بەستراوەتەوە، بەوەش دوو ملیار کەس چانسی ئەوەیان دەبێت بە یەک کلیک هەنگاو بنێنە سەر ستەیجە نوێیەکەی زوکەربێرگەوە.
ئادەم مۆسێری، بەڕێوەبەری ئینستاگرام بە بەکارهێنەرانی راگەیاند کە مەبەست لە سرێدز ئەوەیە "پلاتفۆرمێکی کراوە و هاوڕێیانە بۆ گفتوگۆ بکاتەوە." مۆسێری گوتی، باشترین شت بتوانیت لەسەر پلاتفۆرمەکە بیکەیت ئەوەیە "کەسێکی بەبەزەیی بیت."
زوکەربێرگ بە شێوەیەکی بەرفراوان وادەبینرێت کە سوود لە خاوەندارێتی "پڕ لە سەرگێژی"ـی مەسک لە تویتەر وەردەگرێت بۆ بڵاوکردنەوەی بەرهەمە نوێیەکەی، مێتا هیوادارە ببێتە سەکۆی چوونە لای کەسایەتییە نێودارەکان، کۆمپانیاکان و سیاسەتڤانان.
برایان ڤیزەر، شرۆڤەکاری دارایی ستراتیژی دەڵێت: "ئەمە ئەوەندە سادەیە: ئەگەر بەکارهێنەرێکی ئینستاگرام کە ژمارەیەکی زۆری فۆڵۆوەرەکانی وەک کارداشیان یان بیبەر یان مێسییەک دەست بکات بە پۆستکردن لە Threads بە بەردەوامی، ئەوا پلاتفۆرمە نوێیەکە دەتوانێت بە خێرایی گەشە بکات."
یاسمین ئینگبێرگ شرۆڤەکار لە کۆمپانیای ئینسایدەر ئینتیلێجنس باس لەوە دەکات، سرێدز لە چوار بەکارهێنەری مانگانەی ئینستاگرام تەنیا پێویستی بە یەک بەکارهێنەرە "بۆ ئەوەی وەک تویتەر گەورە بێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ