توێژینەوەیەک: لە داهاتوودا مرۆڤەکان باڵابەرزتر دەبن و پیاوانیش زیاتر لە ماڵ دەمێننەوە

03-06-2024
رێکار عەزیز @Rekar_Azeez
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
توێژینەوەیەکی زانکۆی "باث"ی بەریتانی دەریخستووە لە داهاتوودا مرۆڤەکان باڵابەرزتر و جوانتر دەبن، بەشێوەیەک، ئەگەر خەڵکی ئەو سەردەمە لە رووی جوانییەوە بەراورد بکەی بە خەڵکی ئێستا، وەکو بەراوردی نێوان خەڵکی ئێستا و مرۆڤی نیاندەرتال دەبێت، هاوکات پیاوانیش زیاتر لەماڵەوە دەمێننەوە و ئاگایان لە منداڵەکانیان دەبێت.
 
زانایان لە زانکۆ بەریتانییەکە دەڵێن سێ گۆڕانکاری گەورە بەسەر مرۆڤدا دێت، یەکەمیان مرۆڤەکان باڵایان بەرزتر دەبێت، بەو پێیەی کچان بەدوای ئەو پیاوانەدا دەگەڕێن کە لەوان باڵابەرزترن و بەمەش بە تێپەڕبوونی کات مرۆڤەکان باڵایان بەرزتر دەبێت.
 
دووەمیان، سووڕی مانگانە لە ئافرەتان دوادەکەوێت، ئەمە وادەکات بتوانن منداڵی زیاتر بخەنەوە، بەمەش پیربوون دوادەکەوێت و تەمەنی مرۆڤ درێژتر دەبێت.
 
توێژینەوەکەی زانکۆ باث دەڵێت مرۆڤ هێشتا دەرفەتی پەرەسەندنی تێدا ماوە، لە چەند سەت ساڵی داهاتوودا ئافرەتان دەتوانن لە تەمەنی گەورەش دوو گیان ببن.
 
زانایان باوەڕیانوایە، ئافرەتان وردە وردە خەریکە مەیلیان دەکەوێتە سەر ئەو پیاوانەی لەش رێکن نەک کەسانی وەرزشی، بەوپێیەی سەرنجی گەورەیان لەسەر وەچەخستنەوە دەبێت.
 
هەر بەگوێرەی هەمان توێژینەوە، لە داهاتوودا کچان زیاتر بەدوای ئەو پیاوانەدا دەگەڕێن کە لە ماڵەوە دەمێننەوە و ئاگایان لە ماڵ و منداڵیان دەبێت.
 
زانایان دەڵێن هەر خواردنێک یاخود چالاکیێک مرۆڤ دەستی بۆ دەبات، کاریگەری بەسەر جینەکانەوە دەبێت، ئەمەش واتا مرۆڤ بەدەستی خۆی پێکهاتەی جەستە و شێوازی ژیانی خۆی لە داهاتوودا دیاری دەکات.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە