رووداو دیجیتاڵ
دوو سەرۆک لە کۆشکی ئێلیزێ، لە پاریسی شاری رووناکییەوە، لە رۆژگاری کێشمەکێشی ئاڵۆزی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و بەربەرەکانێی هێزەکاندا کۆبوونەوە و باسیان لە ئەگەر و لێکەوتەکانی بارودۆخەکە کرد.
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە یەکدی بە "هاوڕێی ئازیز" بانگ دەکەن، رۆژی هەینی (3-11-2023) بۆ ماوەی کاژێرێک کۆبوونەوە.
دوای کۆبوونەوەکە، نێچیرڤان بارزانی ئەنجامەکەی خستەڕوو و گوتی، "کۆبوونەوەیەکی زۆر باشمان لەگەڵ سەرۆک ماکرۆن هەبوو."
لە کۆبوونەوەکەدا، دۆخی هەرێمی کوردستان، عێراق و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، هەناردەکردنەوەی نەوت و رووبەڕووبوونەوەی داعش لە تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆکانیان بوون.
دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی فەرەنسا، نێچیرڤان بارزانی سەردانی وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتەی کرد؛ لەگەڵ وەزیری بەرگری و سوپاسالاری فەرەنسا کۆبووەوە و له تۆمارى يادگاريى وهزارهتەکەدا پهيامێكى يادهوهرى تۆمار كرد، تێیدا "سوپاسى پشتگيرى و هاريكاريى فهرهنسا بۆ عێراق و ههرێمى كوردستان"ـی كرد.
هەر لە پاریس، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی کرد و وەڵامی پرسیاری دەزگەکانی راگەیاندنی دایەوە.