سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا بۆ کۆچبەران: ئەگەر بشتوانن بێنە بەریتانیا، ناتوانن بمێننەوە

05-06-2023
دڵزار زوبێر @DilzarZubair
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ریشی سووناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دەڵێت، بەگوێرەی یاسای نوێ بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆچی نایاسایی، "تەنانەت ئەگەر کۆچبەران بشتوانن پێ بنێنە نێو بەریتانیاوە، ناتوانن لێرە بمێننەوە." دەشڵێت، هەر کۆچبەرێک بە نایاسایی روو لە وڵاتەکەی بکات، دەستبەجێ دەستبەسەر دەکرێت و رەوانەی رواندا یانیش وڵاتی سێیەم دەکرێت. 
 
رۆژی دووشەممە، 5ـی حوزەیرانی 2023، ریشی سووناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە کاتی سەردانێکیدا بۆ بەندەری دۆڤەر رایگەیاند کە دوو کەشتیی دیکەی تایبەت بە لەخۆگرتنی کۆچبەرانیان ئامادەکردووە، بۆ ئەوەی ئەو پەناخوازانە تێدا بحەوێننەوە کە چوونەتە بەریتانیا. 
 
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا ئاماژەی بەوەکرد کە ئەو کەشتییانە، "تاوەکو کۆتایی ساڵ، نزیکەی سێ هەزار پەناخواز لەخۆدەگرن". ئەوەش وەکو خۆی دەڵێت، بارگرانیی سەرشانی هۆتێلەکان سووک دەکاتەوە. 
 
یەکەم کەشتیی لەو جۆرە، بەگوێرەی سووناک، هەفتەی داهاتوو دەگاتە دوورگەی پۆرتلاند لە باشووری ئینگلاند و هەزار کۆچبەر لەخۆ دەگرێت.
 
حکومەتی سووناک پاڵپشتی لە دەرکردنی یاسایەک لە پەرلەمان دەکات کە داواکردنی مافی پابەرێتی بۆ ئەو کۆچبەرانەی لە نۆکەندی ئینگلیزەوە روو لە بەریتانیا دەکەن، بە تاوان دەناسێنێت. سووناک پاڵپشتیی خۆی بۆ پرۆژەیاساکە دووپاتکردنەوە و رایگەیاند، "هەر کەسێک ئەگەر بشتوانێت بێتە بەریتانیا، ناتوانێت لێرە بمێنێتەوە؛ دەستبەجێ دەستبەسەر دەکرێت و رەوانەی رواندا یانیش وڵاتی سێیەم دەکرێت." 
 
زۆربەی ئەو کۆچبەرانەی روو لە بەریتانیا دەکەن، لە شاری کالێی باکووری فەرەنساوە بە بەلەمی بچووک خۆیان دەگەیێننە شاری دۆڤەری بەریتانیا. 
 
ئەوە لەکاتێکدایە، کە بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی حکومەتی بەریتانیا، لە سەرەتای ئەمساڵەوە، 7,610 کۆچبەر بە بەلەمی بچووکەوە لە نۆکەندی ئینگلیز پەڕیونەتەوە. 
 
سووناک گوتی کە بەراورد بە ساڵی پار، ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی روو لە بەریتانیا دەکەن 20٪ کەمیکردووە. لەکاتێکدا "ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی دەچنە وڵاتانی دیکەی ئەوروپا 30٪ زیادیکردووە". 
 
بەگوێرەی دامەزراوەی ئۆکسفۆرد بۆ چاودێریی کۆچ، لە ساڵی 2021 دا 82 هەزار کەس داواکاریی پەنابەرێتیی لە بەریتانیا پێشكێشکردووە. لە ساڵی 2022 دا ژمارەکە بۆ 132 هەزار داواکاری بەرزبووەتەوە. 
 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە