رووداو - AFP
بە دەیان هەزار كەس لە خەڵكی كۆریای باكوور بۆ پاڵپشتیكردن لەو قسانەی كە كیم جۆنگ ئون سەرۆكی كۆریای باكوور لە سەری ساڵی تازە كردی گردبوونەوەیەكی گەورەیان رێكخست.
كیم جۆنگ ئون، سەرۆكی كۆریای باكوور لە سەری ساڵی تازەدا رایگەیاند كە بە تەواوی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ كۆریای باشوور ئاسایی دەكەنەوە و لەساڵی ٢٠١٥ دەست بە دانوستان دەكەن بۆ ئەوەی كە پەیوەندی نێوان هەردوو كۆریا باشتر ببێتەوە و كۆریایەكی یەكگرتوو پێكبهێنن.
ئون رایگەیاند كە هەموو هەوڵی خۆیان دەدەن بۆ ئەوەی ئەو بنەماڵانەی كە لە ئەنجامی دابەشبوونی كۆریاوە لە یەكدی جودابوونەتەوە دووبارە یەكبگرنەوە. خەڵكی كۆریای باكووریش بەمەبەستی پاڵپشتیكردن لە قسەكانی سەرۆكی وڵاتەكەیان بە دەیان هەزار كەس لەو وڵاتە كۆبوونەوە و پاڵپشتییان لە قسەكانی كیم جۆنگ ئون كرد.
هەفتەی رابردوو كۆمەڵێك لە بەرپرسانی باڵای كۆریای باكوور و كۆریای باشوور كۆبوونەوە و راستەوخۆ دوای قسەكانی كیم جۆنگ ئون دەستیان كردووە بە دانوستانەكان و هەموو هەوڵی خۆیان دەدەن بۆ پێكهێنانی كۆریایەكی یەكگرتوو.
كۆریا لە جەنگی ساڵانی پەنجاكان دابەش بوو بۆ هەردوو كۆریای باكوور و كۆریای باشوور ، لەو كاتەوە تا ئێستا خەڵكی هەردوو كۆریا بە هیچ شێوەیەك پەیوەندییان بە یەكەوە نەكردووە و تەنانەت هەندێك بنەماڵە هەن كە تا ئێستا یەكتریان نەبینیوەتەوە و هیواخوازن ئەم هەنگاوەی سەرۆكی كۆریای باكوور بە یەكیان بگەیەنێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ