رووداو دیجیتاڵ
ئەمریکا دووپاتی دەکاتەوە بە نیاز نین لە داهاتوودا هێزی ئاشتیپارێز لە غەززە جێگیربکەن و ئاماژە بەوەش دەکات کە حەماس لە حکومەتی داهاتووی غەززەدا جێگەی نابێتەوە.
جۆن کێربی، گوتەبێژی ئاسایشتی نیشتیمانی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا دووپاتیکردەوە کە ئەوان هیچ پلانێکیان نییە "هێزی ئەمریکی نە ئێستا و نە لە داهاتوو لە غەززە جێگیربکرێن."
هەرچەند شەڕ و پێکدادان بەردەوامە و ئیسرائیل و حەماس دان بەوە دەنێن کە شەڕەکە درێژە دەکێشێت، بەڵام کێربی گوتی، لەگەڵ هاوبەشەکانیان لە گفتوگۆدان بزانن حکومەتی داهاتووی غەززە بە چ شێوەیەک بێت.
لەگەڵ بەردەوامیی شەڕ و پێکدادان و هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، قەیرانی مرۆیی قوڵتر دەبێتەوە، بە گوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە 7ـی ئۆکتۆبەرەوە زیاتر لە 1.4 ملیۆن کەس لە غەززە ئاوارەبوون، 121 هەزار و 750 کەسیش پەنایان بۆ نەخۆشخانەکان بردووە. هاوکات، 67 هەزار و 200 کەسیش لە 150 سەنتەری رێکخراوی UNRWAـی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان جێگیرکراون.
سەبارەت بەو خەڵکەی لە غەززە ئاوارە دەبن، کێربی گوتی، ئەمریکا پاڵپشتی لەوە ناکات هیچ پەناگەیەکی هەمیشەیی بۆ ئاوارە و دەربەدەربووان لە دەرەوەی غەززە بۆ خەڵکی غەززە بکرێتەوە.
ژمارەی گیانلەدەستدان لە غەززە لە 9 هەزار کەس نزیک دەبێتەوە، بەڵام جۆن کێربی دەڵێت، واشنتن باوەڕی وا نییە ئێستا کاتی ئاگربەستی گشتی بێت، بەڵام داوادەکات دەرفەتی گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بە خەڵکی غەززە بدرێت.
لەلایەکی دیکەوە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە وەڵامی پرسیاری ژنێکدا کە لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردن قسەی پێبڕی رایگەیاند، "پێویستمان بە نێوبڕێکە بۆ گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی و ئازادکردنی زیندانییەکان" کە دواتر کۆشکی سپی روونی کردەوە و مەبەستی بارمتەکان بووە.
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی کەرتی غەززە دەڵێت، لە 7ـی ئۆکتۆبەرەوە 8796 کەسی سڤیل گیانیان لەدەستداوە کە 3648 کەسیان منداڵن.
نیوەی 2.3 ملیۆن خەڵکەکەی غەززە تەمەنیان لەژێر 18 ساڵاندایە، هاوکات منداڵان نزیکەی 40٪ـی ئەو قوربانییانە پێکدەهێنن کە لە ماوەی 27 رۆژی شەڕ و پێکداداندا گیانیان لەدەستداوە. 2001 منداڵ کە تەمەنیان لەژێر 12 ساڵاندایە، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل گیانیان لەدەستداوە، هاوکات 615 منداڵیش تەمەنیان سێ ساڵ یاخود بچووکتر بووە.
ئیسرائیلیش دەڵێت، بەهۆی مووشەکەکانی حەماسەوە کە هەر لە کەرتی غەززە کەوتوونەتە خوارەوە، ژمارەیەکی زۆر لە فەلەستینی گیانیان لەدەستداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ