حکومەتی بەریتانیا بە زمانی کوردی هۆشداری دەداتە کۆچبەرانی نایاسایی: بتانگرین دەردەکرێن

03-03-2025
دڵزار زوبێر @DilzarZubair
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

پەڕەی فەرمیی حکومەتی بەریتانیا هۆشدارییەکی بە زمانی کوردی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "ئەگەر بە نایاسایی بێیتە بەریتانیا، دەکرێ دەستگیر بکرێیت و دەربکرێیت." هاوکات، چیرۆکی ژمارەیەک کۆچبەری کورد و نەهامەتییەکانی کۆچ دەگێڕێتەوە. وەزارەتی ناوخۆی وڵاتەکەش ئاماری کۆچ بڵاودەکاتەوە. 
 
وەزارەتی کۆچبەرانی بەریتانیا ئاماژەی بەوە دەکات، "قاچاخچیەکان پێت دەڵێن کە کۆچی نایاسایی بۆ بەریتانیا کارێکە مەترسیی نییە و ئاسانە و دەتوانیت لێرە ژیانێکی خۆش بۆخۆت دابین بکەیت. بەڵام ئەم قسەیە زۆر لە راستی دوورە." 
 
ئەوە لەکاتێکدایە، بەشێکی هاونیشتمانییان بۆ گەیشتن بە بەریتانیا، لە فەرەنساوە بە بەلەمی بچووک و چووپ رێگەی نۆکەندی ئینگلیز دەگرنە بەر و دەپەڕنەوە بۆ بەریتانیا. 
 
دوایین جار، رۆژی یەکشەممە، 2ـی ئادار، بەلەمێکی کۆچبەران بە 69 سەرنشینەوە کە نزیکەی 20 کۆچبەری کوردیشی تێدا بوو، لە نۆکەندی ئینگلیز بێسەروشوێن بوو. دواتر پۆلیسی فەرەنسا رزگاری کردن و گەڕاندنیانەوە بۆ فەرەنسا. 
 
حکومەتی بەریتانیا باس لەوە دەکات، کۆچی نایاسایی بۆ بەریتانیا "تێچووی زۆرە، تەنانەت لەوانەیە گیانیشت تێدا بچێت. گەلێک ژن و پیاو و منداڵ لەنێو لۆرییەکاندا مردوون کاتێک هەوڵیان داوە لەڕێگەی بەلەمی بچووک یان خۆشاردنەوە بێنە بەریتانیا." 
 
ئامارەکان چی دەڵێن؟ 
 
ئەوە لەکاتێکدایە، بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی حکومەتی بەریتانیا، تەنیا لە سەرەتای ئەم ساڵەوە لانیکەم 1,554 کۆچبەر بە بەلەمی بچووک لە نۆکەندی ئینگلیزی پەڕیونەتەوە بۆ بەریتانیا. 
 
لە ساڵی 2024، 36 هەزار و 816 کۆچبەر بەنایاسایی رێگەکەیان بڕیوە. بەگوێرەی حکومەتی بەریتانیا، زۆرترین کۆچبەر لە ساڵی 2022 روویان لەو وڵاتە کردووە. بەجۆرێک 45 هەزار و 755 کەس روویان لەو وڵاتە کردووە. 
 
بەگوێرەی رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی، تەنیا لە ساڵی 2024 دا، 78 کۆچبەر لە کاتی هەوڵدان بۆ پەڕینەوە لە نۆکەندی ئینگلیز گیانیان لەدەستداوە. 
 
حکومەتی بەریتانیا باس لەوە دەکات، زۆرترین کۆچبەر لە وڵاتانی ئەفغانستان، سووریا، ئێران، ڤێتنام و ئێریتریاوە روو لەو وڵاتە دەکەن. بەجۆرێک ئەو وڵاتانە 61٪ـی کۆی پەڕینەوەکانی نۆکەندی ئینگلیز پێکدەهێنن. 
 
وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا دەڵێت، تاوەکو کۆتایی ساڵی 2024، 108 هەزار و 130 هەزار کەس داوای مافی پەنابەرێتییان لەو وڵاتە کردووە. ئەوەش بەرزترین ژمارەیە لە ساڵی 1979وە. 
 
حکومەتی بەریتانیا قسەیان لەگەڵ کۆچبەرێک کردووە کە وەکو خۆیان باسی دەکەن بە نایاسایی چووەتە وڵاتەکە و کاری کردووە. کۆچبەرەکە دەڵێت: "لە بەرامبەر کارەکەم پارەم پێنەدرا. هەروەها هاتووچۆی منیان لە بەریتانیا سنووردار کرد."
 
کێنداڵ، ئەفسەری جێبەجێکردنی کاروباری کۆچبەران دەڵێت: "پێم وایە قاچاخچییەکان بەڵێنی شتێکی جیاوازیان پێدەدەن… واتا داهاتوویەکی باشتر، ژیانێکی باشتر. بەڵام راستییەکە زۆر جیاوازە."
 
سمینا، ئەفسەری هێزەکانی پاسەوانی سنووری بەریتانیایە و دەڵێت: "قاچاخچییەکان بۆ پەیداکردنی پارە ژیانی خەڵکی دەخەنە مەترسییەوە. ئەوە شایەنی ئەوە نییە ژیانتی بۆ بخەیتە مەترسییەوە. خەڵکانێکم بینیوە کە ئازاری لەدەستدانی ئازیزانیان دەچێژن. ئەو بەلەمانەی بەکاریان دەهێنن کەڵکی گەشتی دەریایان نییە. زۆربەیان بە دەست دروستکراون. زۆر جاریش بە لەزگە پێکەوە بەستراون. هیچ رێکارێکی سەلامەتییان تێدا نییە. زۆرجار هەیە لەجیاتی چاکەتی سەلامەتی چووپ بەکاردەهێنن. " 
 
 
ئانکڵ، ئەفسەرێکی جێبەجێکردنی یاسای کۆچبەرانە و دەڵێت: "من چوومەتە دۆڤەر و فۆلکستۆن. بینیومە کاتێک ئەم بەلەمە چووپانە بە کۆچبەری نایاساییەوە دێنە بەریتانیا، بارودۆخەکە زۆر خراپە. منداڵم بینیوە بەبێ چاکەتی سەلامەتی هاتوون. شەوان بەنێو ئاوی ساردی دەریادا گەشتیان کردووە لەنێوان بەریتانیا و فەرەنسا." 
 
حکومەتی بەریتانیا دەڵێت، چوون بۆ بەریتانیا بە قاچاخ بە تاوان دەناسرێت و سزای تا چوار ساڵ زیندانیکردن و دیپۆرتکردنەوەی هەیە. بەریتانیا زیاتر لە جاران خەڵک دەستگیر دەکات بەهۆی پێشێلکردنی یاساکانی کۆچ.
 
وەزارەتی کۆچبەرانی بەریتانیا چیرۆکی چوار کۆچبەری کوردی بڵاوکردووەتەوە بەبێ ئەوەی ناسنامەیان ئاشکرا بکات. 
 
'دوای پێنج ساڵ هێشتا قەرزی گەشتەکەمان نەداوەتەوە' 
 
یەکێک لەوانە کە بە (ئـ) ناوی هاتووە، دەڵێت: "ئێمە 16 هەزار پاوەندمان دا بە ئاژانسی گەشتوگوزار بۆ گەشتەکەمان بۆ بەریتانیا." بەبێ ئەوەی روونیبکاتەوە ئەو ئاژانسە لە کام وڵاتە. دەڵێت، ساڵی 2020 گەشتی بۆ بەریتانیا کردووە، ئێستا گەڕاوەتەوە و هێشتا قەرزی ئەو گەشتەی نەداوەتەوە. 
 
چیرۆکەکەی بەمشێوەیە دەگێڕێتەوە: 
 
بۆ ماوەی ساڵێک لە شوێنی جیاواز خەریکی کاری بیناسازی بووین. کارەکە قورس و بێزارکەر بوو و هاوسەرەکەم پشتی بریندار بوو. ئەو داوای چارەسەری پزیشکی نەکرد، چونکە هەردووکمان نیگەران بووین لەوەی دووربخرێینەوە لە بەریتانیا.
 
دوای ساڵێک کارکردن من حەپەسام کە خاوەنکارەکەمان تەنیا نیوەی مووچەکەمانی پێدا چونکە ئێمە مافی مانەوەمان نەبوو لە بەریتانیا. زۆر تووڕە بووین بەڵام لە هەمان کاتدا بێ دەسەڵات بووین. زانیم وەک کرێکاری نایاسایی، هیچ رێگەیەکم نییە داکۆکی لە بەرژەوەندییەکانم بکەم.
 
ساڵی 2020 بڕیارم دا بگەڕێمەوە بۆ وڵاتەکەی خۆم. لە ئێستادا لە وڵاتەکەی خۆمدا هەلی کاری کەمم هەیە لەبەرئەوەی دەبێ ئاگام لە هاوسەرەکەم بێت. ئێستا من لە پارێزگایەکی دیکە لە چێشتخانەیەک کار دەکەم.
 
بەکورتی ئەزموونی کارکردنی من لە بەریتانیا ئەمەیە: کاژێرەکانی کارکردنی زۆر درێژ، کاری قورس و ماندووکەر، نەبوونی سەلامەت و ژیانی کۆمەڵایەتی. هیچ شتێکمان دەست نەکەوت. هاوڕێ و دراوسێکانمان بڕوایان بە ئەزموونەکەی ئێمە نەدەکرد. پێیان وابوو ئێمە نامانەوێت لای ئەوان باسی پەیوەندیەکانمان بکەین کە لەوێ هەمانە.
 
کارکردن لە دەرەوەی وڵات بایەخی نییە. پارەکەم لە دەستچوو و تەندروستیی هاوسەرەکەشم لەدەست دا. ئێمە هێشتا 5500 پاوەند قەرزارین کە بۆ گەشتەکەمان بۆ بەریتانیا قەرزمان کردبوو.
 
 
'پەشیمانم لە چوونم بۆ بەریتانیا' 
 
کۆچبەرێکی دیکە کە بە (ب) ناوی هێنراوە، بەمشێوەیە چیرۆکی خۆی دەگێڕێتەوە:
 
لەسەر قسەکانی خێزان و برادەرەکانم بڕیارم دا بڕۆم بۆ بەریتانیا. وەک شوێنێکی پڕ لە هەل و دەرفەت باسیان دەکرد.
 
هەمووان پێیان دەوتم ژیان لە بەریتانیا وەک خەون وایە، وەک چیمەنێکی پڕ لە گوڵ و هەرچییەکم پێویست بێ زۆر بەئاسانی دەیدۆزمەوە.
 
ژیان و کارکردن لە بەریتانیا هیچ ئەوە نەبوو کە من چاوەڕێم دەکرد.
 
لەبارەی پەڕینەوە لە سنوور شتێکی وام پێنەگوترا جگە لەوەی کە زۆر سەلامەتە. گەشتەکە لە فەرەنسا بۆ بەریتانیا زۆر جیاواز بوو لەوەی کە قاچاخچیەکان بۆ منیان باس کردبوو. شەو سواری بەلەمێکی بچووک بووین نزیکەی 30 کەسی تێدا بوو. جووڵە لە تاریکییەکەدا زۆر سامناک بوو – تەنانەت زۆر بەسەختی دەستی خۆمان دەدیت. 
 
سەرەڕای ئەوەی کە سەرەتا دەریا هێمن بوو، بارودۆخەکە گۆڕا کاتێک لە نیوەی رێگەدا بارانێکی زۆر باری و بەلەمەکە تاوەکو سەرەوەی گۆزینگمان پڕ بوو لە ئاو. بەدەست ئاوەکەمان فڕێدەدایە دەرەوە، بەڵام سوودی نەبوو. بەهۆی باران و ئاوی دەریا هەموو گیانمان تەڕ بوو.
 
زانیارییەکی کەمم هەبوو لەسەر بارودۆخی یاسایی کاردکردن لە بەریتانیا چونکە قاچاخچییەکان دڵنیایان کردبووینەوە تاکە کێشەمان ئەوەیە بگەینە بەریتانیا. بە قسەی ئەوان هەر کە گەیشتین هەموو پرسەکانی سەبارەت بە شوێنی نیشتەجێبوون و دامەزراندن زۆر بەئاسانی جێبەجێ دەکرێت. ئەوان گوتیان یارمەتیمان دەدەن بۆ دۆزینەوەی کار و دابینکردنی ژمارەی بیمەی نیشتیمانی. هەروەها گوتیان کەسانێک هەن کە زیاتر لە 25 ساڵە لە بەریتانیا نیشتەجێن و لەوێ کاردەکەن بە بێ ئەوەی مافی مانەوەیان هەبێت.
 
پاش تێپەڕینی 2-3 مانگ، هەموو هیوام ئەوەبوو بگەڕێمەوە وڵاتەکەی خۆم. نەم دەتوانی خۆم بگونجێنم لەگەڵ ژیانی ئەوێ، بەتایبەتی بەهۆی سرووشتی سەختی شەفتی بیناسازی کە دەبوایە هەر حەوت رۆژی هەفتە 12 کاژێر کاربکەم. تاکە هۆکاری بەردەوام بوونم لەسەر ئەم ئیشە ئەوە بوو کە دەمویست داهاتێکی زۆرم هەبێت بەرلەوەی بگەڕێمەوە بۆ وڵاتەکەی خۆم تاوەکو هیچ نەبێ ئەو پارەیە بدەمەوە کە بۆ سەفەرەکەم بەقەرز وەرمگرتبوو. تێکەڵبوون بە کولتووری ناوچەکە سەخت بوو و وای کرد زیاتر بێ تاقەت بم.
 
زۆر ناڕازیم لە بڕیاری هاتنم بۆ بەریتانیا. خستنە مەترسیی گیانم لەو بەلەمە بچووکانەدا ئەزموونێک بوو کە لێی پەشیمانم. نەک هەر جارێکی تر بڕیارێکی لەم جۆرە نادەمەوە، بەڵکوو ئامۆژگاری هاوڕێ و خێزانەکەشم دەکەم کە ئەم رێگایە نەگرنەبەر.
 
ژیان لە بەریتانیا زۆر سەختە کاتێک تۆ کۆچبەرێکی نایاساییت لەوێ. حکومەت هیچ پشتگیری و یارمەتییەکت نادات بۆ داواکردنی پەنابەری. خەرجی ژیان لە بەریتانیا لەگەڵ داهاتی کارەکەت بە هیچ شێوەیەک ناگونجێت. دۆزینەوەی کار بەبێ هەبوونی بەڵگەی یاسایی هەر سەختتر دەبێت و لەوانەیە زۆر بە ئاسانی روو بکەیتە بازرگانیکردن بە مادە هۆشبەرەکان لەسەر شەقامەکان و ژیانی خۆت بخەیتە مەترسییەوە.
 
لەوانەیە زۆر بەئاسانی فریو بدرێی و روو بکەیتە بازرگانیکردن بە مادە هۆشبەرەکان، بەتایبەتی ئەگەر بێکار بیت و نەتوانیت پارە پەیدابکەیت.

 

 
مەترسیەکانی پەیوەست بە هەوڵی هەبوونی ژیانێکی نوێ لە بەریتانیا هیچ پاساوێکی نییە. کارکردن وەک بازرگان لە وڵاتەکەی خۆت لەگەڵ خێزان و ماڵی خۆت ژیانێکی باشترت بۆ دابین دەکات بە بەراورد لەگەڵ ئەو ئاستەنگیانەی کە لەوانەیە لە بەریتانیا رووبەڕوویان ببیتەوە. دابینکردنی بژێوی ژیان و ناردنی پارە بۆ ماڵەوە کاتێک بەتەنیا لە وڵاتێکی بیانی دەژیت زۆر سەختە.
 
هەرچی پێویست بێت دەیکەم بۆ رێگریکردن لە خێزان و هاورێکانم لە ئەنجامدانی ئەم گەشتە مەترسیدارە بۆ بەریتانیا.
 
'بەهۆی قەرزاری کۆچم کرد'
 
یەکێکی دیکە لە کۆچبەران کە بە (ج) ناوی هێنراوە، دەڵێت، بەهۆی قەرزارییەوە رووی لە بەریتانیا کردووە. 
 
چیرۆکەکەی بەم شێوەیە دەگێڕێتەوە: 
 
بڕیارم دا بێمە بەریتانیا لەبەرئەوەی خۆم و خێزانەکەم زۆر قەرزدار بووین. من لە گوندێکی زۆر هەژار لە کوێستان گەورە بووم و کاتێک باوکم کۆچی دوایی کرد، بووم بە گەورەی ماڵەوە.
 
تازە دەزگیرانم هەبوو و پێنج خوشکم هەیە کە دەبوو ئاگام لێیان بێت، بۆیە بڕیارم دا بێمە بەریتانیا تاوەکو بڕێک پارەم دەستکەوێ و بینێرمەوە ماڵەوە.
 
پیاوێکم ناسی لە سییەکانی تەمەنی بوو و بۆ نانی ئێوارە چەند جارێک من و چەند کەسێکی تری بردە دەرەوە. ئەو پێی گوتین کە چەندین جار ئەم گەشتەی کردووە و ژیان لە بەریتانیا زۆر ئاسانترە و دەتوانیت پارەیەکی زۆر پەیدا بکەی.
 
بنەماڵەی هاوسەرەکەمم رازی کرد لەسەر ماڵەکەیان قەرز وەربگرن لەبەرئەوەی بەڵێنم پێدرابوو دەستبەجێ ئیشێک بدۆزمەوە و لە ماوەی سێ  مانگدا پارەیەکی زۆر بەدەستبهێنم کە بتوانم هەموو قەرزەکانم بدەمەوە.
 
گەشتەکە ئەوەندە ئاسان نەبوو وەک ئەوەی پێم گوترابوو. لە فەرەنسا پێش ئەوەی بە بەلەمێکی بچووک بکەومە رێ، یەکێک لە دەڵاڵەکان منی بانگ کرد و گوتی بەلەمە بچووکەکان زۆر سەلامەت نین، بەڵام ئەگەر پارەیەکی زیاتر بدەم دەتوانم سواری بەلەمێک بم کە گەورەتر و سەلامەتترە. . چاوەڕێی ئەوەم نەدەکرد بەڵام پێم وابوو بژاردەیەکی باشترە و هەرچۆنێک بێت پارەکەم دا.
 
کاتێک کە بە شەو گەیشتینە خاڵی رۆیشتن، زۆر قەرەباڵخ بوو و من ناچار بووم سواری بەلەمێکی بچووک بم. کاتێک ویتسم بڵێم من پارەی بەلەمێکی گەورەترم داوە، دەڵاڵەکان پێم پێکەنین، تفەنگەکەیان راوەشاند و گوێیان نەدا بە من. ئەوان دەیانوەیست ترس لە دڵی خەڵکەکە درووست بکەن و خێرا بکەونە رێ بۆیە هەر دەیانگوت پەلە بکەن خەریکە پۆلیس دێت.
 
پێم وابوو ژیان لە بەریتانیا زۆر ئاسان دەبێت، حکومەت یارمەتیم دەدات و ماڵێک یان هیچ نەبێ ژوورێکم بۆ پەیدا دەکات تێیدا بژیم … ناچار نابم کرێ بدەم و دەتوانم زۆربەی داهاتەکەم بنێرمەوە بۆ خێزانەکەم. پێم وا بوو پارەیەکی زۆرم دەست دەکەوێت و پێویست ناکات چێشت لێنێم و هەموو ڕۆژێک لە دەرەوە نان دەخۆم.
 
ئەزموونی ژیان لە بەریتانیا زۆر جیاوازە لەگەڵ ئەو شتەی بیرم لێدەکردەوە. بۆ دۆزینەوەی خانووبەرە هیچ کەس یارمەتی نەدام.
 
پاراستنی ئەم کارە زۆر سەخت بوو، لەبەرئەوەی تا پێش ئەمە هەرگیز لە پیشەسازی بیناسازیدا کارم نەکردبوو و بەرگەی شەفتێکی دوورودرێژم نەدەگرت و هیچ کارێکم نەدەزانی. لەگەڵ ئەوەشدا، ئیتر نەمدەتوانی هەموو جار بۆ رۆێشتن بۆ کارەکەم دوو کاژێر بە گواستنەوەی گشتی بڕۆم.
 
کێشەی زۆرم هەبوو و هاوکارەکانم پێیان گوتم بیر لەوە بکەمەوە کە کار بکەم لە خانووی بەرهەمی کشتوکاڵی لە دەرەوەی لەندەن. پێیان گوتم کارێکی ئاسانە و پۆلیس ئاگاداری بابەتەکەن و بیزارمان ناکەن و مانگانە مووچە وەردەگرم. بەڵام کاتێک دەستم بە کارکردن کرد و داوای پارەی خۆم کرد بۆ ئەوەی بینێرمەوە بۆ ماڵەوە، بەڕێوەبەرەکانمان پێیان گوتم کە ئەوان خواردنمان پێدەدەن، بەڵام تا بەرهەمەکان نەفرۆشرێت پارەمان پێنادەن.
 
زانینی ئەوەی کە دەتوانن بمنێرنەوە بۆ وڵاتەکەی خۆم بەبێ پەیداکردنی ئەو بڕە پارەیەی کە پێویستم بوو زۆر ترسناک بوو. هەستم بە ترس و دڵەڕاوکێ دەکرد کاتێک دەڕۆیشتم بۆ شوێنان، کاتێک بە پاس گەشتم دەکرد، لە کاتی شت کڕین و تەنانەت لە کاتی قاوە خواردنەوەش … بەتایبەتی کاتێک لەگەڵ کەسانی تر شۆفیریم دەکرد و گوێم لە دەنگی سەیارەی پۆلیس دەبوو، پێم وابوو دەیانەوێ بمگرن.
 
ئیتر بڕیاری وا نادەمەوە کە بە بەلەم بێمە بەریتانیا. لە ماڵەوە درۆم لەگەڵ خێزانەکەم دەکرد. ئێستاش هەر قەرزدارم و ڕێز و شکۆ و پیاوەتیم لەناو ئەندامانی بنەماڵەکەمدا نەماوە.
 
'32 کەس بووین بە بەلەمێکی بچووک نێردراین' 
 
حکومەتی بەریتانیا چیرۆکی کۆچبەرێکی دیکەشی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، ویستوویەتی کۆ بکاتە بەریتانیا بۆ ئەوەی پارە بۆ خێزانەکەی بنێرێتەوە. دەشڵێت، پێشتر لە ئەورووپا کاری کردووە، ئینجا چووەتە بەریتانیا. 
 
چیرۆکەکەی بەمشێوەیە دەگێڕێتەوە: 
 
دەمزانی لە رووی یاساییەوە مافی مانەوەم نییە لە بەریتانیا و لەوانەیە بنێردرێمەوە وڵاتەکەی خۆم، بەڵام ئامادەبووم بەختی خۆم تاقی بکەمەوە تاکوو بڕە پارەیەکم دەست کەوێت.
 
دەڵاڵەکان پێیان گوتین پەڕینەوە لە فەرەنسا بۆ بەریتانیا بە بەلەمی بچووک سەلامەت و ئاسانە. بەڵام لە راستییە زۆر جیاواز بوو. گەیشتمە کالایس و بۆ ماوەی پێنج رۆژ لە کەمپێکی قەرەباڵخ خەوتم و پڕ بوو لە ئەلبانییەکان و خەڵکی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
 
من لەگەڵ گرووپێکی 32 کەسی دانرام بۆ هەڵگرتنی بەلەمێکی بچووک. ناچار بووین بەلەمەکە هەڵبگرین و بۆ ماوەی کاژێرێک بەپێ بڕۆین و لە هەمان کاتدا تەنافەکان بە دەست و دەموچاومان دەکەوت.
 
پێدەچوو بەرپرسانی کەمپەکە کورد بن و لە رێگەی چەکەوە رێگرییان لە گلەیی و دەمەقاڵی دەکرد. بەلەمەکەمان لەسەر کەنارەکە دانا و نزیکەی 500 مەتر لەناو دەریادا رۆیشتین و پاشان هەموومان سوار بووین. نزیکەی پێنج کاژێر لە بەلەمەکەدا بووین تاوەکو گەیشتینە بەریتانیا.
 
کاتێک نزیکبووینەوە لە کەناراوەکانی بەریتانیا، پۆلیس رێی لێگرتین و ئێمەیان ناردە کەمپێک لەم ناوە و لەوێ زانیاری سەرەتایی ئێمەیان تۆمار کرد بێ ئەوەی بپرسن بۆچی بڕیارمان داوە بێینە بەریتانیا.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

تامی برووس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا. وێنە: Steven Ferdman/Getty Images

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ رووداو: چاوەڕێین گفتوگۆی دیکەی ئەتۆمی لە داهاتوویەکی نزیکدا بکرێت

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەوان چاوەڕێ دەکەن لە "داهاتووەکی نزیکدا" گەڕی چوارەمی گفتوگۆی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران بکەن، دوای ئەوەی کە عومان و تاران رایانگەیاند، ئەو کۆبوونەوەیەی کە بڕیاربووە شەممەی داهاتوو لە رۆما بکرێت، دواخراوە.