رووداو دیجیتاڵ
لە پەکینی پایتەخت، پێیان گوتین لە ناوچە دوورەدەستەکان، گۆشتی زۆربەی ئاژەڵەکان دەخورێت. خۆمان تامەزرۆی خواردنەکە نەبووین، بەڵام دوو هەزار و 200 کیلۆمەترمان بڕی بۆ ئەوەی لە نزیکەوە بزانین ئاخۆ راستە دەگوترێت لە چین ئەوەی بجووڵێت، دەیخۆن؟
کاتێک گەیشتینە بازاڕی شاجۆ لە پارێزگەی گانسو، ئەو جۆش و خرۆشەی لەوێ هەبوو، خەریکبوو پرسیارە سەرەکییەکەمان لەبیربباتەوە، هەر کە خۆرئاوابوو، بازاڕی شاجۆ بووژایەوە و خوانەکان بە میوزیک و گۆرانی رازێندرابوونەوە.
دەستگێڕێک مێز بە مێز لەبەرامبەر بڕە پارەیەک، مایکی دەدایە دەست خەڵك، ئەوانیش دەنگیان بە هەر جۆرێک بووایە، بەدەم خواردنەوە گۆرانییان دەگوت. ئەوە بەزمی زۆربەی خوانەکان بوو لە بازاڕی شاجۆ.
لەو بازاڕە گۆشتی سەگمان نەبینی، بەڵام گۆشتی گوێدرێژ و بەراز و بۆق دەفرۆشرا. ئێریک، هاووڵاتییەکی چینییە، پێی گوتم، "من رۆژانە گۆشتی بەراز دەخۆم، حەزم بە گۆشتی بەرازە. تامی وەکو هەرجۆرێکی دیکەی گۆشت وایە، بەچێژە."
فانسی، هاووڵاتییەکی دیکەی چینییە، ئەو دەڵێت، "گۆشتی گوێدرێژ شتێکی ئاساییە لێرە، بەڵام لە پەکینی پایتەخت نا، بەچاوی خۆتان گۆشتی حوشتر و گوێدرێژ لێرە دەبینن، بۆیە ئەمە بووەتە شتێکی ئاسایی. بۆیە خەڵكی ئێرە خواردنی میللی دەخۆن."
لێم پرسی ئەی گۆشتی سەگ لێرە دەخورێت؟ فانسی وەڵامی دامەوە کە "نەخێر، گۆشتی سەگ هەرگیز لێرە ناخورێت." لەبارەی ئەوەی ئایا خۆی گۆشتی گوێدرێژی تاقیکردووەتەوە؟ فانسی گوتی "نەخێر، هەرگیز."
لەو بازاڕە هەر کەسە و بەجۆرێک رێکلام بۆ کاڵاکانی دەکات، بەشێکیان هونەرمەندێکن بۆ خۆیان، هەر کەسە و بە دەستە رەنگینەکانی بژێویی ژیان پەیدا دەکات. فرۆشیارێک وەکو لە ڤیدیۆکەدا دەیبینن، بەشێوەی یانسیب، ماست دەفرۆشێت، ئەو تەکنیکە بۆ ئەوە بەکاردەهێنێت تاوەکو زیاتر بەرهەمەکەی بفرۆشێت، بەڵام ئەو چەند خولەکەی ئێمە لەوێ بووین، چوار جامی ماستی دۆڕاند.
هەر لەو بازاڕە ڤێرجینیامان بینی، ئەویش خەڵکی چینە و بە پارە خەڵک فێری تەپڵ لێدان دەکات، دەڵێت: "یەکەم جارە دێمە ئەم شارە، یەکەم جاریشمە پێ دەنێمە ئەم بازاڕە. بەڕاستی بازاڕێکی زۆر ئارام بەخشە، زۆر خۆشحاڵم کە هاتووم بۆ ئەم بازاڕە. دونهوانگ شارێکی مێژووییە و زۆربەی چینییەکان دەیانەوێ بێنە ئەم شارە."
لەگەڵ تیمی رووداو تاوەکو کاژێر 02:00ـی شەو لەوێ ماینەوە، بەڵام ئەوکاتەی بازاڕەکەمان جێهێشت، هێشتا دووکەڵ و بۆنی خواردنی جۆراوجۆر بە ناوچەکەدا بڵاودەبووەوە و دەنگی گۆرانی و بەزمی شەوانەی بازاڕی شاجۆ هێشتا گەرم بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ