رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی یۆنان 80 کۆچبەری کوردی ئێزدی رزگاردەکات کە بۆ ماوەی شەش رۆژ بوو لە نزیک رووباری ئیڤرۆس گیریان خواردبوو. ئەوەش دوای ئەوەی بە گوتەی ئەسینا، تورکیا ئامادەنەبووە وەریانگرێتەوە.
سەرچاوەیەک لە حکومەتی یۆنان بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوتووە کە ئەوان "کۆچبەرە گیرخواردووەکان رزگاردەکەن دوای ئەوەی داوایان لە تورکیا کردووە بە دەنگیانەوە بڕۆن، بەڵام تورکیا وەڵامی نەداونەتەوە."
هاوکات، موراد ئیسماعیل، هاودامەزرێنەری رێکخراوی یەزدا، کە بەدواداچوونی بۆ پرسی کۆچبەرەکان کردووە، رایگەیاند، "لەگەڵ چەند سەرچاوەیەک لە یۆنان قسەم کردووە و پێیان راگەیاندم کە بەرپرسانی یۆنان ئێزدییەکانیان لە دوورگەکە گواستووەتەوە بۆ نێو خاکی یۆنان."
پێشتر، هەمان رۆژ، موراد ئیسماعیل لە تویتێکی دیکەدا رایگەیاند کە ئەو کۆچبەرانە بۆ ماوەی پێنج رۆژە لە دوورگەیەکی بچووکی یۆنان گیریان خواردووە.
بەگوێرەی ئەو گرتە ڤیدیۆیەی کە بڵاوبووەتەوە و یەکێک لە گیرخواردووەکان بە کوردی قسە دەکات و دەڵێت نەخۆش و منداڵیان لەنێودا هەن و ئاماژە بەوەشدەکات کە ماوەی پێنج بۆ شەش رۆژە بێ نان و ئاو گیریان خواردووە و ژمارەیان 80 کۆچبەر دەبێت کە زۆربەیان کوردی ئێزدین.
رۆژانە چەندین کۆچبەر کە زۆربەیان خەڵكی عێراق، سووریا، ئەفغانستان و پاکستانن، لە رێگەی تورکیاوە دەڕۆن بۆ یۆنان و لە یۆنانیشەوە ئەگەر دەرباز بن، بەسەر وڵاتانی دیکەی ئەوروپی دابەش دەبن.
لەچوارچێوەی هەوڵەکانی یەکێتیی ئەوروپا بۆ توندوتۆڵکردنی رێگەی کۆچبەران، یۆنانیش کۆمەڵە رێوشوێنێکی گرتووەتە بەر و بە روونی بەکردار و گوفتارەکانییەوە دیارە.
رۆژی پێنجشەممە، 2ی حوزەیرانی 2023 پۆلیسی یۆنان رێگەی لە 140 کۆچبەری دیکە گرت کە دەیانویست لە رووباری ئیڤرۆس بپەڕنەوە.
لە بانگەشەکانی هەڵبژاردنی نیسانی 2023دا کیریاکۆس میتسۆتاکیس کە پارتە راستی ناوەڕاستەکەی زۆرینەی دەنگی بەدەستهێنا، بەڵێنیدا یاساکانی یەکێتیی ئەوروپا لە دژی کۆچبەران جێبەجێ بکات و رێگەی کۆچبەران بەرتەسک بکاتەوە.
یەکێک لە هەنگاوەکان دروستکردنی دیوارێکە لەسەر سنووری تورکیا، تاوەکو ئێستا 38 کیلۆمەتری تەواوبووە و بڕیارە تاوەکو 2026 بگاتە 100 کیلۆمەتر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ