گالەری

رووداو دیجیتاڵ

سووتانی دارستانەکانی بەزەیی لە شاری ڤینیا دێل مار لە چیلی، دزەی کردە نێو ماڵ و موڵکی خەڵک، تائێستا لانیکەم 122 کەس گیانیان لەدەستداوە و سەتانی دیکە بێسەروشوێنن.
 
دیمەنەکان یەکێک لە کارەساتە سرووشتییە تراژیدییەکانی سەدەی 21ـەمینن لە چیلی.
 
گابریێل لیڤا، هاووڵاتی چیلی دەڵێ "ماڵی باوکم و ماڵی خوشکەکەم سووتاون. دراوسێکانمان مردن، ئەو خەڵکانەی شایەتی پێگەیشتنی من بوون، ئەو خەڵکانەی کاتم لەگەڵدا بەسەردەبردن، مردن."
 
چەند رۆژێکە، دارستانە کەناراوییەکانی باکووری رۆژئاوای سانتیاگۆ لە چیلی گڕیان گرتووە و، ناوەڕاستی هەفتە کەمێک دامرکاوە.
 
خەڵک سەرقاڵی دەستپێکردنەوەی ژیانێکی نوێن و ماڵەکانیان لە خۆڵەمێش پاکدەکەنەوە.
 
بەڵام ئەو کارەساتە، نزیکەی 3000 هەزار ماڵ بەتەواوی سووتاند. 
 
ئامینتا گوێرا، هاووڵاتیێکی دیکەی چیلی دەڵێ "حەزدەکەم لێرە بمێنمەوە، بەڵام ناتوانم و دەبێ جێی بهێڵم، چونکە خۆم لە بوومەلەرزە و ئاگر تۆقیوم."
 
لەدوای بوومەلەرزەکەی ساڵی 2010 لە چیلی کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی 400 کەس و، ئاوارەبوونی 1.5 ملیۆن کەس، ئەمە بە گەورەترین رووداوی سرووشتی دادەندرێت لەو وڵاتەدا.
 
ئاگرەکە لە کاتێکدا کەوتەوە کە خەڵکێکی زۆر لە پلەی گەرمی 40ـی سیلیزی و لە پشووی هاویندا روویان لە شارە کەناراوییە 330 هەزار کەسییەکە کردبوو. 
 

وێنەکان: AFP