جۆن کێری: لە ساڵی داهاتووەوە ساڵانە 100 ملیار دۆلار بۆ گۆڕانی کەشوهەوا تەرخاندەکرێت

05-11-2021
لهۆن نەسرەدین
نیشانەکردن گۆڕانی کەشوهەوا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ
 
نێردەی ئەمریکا بۆ کاروباری گۆڕانی کەشوهەوا رایگەیاند ئەو بڕە پارەیەی، کە بڕیار بوو لە 2023 بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا لە وڵاتە تازەپێگەیشتووەکاندا تەرخانبکرێت، بەر لە یەک ساڵ لە وادەی خۆی دابیندەکرێت.
 
جۆن کێری، نێردەی ئەمریکا بۆ کاروباری گۆڕانی کەشوهەوا. رایگەیاند، لە 26مین کۆنفڕانسی گۆڕانی کەشوهەوا لە گلاسکۆ وڵاتە دەوڵەمەندەکان بەڵێنیاندا لە ساڵی 2023وە ساڵانە بڕی 100 ملیار دۆلار بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا لە وڵاتە تازە پێگەیشتووەکان تەرخان بکەن، بەڵام ئێستا ئەو بەڵێنە یەک ساڵ پێشخراوە و لە 2022وە دابیندەکرێت.
 
لەمیانی بەردەوامبوونی کۆبوونەوەکانی 26مین کۆنفڕانسی گۆڕانی کەشوهەوا کە لە گلاسکۆی سکۆتلاندی بەریتانیا بەڕێوەدەچن، جۆن کێری رایگەیاند: "لە هەموو جیهاندا 20 وڵات هەن، کە بەرپرسن لە دەردانی 80٪ی کۆی گازە ژەهراوییەکان و وڵاتە هەژار و تازەپێگەیشتووەکان مافی خۆیانە لەو بارودۆخە تووڕە بن.
 
کێری ئاماژەی بەوەدا هیچ وڵاتێك نییە هێندە پارەی هەبێت بتوانێت بە تەنیا ئابووریی جیهان لە بەکارهێنانی وزەی نەوت و گازەوە بۆ وزەی پاک بگۆڕێت. بەڵام هەنگاو بە هەنگاو دەتوانن ئەو کارە بکەن.
 
جۆن کێری گوتیشی، گۆڕینی سیستەمی جیهانی لە بەکارهێنانی نەوت و گاز بۆ بەکارهێنانی وزەی پاک، ساڵانە لانیکەم پێویستی بە نزیکەی 4.6 ترلیۆن دۆلارە و هیچ وڵاتێكیش ناتوانێت بە تەنیا ئەو پارەیە دابینبکات.
 
ئەمریکا یەکێکە لەو وڵاتانەی بە جیددی کار لەسەر پرسی گۆڕانی کەشوهەوا و رووبەڕووبوونەوەی لێکەوتەکانی دەکات.
 
لەگەڵ دەستپێکردنی 26مین کۆنفڕانسی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی کەشوهەوا لە گلاسکۆی سکۆتلاندی بەریتانیا کە کۆبوونەوەی دوو رۆژەی سەرکردەکانی جیهانی لە خۆگرت، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بەڵێنیدا وڵاتەکەی تاوەکو کۆتایی ئەم دەیە دەردانی گازە کاربۆنییە ژەهراوییەکان بۆ نیوەی قەبارەی ئێستا کەمبکاتەوە.
 
جینا ماکارسی، راوێژکاری بایدن بۆ کاروباری ژینگە رایگەیاند: "سەرۆک بایدن پابەندە بەوەی کە تاوەکو ساڵی 2030 بەڵێنەکەی بباتەسەر". گوتیشی ئەمریکا لە رێگەی پرۆژەبودجەی تایبەت بە بووژاندنەوەی ژێرخانی ئابووریی وڵات کە بڕی 555 ملیار دۆلاری بۆ کاروباری ژینگەیی تەرخانکردووە، دەتوانێت لە وادەی خۆیدا بە ئامانجە ژینگەییەکانی بگات".
 
بە گوتەی ماکارسی ئەو بڕە پارەیە گەورەترین وەبەرهێنانە لە مێژووی ئەمریکادا، کە بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی کەشوهەوا تەرخاندەکرێت و رێگەیان پێدەدات تاوەکو ساڵی 2030 بڕی یەک گیگا تۆن واتە یەک ملیار تۆن لە دەردانی گازە کاربۆنییەکان کەمبکاتەوە.
 
نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێ، گۆڕانی کەشوهەوا سەروو 800 ملیۆن کەسی لە جیهاندا برسی کردووە و ژمارەکەش لە دوو دەیەی داهاتوودا بۆ نزیکەی 1.5 ملیار کەس بەرزدەکاتەوە، ئەگەر دیاردەکە بەم جۆرەی ئێستا بەردەوام بێت و پاشەکشەی پێ نەکرێت. 
 
رۆژی 31-10-2021 لە شاری گلاسگۆی سکۆتلاند، 26ـەمین کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی کەشوهەوا دەستیپێکرد، کە سەرکردە بەشداربووەکانی بە دوایین دەرفەت ناوی دەبەن بۆ ئەوەی سنوورێک بۆ گۆڕانی کەشوهەوای زەوی دابنێن. بۆریس جۆنسن، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە گوتاری دەستپێکی کۆنفرانسەکەدا، گۆڕانی کەشوهەوای بە "بۆمبی رۆژی قیامەت" ناوبرد.
 
بەڕێوەچوونی کۆنفرانسەکە کە تاوەکو 12ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت، هاوکاتە لەگەڵ گوتەی بەشێک لە شارەزایانی ژینگە کە دەڵێن، هەسارەی زەوی لەژێر هەڕەشەدایە؛ لە 30 ساڵی داهاتوودا گۆڕانی کەشوهەوا زۆرترین هەڕەشەی لە ئاسایشی خۆراک، سەقامگیری کۆمەڵایەتی، جێگیری ژیان و دیمۆگرافیای شارەکاندا دەکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە