"یاسای دەوڵەتی جوو" عەرەبەکانی ئیسرائیل تووڕە دەکات

05-08-2018
عەلی زەڵمی
عەرەب رێژەی 20%ـی دانیشتووانی ئیسرائیل پێکدەهێنن
عەرەب رێژەی 20%ـی دانیشتووانی ئیسرائیل پێکدەهێنن
نیشانەکردن عەرەب ئیسرائیل
A+ A-

رووداو - هەولێر

دەرکردنی یاسایەکی نوێ لە پەرلەمانی ئیسرائیل کە جەخت لەسەر ناسنامەی جوویی دەوڵەتی ئیسرائیل دەکاتەوە و زمانی عەرەبیش لە زمانێکی فەرمییەوە دەکاتە زمانێکی تایبەت، ناڕەزایی و توڕەبوونی عەرەبەکانی ئەو وڵاتەی بەدوای خۆیداهێناوە، کە نزیکەی 20%ـی دانیشتووانی ئیسرائیل پێکدەهێنن.

دەیان هەزار کەس لە درووزەکانی ئیسرائیل و پاڵپشتیکارەکانیان، لە ناوەندی شاری تەلئەڤیڤ کۆبوونەوە. ناڕەزایی ئەوان لە بەرامبەر یاسایەکی نوێیە کە جەخت لەسەر ناسنامەی جوویی دەوڵەتی ئیسرائیل دەکاتەوە و زمانی عەرەبیش لە زمانێکی فەرمییەوە دەکاتە زمانێکی "تایبەت". رەخنەگران و خەڵکی ناڕازیش دەڵێن، ئەو یاسایە لە بەهای دیموکراسی وڵات کەمدەکاتەوە. 

ئەمەل ئەسعەد، ژەنەراڵی خانەنشینکراو دەڵێ "ئێمە وەکو هەموو هاووڵاتییانی ئیسرائیل لێرە کۆبووینەتەوە بۆ ئەوەی ئەو یاسا خراپە بگۆڕین، ئەوەش لەبەر خاتری وڵاتی ئیسرائیل و خەڵکی جوو و تەواوی کەمایەتییەکان. ئەوە یاسایەکی خراپە. هەموو خەڵک یەکسانە، ئیدی ئەگەر جوو بێت، عەرەب یان درووز". 

درووزەکان بە زمانی عەرەبی قسە دەکەن، بەڵام پێگەیان لەنێو دەوڵەتی ئیسرائیلدا لە پێگەی عەرەبە مسوڵمانەکان جیاوازە. ئەوان لەنێو ریزەکانی سوپادا خزمەت دەکەن و، لەم چەند ساڵەی رابردووشدا هەندێکیان لەنێو سوپا و حکومەتدا پلەیان بەرزکراوەتەوە. 

ئەوان بە پاڵپشتیکار و پارێزەری گرنگی ئیسرائیل دادەندرێن و دەڵێن، بەو جۆرەش دەمێننەوە، بەڵام دەبێت حکومەت و پەرلەمانیش کار لەسەر قوڵکردنەوەی جیاوازی نێوان پێکهاتەکان نەکات. 

نادیە حەلەبی، خۆپیشاندەرە، ئەو دەڵێ "ئێمە دڵسۆزی دەوڵەتی ئیسرائیلین. ئێمەی درووزەکان ماوەی 70 ساڵە دڵسۆزی دەوڵەتی ئیسرائیلین و بەو جۆرەش دەمێنینەوە و بۆ ماوەی 700 ساڵی دیکەش لەنێو سوپادا خزمەت دەکەین، بەڵام رێگا بە بنیامین نەتەنیاهۆش (سەرۆکوەزیران) نادەین کۆمەڵگەی ئیسرائیل دابەش بکات". 

درووزەکانی ئیسرائیل نزیکەی 130 هەزار کەسن و زۆربەیان لە باکووری وڵات دەژین. ماوەی چەند رۆژێکیشە بەرپرسانی باڵای حکومەت دەستیان بە کۆبوونەوە لەگەڵ کەسایەتییە ناسراوەکانی ئەو پێکهاتەیە کردووە تاوەکو نیگەرانییەکانیان بڕەوێننەوە، بەڵام ئەم خۆپیشاندانە دەریدەخات، کۆبوونەوەکان ئەنجامێکی ئەوتۆیان نەبووە. 

 

 

پێداچوونەوە: هەڵات رێبوار

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە