راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا: پلانی هێرشی زیاترمان هەیە

04-02-2024
رێکار عەزیز @Rekar_Azeez
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

راوێژکاری ئاسایشتی نیشتیمانیی ئەمریکا دەڵێت، هێرشەکانی شەوی هەینی بۆ سەر گرووپە چەکدارەکان لە عێراق و سووریا، دوا ئامانج نین و پلانیان هەیە لەکات و شوێنی هەڵبژێردراوی خۆیان هێرشی زیاتر بکەن.
 
جەیک سوڵیڤان، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ NBC نیوزی ئەمریکی جەختی کردەوە هێرشەکانی ئەمریکا ئامانجەکانی خۆیان پێکاوە، بەڵام دڵنیا نییە چەند چەکدار و سەرکردەی گرووپە میلیشیاکان لە هێرشەکاندا کوژراون.
 
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئاخۆ خەڵکی سڤیل لە هێرشەکاندا کوژراون، سوڵیڤان گوتی، "هێشتا سەرقاڵی خەمڵاندنن بۆ کاریگەری هێرشەکان، دڵنیاین هێرشەکان توانای گرووپە چەکدارەکانیان بۆ هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمریکا لاوازکرووە."
 
شەوی هەینی 3ی شوبات ئەمریکا هێرشی کردە سەر 85 پێگەی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران لە عێراق و سووریا، لە وەڵامی ئەو هێرشەی کە مانگی رابردوو کرایە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە ئوردن و بووە هۆی گیانلەدەستدانی 3 سەرباز و برینداربوونی نزیکەی 40ی دیکە.
 
سوڵیڤان گوتی،" کاتێک سێ ئەمریکی بەشێوەیەکی تراژیدی کوژران، سەرۆک بایدن فەرمانی وەڵامێکی جیدی دەرکرد، کە ئێستا بەردەوامە، بە هێرشەکانی شەوی هەینی دەستیپێکرد، بەڵام ئەمە کۆتایی نییە."
 
لە شوێنێکی دیکە سولیڤان دەڵێت، "سەرۆک بایدن  لە سەرەتاوە بە روونی گوتوویەتی، هەر کات هێرشبکرێتە سەر هێزەکانی ئەمریکا وەڵام دەدەینەوە، لەماوەی چەند مانگی رابردوو چەندینجار وەڵاممان داوەتەوە."
 
لەنێوخۆی ئەمریکا رەخنەی زۆر لە هێرشەکانی ئەمریکا دەگیرێت گوایە وەڵامەکان دواکەوتوون و کاتی زیاتری داوە بە گرووپە چەکدارەکان خۆیان و کۆگەی چەک و تەقەمەنییان بشارنەوە. یەکێک لەوانەی رەخنە دەگرێت مایک جۆنسن، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکایە کە دەڵێت، "ئیدارەی بایدن، هەفتەیەک چاوەڕێی کرد و بە هەموو جیهان و ئێرانیشی نیشاندا وەڵامدانەوەمان چۆن دەبێت."
 
لە وەڵامی ئەم کۆمێنتانە سوڵیڤان گوتی،" سەرۆک بایدن پێش ئەوەی هێرش بکرێتە سەر هێزەکانمان گوتی، سەربازانمان بکوژرێن وەڵام دەدەینەوە، ئێران و گرووپە میلیشیاکان دەیانزانی ئەمریکا وەڵام دەداتەوە. ئەوەشمان گوت کە لە کات و شوێنی هەڵبژێردراوی خۆمان وەڵام دەدەینەوە. پلانی هێرشەکامان داڕشت و جێبەجێمان کرد و لەو شوێنەماندا کە ویستمان و ئەوکاتەش هێرشەکەمان کرد کە ویستمان."
 
سوڵیڤان دەڵێت، "پلانمان وایە هێرشی زیاتر بکەین بۆ ئەوەی لەو پەیامە بەردەوام بین، هەر کاتێک هێرشبکرێتە سەر هێزەکانمان یاخود سەربازمان بکوژرێن، ئەمریکا وەڵام دەداتەوە."
 
لە هەڤپەیڤینەکەدا پرسیار لە جەیک سوڵیڤان کرا کە ئێران دەڵێت واشنتن بەهۆی ئەنجامدانی ئەم هێرشانە" هەڵەیەکی ستراتیژی کردووە"، لە وەڵامدا گوتی، "وەڵامێکی چاوەڕوانکراوە و بێگومان ئێران دڵی بەم هێرشانە خۆش نابێت."

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە