گالەری

 
 
رووداو دیجیتاڵ
 
دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی واشنتنی تۆڕی میدیایی رووداو وەکو یەکێک لە نایابترین پەیامنێرانی بیانی لە ئەمریکا خەڵات کرا.
 
خەڵاتەکەی لەسەر بنەمای چالاکی و لێهاتووییە وەکو یەکێک لە نایابترین پەیامنێرانی ساڵی 2024. دیار کوردە دوای وەرگرتنی خەڵاتەکەی، چیرۆکی شەهیدبوونی شیفا گەردیی بۆ ئامادەبووانی هۆڵەکە گێڕایەوە و گوتی: "لە ساڵانی رابردوو، ئێمە بەیەکەوە لە نیوزڕوومی رووداو باسی پلانی شەڕی داعشمان دەکرد بۆ ئەوەی شیفا بچێت چیرۆکەکانی موسڵ رووماڵ بکات، بەڵام بە بۆمبێکی داعش شەهید کرا، من هەرگیز ئەوە لەیاد ناکەم".
 
لەگەڵ دیار کوردە، 7 پەیامنێر و رۆژنامەڤانی دیکە لە تەلەڤیزیۆنی CNBC، فۆکس نیوز، رۆژنامەی نیویۆرک تایمز، ئەکسیۆس، ZDFـی ئەڵمانی، گرووپی تەلەڤیزیۆنەکانی ئینتەرڤیژن، گۆڤاری بارۆنس، لەلایەن AFPC-USAـەوە خەڵات کران.
 
دیار کوردە لەبارەی دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست قسەی کرد، باسی لەوە کرد، "کارکردن لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئاسان نییە، چونکە بەردەوام هەڕەشەت لەسەرە و دەبێت ژیانی خۆت بخەیتە مەترسییەوە، هەندێکجار کەسانی نزیکت لەدەست دەدەیت تەنیا لەبەرئەوەی رۆژنامەڤانی".
 
ساڵانی پێشتریش چەندین رۆژنامەڤانی نێوداری نێودەوڵەتیی ئەمریکا و وڵاتانی دیکە کە لە ئەمریکا کار دەکەن، ئەو خەڵاتەیان وەرگرتووە. هەروەها چەندین کەسایەتی کە رۆڵیان هەبووە لە هاوکاریکردن و پاراستنی رۆژنامەڤانە بیانییەکان لە باکووری ئەمریکا لەلایەن ئەو کۆمەڵەیەوە خەڵاتکراون، لەوانەش:
 
- جەستن ترودۆ، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا.
- لیندا تۆماس گرینفیڵ، باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان.
- ئانتۆنی فاوچی، راوێژکاری پێشووی سەرۆکی ئەمریکا
- جودی جیسنبێرگ، سەرۆکی دەستەی جێبەجێکاری کۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەڤانان CPJ خەڵات دەکرێت.