کورسییەکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئالاسکا بە شێر و خەت یەکلایی دەکرێتەوە

05-12-2018
نامۆ عەبدوڵڵا
نامۆ عەبدوڵڵا
دوو بەربژێر لە هەڵبژاردنە خۆجێییەکانی ئالاسکا دەنگی یەکسانیان هێناوە
دوو بەربژێر لە هەڵبژاردنە خۆجێییەکانی ئالاسکا دەنگی یەکسانیان هێناوە
نیشانەکردن ئالاسکا ئەمریکا شێر و خەت
A+ A-

رووداو - ئالاسکا 

هێزی ئاسمانی ئه‌مریكا هه‌ڵسێنراوه‌ بۆ پاڵپشتیكردنی دانیشتووانی ویلایه‌تی ئالاسكا لە ئەمریکا، دوای روودانی  بوومه‌له‌رزه‌یه‌كی به‌هێز لە رۆژی هه‌ینیدا. له‌هه‌مانكاتدا، بوومه‌له‌رزه‌یه‌كی سیاسی چه‌ند رۆژێكه‌ یه‌خه‌ی ئه‌م ویلایه‌ته‌ی گرتووه‌ تا ئاستێك كۆنترۆڵی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانه‌كه‌ی بۆ دوو ساڵی داهاتوو،‌ بڕیاره‌ به‌خت یه‌كلایی بكاته‌وه‌، نه‌ك ده‌نگدانی خه‌ڵك.


پاتریك مارا، راوێژكاری پارتی كۆمارییه‌كان لە ئالاسکا دەڵێ "ئه‌گه‌ر كۆمارییه‌كه‌ بیباته‌وه‌، كۆمارییه‌كان كۆنترۆڵی ئه‌نجوومه‌نه‌كه‌ ده‌كه‌ن. ئه‌گه‌ر دیموكراته‌كه‌ بیباته‌وه‌، دیموكراته‌كان كۆنترۆڵی ئه‌نجوومه‌ن ده‌كه‌ن، به‌ڵام له‌م حاڵه‌ته‌دا، دوای یه‌ك، دووجار ژماردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان، ئێستا شێر و خه‌تی بۆ ده‌كه‌ن".

ئه‌وه‌ی پاتریك دەیڵێ، دروسته‌. بڕیارە دراوێكی ئاسن ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ یه‌كلایی بكاته‌وه‌. دیموكراسی واتا حوكمڕانی خه‌ڵك، به‌ڵام كاتێك خه‌ڵك 100% به‌ یه‌كسانی دابه‌شبوون به‌سه‌ر دووبه‌ره‌دا، دووباره‌كردنه‌وه‌ی‌ ده‌نگدان له‌‌ ویلایه‌تێكی ساردی وه‌كو ئالاسكا زۆر قورسه‌، یاسا ئه‌نجامدانی شێر و خه‌تی به‌ په‌سه‌ندتر داناوه‌. 

ئه‌مجاره‌ ده‌نگی هه‌ریه‌ك له‌ بارتۆك لیبۆن، كاندیدی كۆمارییه‌كان و كاسرین دۆج، كاندی دیموكراته‌كان یه‌كسانه‌: هه‌ریه‌كه‌یان دروست دوو هەزار و 661 ده‌نگیان به‌ده‌ستهێناوه‌.

ئالاسكا رووبه‌ڕه‌كه‌ی چوارهێنده‌ی عێراقه‌، به‌ڵام ته‌نیا 700 هه‌زار كه‌سێك لێی ده‌ژین. رۆژی هه‌ینی رابردوو، كه‌ دوایین ژماردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان ئه‌نجامدرا، ده‌نگێكی نوێ دۆزرایه‌وه‌، سه‌ره‌تا وا دیاربوو ئه‌نجامه‌كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی كاسرین دۆج یه‌كلایی دەكاته‌وه‌، به‌ڵام دواتر ده‌نگه‌كه‌ ره‌تكرایه‌وه،‌ چونكه ئاشكرابوو ده‌نگی هه‌ڵه‌ی كه‌سێك بووه‌، كه‌ دواتر ده‌نگێكی نوێی داوه‌.

پاتریك مارا، راوێژكاری پارتی كۆمارییه‌كان دەڵێ "له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌مریكادا ئه‌مه‌ زیاتر له‌ ركابه‌رییه‌ نێوخۆییه‌كان و له‌و شوێنانه‌ رووده‌دات، كه‌ ژماره‌ی دانیشتووانیان كه‌مه‌، به‌ڵام كه‌ یه‌كسان بوون، دوای چه‌ندجارێك ژماردنه‌وه‌ی جدی، ده‌سه‌ڵاته‌ ناوخۆییه‌كان بڕیار ده‌ده‌ن چی بكرێت كاتێك ئه‌نجامه‌كه‌ یه‌كسانه‌".

ئالاسكا ویلایه‌تێكی جه‌مسه‌ره‌ییه‌، ژیان لێی قورسه،‌ چونكه‌‌ چوار وه‌رزه‌ی ساڵ به‌فری لێ نابڕێت. هه‌رچه‌نده‌ ده‌كه‌وێته‌ ده‌ره‌وه‌ی زه‌ویی وشكانی ئه‌مریكا، بەڵام ئه‌م ویلایه‌ته‌ ماوه‌ی نزیكه‌ی دوو سه‌ده‌یه‌ به‌شێكه‌ له‌ ئه‌مریكا.

ئالاسکا سه‌ره‌تا به‌شێك بووە له‌ ئیمپراتۆریه‌تی‌ رووسیا، به‌ڵام ئه‌مریكا له‌ سه‌ده‌ی 19ـیەم به‌ نزیكه‌ی حەوت ملیۆن دۆلار له‌ رووسیای كڕی. 


 

پێداچوونەوە: هەڵات رێبوار

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە