رووداو دیجیتاڵ
کاتێک لە 28ی حوزەیرانی ئەمساڵدا ڤلادیمیر پووتین بەبۆنەی جەژنی قوربانەوە سەردانی کۆماری داغستانی زۆرینە موسڵمانی کرد، لەنێو ئاپۆڕای پێشوازیی خەڵك، گریانی کچێکی تەمەن 8 ساڵە تۆڕە کۆمەڵاتییەکانی تەنی، ئەوەش کاتێک نەیتوانی سەرۆکی رووسیا ببینێت. دوای کەمتر لە دوو هەفتە، پووتین لە کۆشكی کریملن پێشوازیی لەو کچە کرد.
ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا بە گوڵ پێشوازیی لە منداڵەکە و دایک و باوکی کرد و پێی گوت، "کە گەڕامەوە مۆسکۆ، وێنەی تۆیان پیشاندام، دەگریایت. بەداخەوە کە ناتوانم قسە لەگەڵ هەموو خەڵک بکەم، بەڵام گریانی تۆ نیگەرانی کردم. بڕیارمدا تۆ و دایک و باوکت بانگهێشت بکەم. مۆسکۆت بەدڵ بوو؟"
منداڵەکە بەناوی رایسات لە وەڵامی سەرۆکی رووسیادا گوتی، "بەدڵم بوو." دواتریش پووتین لێی دەپرسێت، "چیت بینی" و ئەویش گوتی، "مەیدانی سوور، چی دیم بینی؟ دریم ئایلاندم بینی."
ڤلادیمیر پووتین، رایساتی بانگهێشتی نووسینگەی خۆی کرد، بەڵام چیرۆکەکە لەوێدا کۆتایی نەهات و سەرۆکی رووسیا بە بەرچاوی ئەو منداڵەوە پەیوەندیی بە سەرۆکوەزیرانی رووسیا و وەزیری داراییەوە کرد و لە رێگەی ئەو کچەوە بڕی پێنج ملیار روبڵ، کە دەکاتە 55.6 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی، بۆ کۆماری داغستان تەرخانکرد.
سەرەتا وەزیری دارایی وایزانی پووتین گاڵتە دەکات، پووتین پێی گوت، "واتزانی گاڵتەیە؛ وایە؟ ئەوانە چەند ملیارێک روبڵ کورتهێنانیان هەیە بۆ چاککردنەوەی رێگەوبان، پەرەپێدانی گەشتیاری و تەواوکردنی چەندین باڵەخانە. پارەشیان نییە؛ چی دەکەیت؟"
ئانتۆن سیلوانۆڤ، وەزیری دارایی رووسیا گوتی، "بڕیارماندا بە تەرخانکردنی پێنج ملیار روبڵ لە چەند ساڵی داهاتوودا."
سەرۆکی رووسیا، رایسات و دایک و باوکی بەڕێنەکرد تاوەکو ژەمێکی لەگەڵ نەخواردن، بەڵام گریانی منداڵێکی تەمەن هەشت ساڵ بەدوای پووتین بووە هۆی چاوخشاندنەوەیەک بە دۆخی داغستانی خاوەن 3.2 ملیۆن کەس کە نیو ملیۆنی لەژێر هێڵی هەژاریدان.
پووتین بە تەرخانکردنی ئەو بڕە پارەیە دەیەوێت ئەو ئاماژەیەش بدات کە نەیهێشتووە هێرشی سەر ئۆکراینا کاریگەریی لەسەر ئابووریی هەرێمە کۆمارییەکانی رووسیا هەبێت کە هەرێمێکی وەکو داغستان 78.8%ی بودجەکەی لە بودجەی فیدراڵییەوە بۆ تەرخان دەکرێت.
لە 28ی حوزەیران پووتین داغستانی جێنەهێشت تاوەکو قورئانی پیرۆزی لە باوەش گرت و بێڕێزیکردنی بە کتێبە ئاسمانییەکەیش لە سوێد بە تاوان وەسف کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ