مەسرور بارزانی بانگهێشتی رووسیا دەکرێت

06-02-2025
سیروان عەباس
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

نوێنەری تایبەتیی سەرۆکی رووسیا، بە فەرمی بانگهێشتی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ مۆسکۆ.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی رووسیی کرد بە سەرۆکایەتیی میخائیل بەگدانۆڤ، نوێنەری تایبەتی سەرۆکی رووسیا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئەفریقا و جێگری وەزیری دەرەوە.
 
بە گوێرەی راگەیێندراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە دیدارەکەدا بیروڕا لەبارەی دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی عێراق و ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و رووسیا ئاڵوگۆڕ کرا.  
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، نوێنەری تایبەتیی سەرۆکی رووسیا و جێگری وەزیری دەرەوە، ئاماژەی بە پێگەی گرنگیی هەرێمی کوردستان و پەیوەندیی دۆستانە و لەمێژینەی وڵاتەکەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان کرد و جەختی لە گرنگیی بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان کردەوە.  
 
نوێنەری تایبەتیی سەرۆکی رووسیا، بە فەرمی بانگهێشتی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ مۆسکۆ.
 
مەسرور بارزانی، خواستی هەرێمی کوردستانی بۆ برەودان بە پەیوەندیی دوولایەنە دووپات کردەوە. 
 
لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا، جەخت لە گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ کرا، لەم رووەوە هەموارکردنی یاسای بودجەی فیدراڵ و رێککەوتن لەسەر هەناردکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بە هەنگاوێکی ئەرێنی لە قەڵەمدرا.  
 
بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان تایبەت بوو بە دوایین گۆڕانکارییەکانی بارودۆخی سووریا. هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستی پاراستنی ئاسایشی و ئارامیی و مافەکانی گەلی کورد و گشت پێکهاتەکانی سووریا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە