دانیمارک 6 ساڵە شەفافترین وڵاتە؛ وڵاتانی ناوچەکە لە گەندەڵترینەکانی جیهانن

06-02-2024
عەلی زەڵمی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
رێکخراوی شەفافییەتی نێودەوڵەتی راپۆرتی تایبەت بە شەفافییەت و گەندەڵی وڵاتانی بۆ ساڵی 2023 بڵاوکردەوە و تێیدا دەردەکەوێت، 8 وڵاتی ئەوروپی لە ریزبەندی 10 شەفافترین وڵاتانی جیهاندان و کیشوەرەکانی ئاسیا و ئەفریقاش بەشێک لە گەندەڵترین وڵاتەکانیان تێدایە. 
 
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، زۆرینەی وڵاتان پێشکەوتنێکی ئەوتۆیان لە رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە کەرتی گشتییدا بەدەستنەهێناوە و تەنانەت جیهان لە هەبوونی سیستمێکی کارای دادوەریشدا لە پاشەکشەدایە. 
 
شەفافییەتی نێودەوڵەتی باس لەوە دەکات، بەشێک لە "رژێمە تاکڕەوەکان و سەرکردە دیموکراسییەکان سیستمی دادوەرییان لە وڵاتەکاندا لاواز کردووە و ئەوەش بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی گەندەڵکاران کەمتر رووبەڕووی لێپێچینەوە ببنەوە و تەنانەت هەندێکجاریش نەبوونی هیچ سزایەک بۆ خراپەکاران وایکردووە گەندەڵکاران هانبدرێن (بۆ ئەوەی گەندەڵی زیاتر بکەن)".
 
فرانسوا ڤالێریان، سەرۆکی رێکخراوی شەفافییەتی نێودەوڵەتی دەڵێت، ئەگەر سیستمە دادوەرییەکان، گەندەڵکاران سزا نەدەن و لێکۆڵینەوە بۆ کارەکانی حکومەت نەکەن، "گەندەڵی لە گەشەکردندا دەبێت. کاتێک بە پارە کێشەی تایبەت بە گەندەڵی چارەسەر دەکرێت یان دەستوەردانی سیاسی دەکرێت، ئەوە خەڵکن کە رووبەڕووی مەینەت دەبنەوە. پێویستە سەرکردەکان وەبەرهێنانی تەواو لە دامەزراوەکانی تایبەت بە سەربەخۆیی یاسادا بکەن، گەرەنتی لە سەربەخۆییاندا بکەن و رووبەڕووی گەندەڵی ببنەوە. کاتی ئەوە هاتووە گەندەڵکاران بێ لێپچینەوە رزگاریان نەبێت". 
 
شەفافییەتی نێودەوڵەتی ریزبەندی بۆ 180 وڵات و هەرێم لەسەر بنچینەی شەفافبوون کردووە. نمرەکە لەسەر 100ـە و ئەو وڵاتانەی نمرەی بەرزیان هێناوە شەفافترینن و ئەوانەی کەمیان هێناوە گەندەڵترینەکانن. 
 
وڵاتانی ئەوروپا لە شەفافییەتدا پێشەنگن 
 
دانیمارک بە بەدەستهێنانی 90 نمرە بە شەفافترین وڵات دادەندرێت. شەش ساڵە ئەو وڵاتە ئەوروپییە ریزبەندی یەکەمی شەفافترین وڵاتانی لەو لیستەدا گرتووە. فینلاند لە ریزبەندی دووەم وڵاتی شەفافترین وڵاتی جیهاندایە بە بەدەستهێنانی 87 نمرە. 
 
نیوزیلاند کە وڵاتێکی سەر کەناری زەریای هێمنە و لە زیاتر لە 700 دوورگە پێکدێت، لە پلەی سێیەمدا دێت و 85 نمرەی بۆ دانراوە. نەرویجیش کە وڵاتێکی دیکەی ئەوروپییە بە بەدەستهێنانی 84 نمرە لە ریزبەندی چوارەم دێت. هەرچی پێنجەمین پلەیە بۆ سەنگاپوور دانراوە کە وڵاتێکی بچووکی کیشوەری ئاسیایە و 83ی بۆ دانراوە. 
 
سوێد و سویسرا کە هەردووکیان وڵاتانی ئەوروپان لە ریزبەندی 6ـەم دێن و 82یان بۆ دانراوە؛ دوای ئەوانیش هۆڵەندا بە بەدەستهێنانی 79، ئەڵمانیا و لۆکسەمبۆرگیش بە بەدەستهێنانی 78 نمرە دێن. 
 
گەندەڵترین وڵاتەکان کامانەن؟ 
 
بە گوێرەی رێکخراوەکە، سۆماڵ گەندەڵترین وڵاتە لە جیهاندا و لە 100 نمرە تەنیا 11ـی بۆ دانراوە. دوای ئەویش ڤەنزوێلا لە ئەمریکای باشوور، سووریا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باشووری سوودان لە کیشوەری ئەفریقا دێن کە تەنیا 13یان بۆ دانراوە؛ یەمەن کە وڵاتێکی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستە 16ـی بۆ دانراوە؛ هەر سێ وڵاتی کۆریای باکوور لە ئاسیا، نیکاراگوا لە ئەمریکای نێوەڕاست، هایتی لە ناوچەی کاریبیان 17یان بۆ دانراوە. 
 
ئەوەی کە پەیوەندی بە ژمارەیەک لە وڵاتانی ناوچەکەوە هەیە، عێراق تەنیا 23 نمرەی بۆ دانراوە و لە لیستەکەدا ریزبەندی 154ـەمین وڵاتی گرتووە؛ ئێران 24ـی بۆ دانراوە و لە ریزبەندی 149یەمیندایە؛ تورکیا 34ـی بۆ دانراوە و لە ریزبەندی 115یەمین وڵاتدایە؛ کوێت 46ـی بەدەستهێناوە و لە ریزبەندی 63یەمیندایە؛ سعودیە 52ـی بۆ دانراوە و 53یەمین وڵاتە؛ قەتەر 58ـی بۆ دانراوە و 40ـەمین وڵاتە؛ ئیسرائیل 62ـی بۆ دانراوە و 33یەمین وڵاتە؛ ئیمارات 68ـی بۆ دانراوە و 26ـەمین وڵاتە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل

دادگەی نێودەوڵەتیی تاوان فەرمانی دەستگیرکردن بۆ نەتەنیاهوو دەردەکات

دادگەی نێودەوڵەتیی تاوان فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ هەریەک لە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، یواڤ گاڵانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل و محەممەد زێف، فەرماندەی سەربازیی حەماس دەردەکات.