لە لیتوانیا ئۆتۆمبێلی دلیڤەریی بێ شۆفێر تاقیدەکرێتەوە

06-07-2023
تاڵیب حشمەت @Talib_Aldalaui
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە شاری ڤیڵۆنۆیسی لیتوانیا ئۆتۆمبێلی دلیڤەریی بێ شۆفێر تاقیدەکرێتەوە؛ دوای گەیاندنی کەلوپەل لەڕێگەی کۆدێکی تایبەتەوە سندووقی ئۆتۆمبێلەکە دەکرێتەوە.
 
تادۆس نۆرۆسەیتس، بەڕێوەبەری کۆمپانیای "لاستمایڵ" رایگەیاند، "ئۆتۆمبێلەکە بە تەواوی سەربەخۆیە، بۆ لایەنی ئەمنی ئێمە کەسێکمان لە ئۆفیس داناوە کە سوکان، پایدەر و سکرینی لەبەردەستە و لە دۆخی لەناکاودا ئۆتۆمبێلەکە کۆنترۆڵ دەکات."
 
خێرایی ئۆتۆمبێلەکە دەگاتە 25 کیلۆمەتر لە کاژێرێک و بە پشتبەستن بە کامێرا و رادار دەڕوات بەڕێوە.
 
ئۆتۆمبێلەکە لەلایەن کۆمپانیای "لاستمایڵ"ی لیتوانی و "کلیڤۆن"ی ئیستۆنییەوە بەرهەمهێندراوە. بەڕێوەبەری کۆمپانیای "لاستمایڵ" دەڵێت، "دەمانەوێت لە هەموو قەرەباڵخییەکدا تاقیبکەینەوە. بیرۆکەکە ئەوەیە ئەم ئۆتۆمبێلانە بخەینە نێوەڕاستی شار و ببینین کە پرۆسەکە چۆن دەڕوات."
 
ماوەی سێ مانگە ئۆتۆمبێلە بێ شۆفێرەکە تاقیدەکرێتەوە و 2000 کیلۆمەتری بە سەلامەتی بڕیوە. لەلایەن هاووڵاتییانەوە لە کۆی 5 نمرە، 4.8یان پێداوە. لە یەک دەرچووندا، دەتوانێت کەرەستە بۆ حەوت کەس بگەیێنێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە