ئەنجوومەنی ئاسایش داوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان "لە زووترین کاتدا" دەکات

06-02-2024
دڵزار زوبێر @DilzarZubair
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کە تایبەت بوو بە تاوتوێ کردنی دۆخی عێراق و هەرێمی کوردستان؛ نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانی دیکەش جەختیان لەوە کردەوە کە دەبێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان "لە زووترین کاتدا" و "بەبێ دواکەوتن" ئەنجامبدرێت.
 
رۆژی سێشەممە، 6ـی شوباتی 2024، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەبارەی عێراق کۆبووەوە و جێنین هێنیس پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق گوتارێکی پێشکێشکرد و نیگەرانیی خۆی لە دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانیی هەرێمی کوردستان دەربڕی. 
 
نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق گوتی: "بە نیگەرانییەوە دەڵێم کە جارێکی دیکە هەڵبژاردنی [هەرێمی کورستان] دواخراوە؛ بڕیاربوو 25ـی شوبات بکرێت، بەڵام دیسان دواخراوە. ئەمە یارمەتیدەر نییە بۆ هەرێمی کوردستان و سەقامگیریی عێراق." 

 

 

 
رۆبەرت وود، نوێنەری ئەمریکا لە ئەنجوومەنی ئاسایش لەوبارەیەوە رایگەیاند، "هانی یونامی دەدەین بۆ ئەوەی لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەکاری بکات بۆ ئەوەی پاڵپشتیی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانیی هەرێمی کوردستان بکات لە بەهاری ئەم ساڵدا بەبێ دواکەوتنی زیاتر."  
 
 
لای خۆیەوە، ناتالی ئێستیڤال، نوێنەری فەرەنسا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستانەوە گوتی: "هیوادارین هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی عێراق بە زووترین کات ئەنجامبدرێت."
 
 
ناتالی ئێستیڤال گوتیشی کە فەرەنسا وابەستەی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستانە. هاوکات، هێرشەکانی سەر هەولێر و هەرێمی کوردستان بە گشتیی سەرکۆنە کرد و گوتی: "پێویستە ئەم هێرشانە بوەستێندرێن." 
 
پاسکال بێریستویل، نوێنەری سویسڕا لە ئەنجوومەنی ئاسایش ئاماژەی بەوەشدا، "هیوادارین هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی خێرا بکرێن. سویسڕا هیوادارە هەولێر و بەغدا دانوستاندنەکانیان چڕبکەنەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوانیان." 
 
وڵاتانی دیکەی بەشدار لە کۆبوونەوەکەدا هەمان داوایان دووپات کردەوە و هیوایان خواست هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردتسان لە زووترین کاتدا بەڕێوەبچێت. 
 
ئەوە لەکاتێکدایە، بڕیار بوو 25ـی شوباتی 2024 هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆی ناکۆکیی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەک و سکاڵایەک کە لە دادگەی باڵای فیدراڵی لەبارەی یاسای هەڵبژاردنەوە تۆمارکراوە و یەکلانەبووەتەوە لەلایەکی دیکەوە؛ هەڵبژاردنەکە دواخراوە.
 
رۆژی سێشەممە، 16-01-2024، شاندێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندێکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە سەرۆکایەتیی دادوەر عومەر ئەحمەد محەممەد، سەرۆکی کۆمیسیۆن، کۆبووەوە. کۆبوونەوەکە بۆ گفتوگۆکردن بوو لەبارەی دیاریکردنی وادەیەکی گونجاو بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان.
 
لەبارەی دواکەوتنی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستانەوە، دڵشاد شەهاب گوتی، "25ـی شوبات بەڕێککەوتن و گفتوگۆ لەگەڵ کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژارنەکان و لایەنە سیاسییەکان دیاریکرا، بەڵام لەبەر هەندێک هۆکار کە لە دەرەوەی دەسەڵاتی ئێمە و کۆمیسیۆن بوو، ناتوانن لەو وادەیە هەڵبژاردن بکەن، بۆیە کۆمیسیۆن بە نووسراوێکی فەرمی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانی ئاگادارکردەوە کە ناتوانن لەو کاتە هەڵبژاردن بکەن."
 
 

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە