رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە ویلایەتی نیوهامشێر لە باکووری رۆژهەڵاتی ئەمریکا دەستیپێکرد. زیاتر لە 250 ملیۆن ئەمریکی مافی دەنگدانیان هەیە و تاوەکو ئێستاش نزیکەی 100 ملیۆنیش پێشوەختە دەنگیان داوە.
لە ویلایەتی نیوهامشێر یەکەم دەنگدان دەستیپێکرد، دۆناڵد ترەمپ لە ویسکەنسن دوایین کامپەینی خۆی ئەنجامدا و کێشەی مایکرۆفۆنی هەبوو "دەیگوت پارەی ئەو کامپەینە نادەم." هەروەها بایدن لە پەنسلڤانیا کۆتایی بە کامپەینەکەی هێنا.
باراک ئۆباما ترەمپی بە دیکتاتۆرێکی بێ بەها ناوبرد ودەڵێت: "بەنیازە بەر لە راگەیاندنی ئەنجامی دەنگەکان سەرکەوتن رابگەیێنێت."
کۆمارییەکان داوادەکەن ئەو دەنگانەی لەناو ئۆتۆمبێل لە هیوستن دراون پوچەڵ بکرێنەوە، کە 137 هەزار دەنگن.
ترس هەیە بەهۆی قبووڵنەکردنی ئەنجامی هەڵبژاردن گرژی و ئاڵۆزی دروستبێت، حاکمی مەسەچیوسس هەزار سەربازی پاسەوانی نیشتمانی بڵاوکردووەتەوە.
شارەزایان پێشبینی دەکەن ئەنجامی هەڵبژاردن داوبکەوێت و فەیسبووک و توویتەر بەخەڵکیان گوتووە "لەوانەیە رۆژی سێشەممە ئەنجامی هەڵبژاردن بڵاونەکرێتەوە."
ئەمریکا بەسەر دوو پارتی سیاسیی سەرەکیدا دابەشبووە، کاتێکیش سەرۆک هەڵدەبژێردرێت، بێگومان سەر بە یەکێک لەو دوو پارتە سیاسییە دەبێت، ئەوانیش کۆماری و دیموکراتەکانن.
تاوەکو بەیانی رۆژی سێشەممە ژمارەی دەنگەکان لە دەنگدانی تایبەت 99 ملیۆن و 657 هەزار و 79 کەس دەنگیانداوە، ئەمەش دەکاتە دوو لەسەر سێی تەواوی دەنگەکانی هەڵبژاردنی 2016.
تاوەکو شەوی رابردوو، 62 ملیۆن و 100 هەزار کەس بە پۆستە دەنگیاندا، 35 ملیۆن و 500 هەزار کەسیش سەردانی وێستگەکانی دەنگدانیان کرد.
پێشبینی ئەوەشکراوە کە رێژەی بەشداری خەڵک لەم هەڵبژاردنە ژمارەی پێوانەیی هەڵبژاردنی 2016 دەشکێنێت کە 139 ملیۆن کەس دەنگیاندا، پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ زیاتر لە 160 ملیۆن کەس دەنگبدەن.
لە چەندین ویلایەت لە ئەمریکا ژمارەی پێوانەیی دەنگەکانی 2016 شکێنراون، لە تەکساس، هاوای، نۆرز کارۆلاینا، جۆرجیا رێژەی بەشداری 90٪ی هەڵبژاردنی 2016ی تێپەڕاندووە.
لە 20 ویلایەت کە هەردوو کۆماری و دیموکرات ناوی پارتەکانیان تۆمارکردووە، ژمارەی دەنگەکان لە هەڵبژاردنی تایبەت یەکلایی کراوەتەوە، دیموکراتەکان 45٪ی دەنگەکان و کۆمارییەکان 30٪ی دەنگەکانیان بەدەستهێناوە.
لە ئەمڕۆوە 03-11-2020 هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ئەمریکا دەستیپێکرد، ئەو کەسەی لە پۆستی سەرۆکی ئەمریکا دادەنیشێت، کاریگەریی لەسەر خەڵکی ئەمریکا و خەڵکی زۆربەی وڵاتانی دیکەش دەبێت، بۆیە خەڵکی جیهان چاویان لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانە.
پارتی کۆمارییەکان کە پارتێکی نەریتخوازە "موحافیزکارە" دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئێستای ئەمریکایان وەکو بەربژێری خۆیان دیاریکردووە و مایک پێنسیش، وەکو جێگری. ئێستا ترەمپ شەڕی ئەوە دەکات، چوار ساڵی دیکە لە کۆشکی سپی سەرۆک بێت.
پارتی کۆمارییەکان بە "پارتی گەورەی کۆن" ناسراوە، لەم ساڵانەی دواییدا پاڵپشتیی لە باجی کەمتر، مافی چەکهەڵگرتن و سنووردارکردنی زیاتری کۆچبەران دەکرد. هاوکات. خەڵکی لە ناوچە گوندنشینەکانی ئەمریکا زیاتر پاڵپشتیی کۆمارییەکان دەکەن. سەرۆککۆمارەکانی پێشووی ئەمریکا لەو پارتە بریتین لە: جۆرج دەبلیو بووش، رۆناڵد رێگان و ریچارد نیکسۆن.
دیموکراتەکان پارتە سەرەکییەکەی دیکەی ئەمریکان کە رکابەریی کۆمارییەکان دەکەن. دیموکراتەکان پارتێکی لیبراڵن و جۆ بایدن بەربژێریانە بۆ سەرۆکی ئەمریکا و کامالا هاریسیش بۆ جێگری. جۆ بایدن پێشتر بۆ ماوەی هەشت ساڵ جێگری باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا بوو کە ئەویش سەر بە پارتی دیموکراتەکان بوو.
#ترەمپ: ئەگەر سۆشیال میدیا نەبوایە من دەنگم نەدەهێنا#هەڵبژاردنی_ئەمریکا
— Rudaw (@Rudawkurdish) November 3, 2020
پارتی دیموکرات بە هەڵوێستە ئازادیخوازانەکانیان لە پاڵپشتیکردن لە مافی خەڵکی مەدەنی، کۆچبەران و گۆڕانی کەشوهەوا بەنێوبانگن. پێیان وایە دەبێت حکومەت رۆڵی گەورەتر ببینێت لە ژیانی خەڵک، وەک دابینکردنی بیمەی تەندروستی. زیاتر خەڵکی شارنشین لە ئەمریکا پاڵپشتیی ئەم پارتە دەکەن.
دەنگدان لە ویلایەتەکانی ئەمریکا بەشێوەیەکە کە هەر ویلایەتێک دابەشکراوە بەسەر چەند ئەنجوومەنێکی هەڵبژاردن، لە هەموو ویلایەتەکانی ئەمریکا دەنگ بۆ 538 ئەندامی ئەنجوومەنی هەڵبژێردراو دەدەرێت، سەرۆکی براوەش دەبێت 270 کورسی یان زیاتر بباتەوە.
دابەشکردنی ئەنجوومەنی هەڵبژاردن بۆ ویلایەتەکان بەپێی ژمارەی دانیشتووانە. ئەوەش مانای ئەوەیە کە دەنگدەران بڕیار دەدەن لەسەر ئاستی ویلایەتەکان پێشبڕکێ بکەن نەک لەسەر ئاستی نیشتمانی کە هەموو ئەمریکا دەگرێتەوە. ئەوەش وا دەکات کە ئەگەر بەربژێرێک زۆرینەی دەنگەکان لەسەر ئاستی نیشتمانی بباتەوە، وەکو هیلاری کلینتن لە ساڵی 2016، بەڵام هێشتا بدۆڕێت، ئەوەش بەهۆی ئەنجوومەنی هەڵبژاردن کە لەسەر ئاستی ویلایەتەکان بڕیار دەدەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ