رووداو دیجیتاڵ
لە هەرێمی باڤاریا نزیکەی 30 بۆ 45 سانتیمەتر بەفرباریوە، ئاستەنگی هاتووچۆی دروست کردووە و لە ئەڵمانیاش هەفتەی رابردوو تەنیا لە یەک فڕۆکەخانە بەهۆی بەفربارینەوە 760 گەشتی ئاسمانی هەڵوەشاوەیەوە.
بەپێی زانیارییەکان لە ساڵی 1933ـەوە بەفری لەو شێوەیە نەباریوە، رۆژی یەکشەممە 03-12-2023، ئەڵمانیا دەستیکردەوە بە گەشتە فڕۆکەوانییەکان دوای ئەوەی تەنیا لە فڕۆکەخانەی میونشن 760 گەشت هەڵوەشایەوە، شارەوانییەکان بەردەوامن لە راماڵینی بەفر.
خەڵکی باڤاریا شانبەشانی تیمەکانی شارەوانی شەقام و کۆڵانەکان لە بەفر پاکدەکەنەوە تاوەکو بتوانن هاتووچۆ بکەن، لە هامبۆرگی ئەڵمانیا رۆژی دووشەممە. پلەی گەرما بۆ 2 ژێر سفری سیلیزی دابەزی سەرباری ئەوە بەراورد بە شوێنەکانی دیکە ئاستەنگەکانی هاتووچۆ کەمتر بوون.
یەکێک لە دانیشتووەکانی شاری هامبۆرگ دەڵێت، "حەزم بە بەفرە. چینێکی ئەستوور باریوە و نەیبەستووە. رێک کەشوهەوای زستان و کریسمسە."
بەفربارین رەنگە بۆ هەندێ کەس لە ئەوروپا نیگەرانی بێت بەڵام بەشێک لە خەڵکیش روویان لە بەرزاییەکان کرد بۆ یاری خلیسکانێی سەر بەفر.
هاووڵاتییەکی دیکەی ئەڵمانیا باس لەوە دەکات، "[کەشوهەوا] ساردە و تۆزێکیش بایە، بەڵام خۆشە. بەفری زۆر باریوە. هەموو شتێک سپی بووە. نایابە."
بەفر پۆڵەندا، نەمسا، سویسرا، چیک و چەندین وڵاتی دیکەی لە ئەوروپا سپیپۆش کرد. تەنانەت لە هەندێک ناوچەی پۆڵەندا، بۆ نموونە لەگوندەی سنیزکا 80 سەنتیمەتر بەفر باریوە. ئۆتۆمبێلەکانی راماڵینی بەفر شەو و رۆژ کاردەکەن. خەڵکیش لە پشووی ئەم هەفتەیە کاتێکی تایبەتیان لە یاریکردن لەنێو بەفردا بەسەربرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ