جۆن كێربی بۆ رووداو : ئاگادارنیم بە وڵاتانمان گوتبێ چەك راستەوخۆ نەدەنە كورد

03-07-2015
نامۆ عەبدوڵڵا
نامۆ عەبدوڵڵا
جۆن كێربی
جۆن كێربی
نیشانەکردن جۆن كێربی
A+ A-

رووداو – واشنتن

جۆن كێربی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "من ئاگادارنیم كە ئەمریكا بەهیچ شێوەیەك وڵاتانی دیكەی ئاراستەكردبێت لەبارەی شێوازی دابینكردنی چەك بۆ هێزەكانی پێشمەرگە".

نائاگایی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە لەم بابەتە مانای ئەوە نییە كە رووینەدابێت. بەرپرسانی وڵاتانی سوننەی عەرەبی كەنداو بە رۆژنامەی (تەلەگراف) دەڵێن كە بیر لەوە دەكەنەوە بێ گوێدانە سیاسەتی ئیدارەی ئۆباما و حكومەتی عێراق، خۆیان تاكلایەنە راستەوخۆ چەكی پێشكەوتوو بۆ پێشمەرگە بنێرن.

گوتەبێژەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا دەڵێ ئەمە پێویست ناكات چونكە بەغدا رێگری دروستنەكردووە لەبەردەم ناردنی چەكدا بۆ كورد.

جۆن كێربی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە هەروەها بە رووداوی گوت "هێزە كوردییەكان لە عێراق، پێشمەرگە، چەك و كۆمەك و هاوكاریان وەرگرتووە لە هاوپەیمانێتییەكە نەك تەنیا ئەمریكا. حكومەتی بەغداش شتەكانی گلنەداوەتەوە و نەبووەتە رێگر لەبەردەم گەیشتنی كۆمەكەكاندا".

لەو رووەوە كوردانی باشووری كوردستان بەختەوەرترن لە كوردانی رۆژئاوای كوردستان كە ئەمریكا بەهیچ شێوەیەك ئامادەنەبووە چەكیان بۆ بنێرێت . شەڕڤانانی رۆژئاوای كوردستان بەشێكیش نین لەو پرۆگرامەی ئەمریكا دایناوە بۆ مەشقكردن بە ئۆپۆزیسیۆنی سووریا. هۆكارەكەشی، هەندێك كەس دەڵێن، پەیوەندی بەو جیاوازییەوە هەیە كە لەنێوان ستراتیژی سیاسی و ستراتیژی سەربازیدا هەیە.

دۆگلاس ئۆلیڤانت، پسپۆڕی سەربازی، دامەزراوەی ئەمریكای نوێ ، لەوبارەوە ئەو شرۆڤەیە دەكات بۆ رووداو "ئەو شتانەی كە لەڕووی سەربازییەوە مانادارن بۆ شەڕكردنی دژی داعش لە عێراق و سووریا، باشترین چارەسەری سەربازی، ژەهراویترین چارەسەری سیاسییە . ئەمەش هۆكاری ئەوەیە كە كەوتووینەتە ئەم شكستە گەورەیەوە كە تێیداین و هیچ رێگەیەكی روون بۆ دەربازبوون لێی نییە".

ئەو پسپۆڕە ئەمریكییە سەبارەت هۆكاری سەرەكی بۆ ئەوەش دەڵێ "ناڵێم كە ئەمریكا سیاسەتی دەرەوەی بەرامبەر كوردانی سووریا جیاوازە. لە راستیدا، هیچ بیریشیان لێنكاتەوە. رقم لێیەتی بەوشێوەیە تۆخە بیڵێم ، بەڵام پێموایە زیاد یان كەم ئەوە بارودۆخەكە بەوشێوەیە. گرنگترین شت بۆ ئەمریكا ئێستا تێكشكاندنی داعش و چارەسەركردنی رژێمی ئەسەد و دروستكردنی جۆرێك لە ئەنجامە كە تورك خۆشحاڵ بكات".

لە بابەتەكەی رۆژنامە بەریتانییەكەدا ناوی ئەو وڵاتە عەرەبییانە نەهاتووە كە توڕەن لە سیاسەتی ئۆباما بەرامبەر كورد لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. بەڵام سعودییە و وڵاتانی كەنداو بەگشتی نیگەرانی خۆیان بەرامبەر سیاسەتی ئۆباما لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست نەشاردووەتەوە.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە