رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی هامبۆرگ دەڵێت رووداوی "بەبارمتەگرتنەکە" لە فڕۆکەخانەی هامبۆرگ کۆتایی هاتووە و ئەو کەسەی سیکیوریتیی فڕۆکەخانەکەی بڕیبوو دەستگیرکرا. ئەوەش 18 کاژێر دوای ئەوە دێت کە کەسێک بە چەکەوە چووە نێو فڕۆکەخانەکەوە.
بەگوێرەی پۆلیسی هامبۆرگ، دوێنێ شەو ئەو کەسە بە چەکەوە، بە ئۆتۆمبێلەکەی کە کچە چوار ساڵانەکەشی تێدا بوو، سیکیوریتیی فڕۆکەخانەکەی بڕیوە و دواتر ئۆتۆمبێلەکەی لەژێر فڕۆکەیەکدا راگرتووە.
ئەو کەسە کاژێر 20:00ی دوێنێ شەممە بە کاتی هامبۆرگ [22:00 بە کاتی هەولێر] هێرشی کردە سەر فڕۆکەخانەکە و ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە خۆی بەدەستەوە دا.
پۆلیس دەڵێت، دوای ئەوەی سیکیوریتیی فڕۆکەخانەکەی بڕیوە، ئۆتۆمبێلەکەی لەژێر فڕۆکەخانەیەکی تورکیش ئێرلایندا راگرتووە. دوای ئەوە، "دوو جار تەقەی بە ئاسماندا کردووە و مۆڵۆتۆڤی فڕێداوە، بەڵام نازاندرێت تەقەمەنیی دیکەی پێبووە یان نا."
پۆلیس پێیوایە رووداوەکە پەیوەندیی بە کەیسێکی دادگەوە هەیە. دایکی منداڵە چوار ساڵانەکە دەزگا ئەمنییەکانی لە رووداوی "رفاندنی" کچەکەی ئاگادارکردووەتەوە.
ساندرا لێڤگرون، گوتەبێژی پۆلیسی هامبۆرگ دەڵێت، پیاوەکە ناڕەزایی بەرامبەر بە چەند بڕیارێک کە لە دادگە دەرکراون، دەربڕیوە و ویستوویەتی لەگەڵ کچەکەی بچێتە تورکیا.
میدیای ئەڵمانیا دەڵێت، پۆلیس لەڕێگەی وەرگێڕێکەوە بە زمانی تورکی قسەی لەگەڵ پیاوەکە کردووە، بەڵام روون نییە پیاوەکە چ پەیوەندییەکی بە تورکیاوە هەبووە.
ئێوارەی رۆژی شەممە، 4-11-2023 زنار شینۆ، پەیامنێری رووداو لە ئەڵمانیا گوتی، "کەسێک بە چەکەوە چووەتە نێو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هامبۆرگ و رووەو ئاسمان تەقەی کردووە و بەهۆیەوە ئیدارەی فڕۆکەخانەکە گەشتەکانی راگرت".
زنار شینۆ دەڵێت: "تەقەکەرەکە کێشەی لەگەڵ هاوژینەکەیدا هەبووە و لەکاتێکدا چووەتە نێو فڕۆکەخانەکە، کە هاوژین و دوو منداڵەکانی ویستوویانە گەشت بکەن".
بە گوتەی پەیامنێری رووداو، ئەو پیاوە، ویستوویەتی منداڵەکانی لە هاوژینەکەی وەربگرێتەوە
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ