لە ئەمریکا رێز لە شەهید شیفا گەردی گیرا

05-06-2018
رۆژ عەلی زاڵە
ناوی شەهید شیفا لەسەر دیواری رۆژنامەڤانانی شەهید هەڵواسرا
ناوی شەهید شیفا لەسەر دیواری رۆژنامەڤانانی شەهید هەڵواسرا
نیشانەکردن شەهید شیفا گەری
A+ A-

 رووداو - واشنتن

چه‌ند مه‌ترێك له ‌دووری كۆنگرێسی ئه‌مریكا‌، مۆزه‌خانه‌ی رۆژنامەڤانیی واشنتۆن رێزی له‌ شەهید شیفا گه‌ردی و ژمارەیەک رۆژنامەڤانی دیکە گرت، کە لەساڵی 2017ـدا گیانی خۆیان لەپێناو کاری رۆژنامەڤانی بەخت کردووە.

مۆزه‌خانه‌ی رۆژنامه‌ڤانی له‌ ده‌ره‌وه‌ی مۆزه‌خانه‌كه‌ كۆمه‌ڵێك پانێڵی هه‌یه‌، له‌ هه‌ریه‌كێك له‌و پانێڵانه‌ پارچه‌ هه‌واڵێك ده‌خاته‌ڕوو، به‌ڵام بۆ به‌رزڕاگرتنی یادی شه‌هید شیفا و هاوڕێكانی، پانێڵه‌كانی هه‌موو به‌ به‌تاڵی هێشتووه‌ته‌وه‌ و له‌سه‌ریان نووسیویەتی "به‌ بێ هه‌واڵ، ئه‌گه‌ر ئه‌و رۆژنامەڤانانە نه‌بن، هه‌واڵیش ناگاته‌ ده‌ستی ئێوه‌".

پاتی رووڵ، به‌ڕێوه‌به‌ری مۆزەخانەکە دەڵێ "دیوارێكی شووشه‌ییمان هه‌یه‌ كه‌ به‌ به‌رزی دوو نهۆمی باڵەخانەکەیە و، ناوی  دوو هەزار و 323 رۆژنامەڤانی تێدایه‌ كه‌‌ له‌ كاتی كاركردندا گیانیان له‌ده‌ستداوه‌. ناوی هه‌موو ئه‌و میدیاكارانه‌ی تێدایه‌ كه‌ له‌ ساڵی 1837ـه‌وه‌ بەهۆی کارەکانیانەوە گیانیان له‌ده‌ستداوه‌. له‌ بۆنه‌كه‌دای ئەمڕۆدا هه‌روه‌ها تیشك ده‌خه‌ینه‌ سه‌ر چیرۆكی ئه‌و رۆژنامەڤانانەی ئه‌م ساڵ ناوەکانیان بۆ سەر دیواره‌كه‌ زیاد ده‌كرێن". 

له‌ یاده‌كه‌دا ناوی شه‌هید شیفا و سێ میدیاكاری دیكه‌ی كورد بۆ دیواری رۆژنامەڤانانی شه‌هید زیادكرا. هاڵی ویلیامز له‌ كاتی شه‌ڕی داعشدا په‌یامنێری ته‌له‌ڤیزیۆنێكی ئه‌مریكی بووه‌، باسی شیفا گه‌ردی هاوپیشه‌ی ده‌كات و دەڵێ "زۆر كارم له‌ كوردستانی عێراق كردووه‌. ده‌مزانی كه‌ (شەهید شیفا) رۆژنامه‌نووسێكی زۆر ئازا بوو. من زۆر كارم له‌ موسڵ كردووه‌، بیرمه‌ باسی ئه‌وه‌ ده‌كرا كه‌ شیفا كۆچی كردووه‌، ئه‌و هه‌واڵه‌ زۆر كاریگه‌ری له‌سه‌ر من هه‌بوو، نه‌ك ته‌نها بەهۆی ئەوەی رۆژنامه‌نووسێكی به‌جه‌رگ بوو، به‌ڵكو ژنێكی لاوی ئازا، كه‌ وه‌كو ژنێك کاری بێوێنەی دەکرد و له‌ باكووری عێراق ژیانی له‌ده‌ستدا"‌.
  
ساڵانه‌ زیاتر له‌ 800 هه‌زار كه‌س سه‌ردانی مۆزه‌خانه‌ی رۆژنامه‌ڤانیی واشنتۆن ده‌كه‌ن. له‌ ساڵی 1837ـه‌وه‌‌ هه‌ر رۆژنامه‌ڤانێک له‌سه‌ر كاره‌كه‌ی گیانی به‌ختكردبێت‌، له‌ دیوارێكی شووشه‌ییدا ناوی خۆی و ده‌زگاكه‌ی ده‌نووسرێت،
بۆ ئه‌مساڵیش ناوی 18 رۆژنامەڤان چووە سەر دیوارەکە.

چیرۆكی ئازایه‌تی و شه‌هیدبوونی شه‌هید شیفا له‌سه‌ر دیواره‌كانی ئه‌م مۆزه‌خانه‌یه‌ بۆ هه‌تا هه‌تایه‌ ده‌مێنێته‌وه‌، نه‌وه‌كانی داهاتووی ئه‌مریكا و سه‌ردانیكه‌رانی ئه‌م مۆزه‌خانه‌یه‌ دەزانن كه‌ شه‌هید شیفا و هاوڕێكانی بۆ گه‌یاندنی زانیاری و هه‌واڵی سه‌ختترین شه‌ڕه‌كانی جیهان، گیانی خۆیان به‌خت كرد. 


داڕشتنەوە: هەڵات رێبوار

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە