گوشارەکان لەسەر ئیسرائیل و حەماس بۆ ئاگربەست بەردەوامن؛ 'بە پێشنیازەکەی بایدن رازی بن'

04-06-2024
رێکار عەزیز @Rekar_Azeez
داوای راگرتنی جەنگ لە غەززە دەکرێت
داوای راگرتنی جەنگ لە غەززە دەکرێت
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

دوای کەمتر لە هەفتەیەک لە داننان بە دەوڵەتی فەلەستین لەلایەن سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە چووە قاهیرە دەنگی خۆی خستە پاڵ دەنگی سەرکردەکانی جیهان کە داوا لە ئیسرائیل و حەماس دەکەن بە پێشنیازەکەی بایدن بۆ ئاگربەست رازی بن. 
 
خۆزی ئەلبارێز، وەزیری دەرەوەی ئیسپانیا رایگەیاند: "ئاگربەستێکی دەستبەجێمان دەوێت بۆ غەززە. ئازادکردنی بێ مەرجی بارمتەکانمان دەوێت، دەمانەوێ هاوکاری مرۆیی بگاتە غەززە."
 
پێشنیازەکەی جۆ بایدن لە سێ قۆناخ پێکدێت، قۆناخی یەکەم ئاگربەستێکی شەش هەفتەییە کە تێیدا ژمارەیەک بارمتە و زیندانی ئازاد دەکرێن هێزەکانی ئیسرائیل لەنێو خەڵک دەکشێنەوە. رۆژانە 600 بارهەڵگر لە هاوکاریی مرۆیی دەگەیێندرێتە غەززە. 
 
قۆناخی دووەم جەخت لە کشانەوەی تەواوی هێزەکانی ئیسرائیل و ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکان دەکات، لە هەموو شوێنێکیش گرژی و ئاڵۆزی دەوەستێت. قۆناخی سێیەم پێکدێت لە بنیاتنانەوەی غەززە و کۆکردنەوەی کۆمەک بۆ ئەم مەبەستە.
 
بە گوتەی وەزیری دەرەوەی میسر، حەماس بە ئاگربەستەکە رازییە و تۆپەکەی هەڵداوەتە گۆڕەپانی ئیسرائیل.
 
سامیح شوکری، وەزیری دەرەوەی میسر دەڵێت: "هانی هەریەک لە حەماس و ئیسرائیل دەدەین ئەم نەخشە رێگایە قبوڵ بکەن. راگەیێندراوە سەرەتاییەکانی حەماس ئەرێنین، ئێستا چاوەڕێی ئیسرائیلین."
 
ئەگەری رازیبوون بە پێشنیازەکەی بایدن ناکۆکی زیاتری خستە کابینەی جەنگی بنیامین نەتەنیاهوو.
 
یایر لاپید، سەرۆکی ئۆپۆزیسیۆنی ئیسرائیل دەڵێت، دەنگی لەگەڵ حیزبەکەی نەتەنیاهوو دایە کە ئەگەر ئیسرائیل بەم پێشنیازە رازی بێت لە حکومەت دەکشێنەوە.
 
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە بارەی ئاگربەست و رازیبوون بە پێشنیازەکە رایگەیاند: "لەچوارچێوەی پڕۆسەکە ئامانجی جەنگ دەپارێزین، گرنگترینیان لەنێوبردنی حەماسە. ئەمە شتێک نییە من ئێستا ئاماژەی پێدەکەم لەبەر ئەوەی لەلایەن هاوپەیمانەکەمانەوە لەژێر گوشارم. بەڵکو ئەمە شتێکە بە تێکڕای کابینەی جەنگەکە لەسەری رێککەوتووین."
 
رۆژی دووشەممە سوپای ئیسرائیل تەرمی پزیشکێکی ئیسرائیلی دۆزییەوە کە گومان دەکرێت سۆلیڤ یەهوودی بارمتەی تەمەن 35 ساڵ بێت کە 7ـی ئۆکتۆبەر لە کیبوتز رفێندرا.
 
سۆلیڤ چووە ریزی ئەو 37 بارمتە ئیسرائیلییەی کە گومان دەکرێت گیانیان لەدەستدابێت. لە غەززەش باس لە گیانلەدەستدانی زیاتر لە 36 هەزار فەلەستینی دەکرێت.
 
سەرەتای هەفتە زیاتر لە 100 هەزار هاووڵاتیی ئیسرائیلی رژانە شەقامەکانی تەلئەڤیڤ بۆ گوشار خستنە سەر نەتەنیاهوو تاوەکو بە پێشنیازەکەی بایدن رازی بێت.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە