بۆچی ئۆباما بەشار ئەسەدی نەڕووخاند؟

03-04-2016
ئاسۆ محەممەد
نیشانەکردن ئۆباما بەشار ئەسەد
A+ A-

 رووداو - هەولێر

ساڵی 2012 ئەو كاتە بوو، کە هەموو وڵاتانی ناوچەکە چاویان لەوە بوو ئەمریکا لە سووریا شتێک بکات، بەڵام ئۆباما هیچی نەکرد، ئەو كاتە حیزبوڵڵا، ئێران و داعش  لە سووریا نەبوون، ئەگەر بەشار ئەسەد لە دەسەڵات لاببرایە،  ئێستا سووریایەکی دیکە دەبینرا.
    
داوگ لۆکس، بەرپرسی دەزگای هەواڵگری ئەمریکا (CIA) لە سووریا ئاماژە بەوە دەکات، لە ساڵی 2012 بۆ رووخاندنی بەشار ئەسەد، سەرۆكی سووریا پلانێکی "ورد و پوختی" خستووەتە بەردەم کۆشکی سپی، بەڵام باراک ئۆباما، سەرۆکی ئەمریکا رەتیکردووەتەوە.

لە 2012 داوگ لۆکس، کە چاو و گوێی دەزگای هەواڵگری ئەمریکا بووە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و راستەوخۆ سەرپەرشتی دۆسیەی سووریای کردووە، لەگەڵ ژمارەیەک بەرپرس و دەزگا هەواڵگرییەکانی ناوچەکە، تەنانەت لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسان و فەرماندە سەربازییەکانی سوپای سووریا و ئۆپۆزیسیۆنیش، بە راستەوخۆ یاخود ناڕاستەوخۆ گفتوگۆی دەربارەی دوورخستنەوەی بەشار ئەسەد کردووە.

ئەرکی لۆکس لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست "بیستن، بینین و پێشنیازکردن" بووە بۆ سی ئای ئەی. لۆکس  ئاماژە بەوەدەکات، کۆشکی سپی و دەزگای هەواڵگری پێیان گوتووە، کە ئەرکی سی ئای ئەی دوورخستنەوەی بەشار ئەسەدە لە سووریا، بەڵام دوای خستنەڕووی 50  بژاردە بۆ دوورخستنەوەی ئەسەد، هیچ کام لە بژاردەکان لە لایەن کۆشکی سپییەوە پەسندنەکراون.

لۆکس دەڵێت "پلانەکانم لە نێوان رەش و سپیدا بوو، بەڵام ئیدارەی ئەمریکا بۆ یەک پلانیش گڵۆپی سەوزیان بۆ ‌هەڵنەکردین".

دەیڤید پیترایۆس، سەرۆکی سی ئای ئەی لە سەر پلانەکەی لۆكس رازیبووە، بەڵام ئۆباما و تیمەکە رەتیان کردووەتەوە بەشار ئەسەد دووربخرێتەوە.

لۆکس دەڵێت "ئەگەر یەکێک لەو پلانانە جێبەجێبکرابایە، ئێستا نە داعش سەریهەڵدەدا، نە چەکی کیمیایی لە سووریا بەکاردەهات و نە قەیرانی کۆچبەران دروستدەبوون، نە ئەو وڵاتەش وێران دەبوو".

ئەو ئەفسەرەی دەزگای هەواڵگری ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکات "یەکێک لە پلانەکان ئەوەبووە، چەند بەرپرسێکی باڵای نێو حکومەتی سووریا گوشار بخەنە سەر بەشار ئەسەد و لە دەسەڵات دووری بخەنەوە".
 
لە ساڵی 2012 هەریەکە لە رۆبرت فۆرد، باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە سووریا و دەیڤید پیترایۆس، بەڕێوەبەری سی ئای ئەی و لوین پانێتا، وەزیری بەرگریی و هیلاری کلینتن، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، هەفتانە دەربارەی بژاردەکانی واشنتن لە سووریا کۆبوونەتەوە.  

داوگ لۆکس، بەرپرسی سی ئای ئەی لە سووریا دەڵێت "خۆمم داڕزاند، ژیانی خۆمم لەسەر دانا. لە حیسابی تەندروستی خۆم هەموو شتێکم بۆ هاوکاریکردنی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا کرد، بەڵام دەرئەنجام بۆم دەرکەوت بێهوودەیە، ئیدی من پرسیارم لەخۆم کرد، من چ دەکەم لە ژیانمدا؟  بۆیە دەستم لە کارکێشایەوە".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە