رووداو دیجیتاڵ
ئەو پۆلیسەی رۆژی هەینی لە گردبوونەوەیەکی "سیاسی دژە ئیسلام" لە شاری مانهایم لە باشووری رۆژئاوای ئەڵمانیا برینداربوو، بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.
پۆلیسە تەمەن 29 ساڵەکە بۆ رێگریکردن لە هیرشێکی چەقۆ لە گردبوونەوەکەی مانهایم تێوەگلابوو کاتێک لەلایەن یەکێک لە هێرشکارەکان چەندین چەقۆی لیدرا.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی پۆلیس و دادوەران لە شاری مانهایم،" دوای رووداوەکە نەشتەرگەری بۆ پۆلیسەکە کراوە و خراوەتە باری کۆمای دەستکرد. بەڵام ئێوارەی رۆژی یەکشەممە بەهۆی سەختی برینەکانی گیانی لەدەستدا."
تۆمەتبار هاووڵاتیێکی بەڕەچەڵەک ئەفغانی تەمەن 25 ساڵە، لە گرتە ڤیدیۆکاندا دەردەکەوێت کاتێک بەچەقۆ هێرشدەکاتە سەر پۆلیسەکە و پێنج کەسی دیکەی سەر بە گرووپێک بەناوی پاکس یۆرۆپ کە خۆیان دژ بە ئیسلام دەزانن. یەکێک لەو کەسانەی برینداربووە ئەندامی بۆردی راوێژکاری گرووپەکەیان بووە بەناوی مایکل ستورزنبەرگەر.
تۆمەتبار هەر هەمان رۆژ و لە هەمان کاتی رووبەڕووبونەوەکە لەلایەن پۆلیسەوە تەقەی لێکرا، بەڵام زیندوە و لە نەخۆشخانە چارەسەر دەکرێت. چاوەڕوان دەکرێت دوای چاکبوونەوەی گوتەی لێوەربگیرێت و بۆ زانینی پاڵنەری پشت رووداوەکە لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا بکرێت.
ئەمڕۆ لەسەرتاسەری ئەڵمانیا ستایشکردنی کارەکانی پۆلیسەکە و پرسەگێڕان بەبۆنەی کۆچی دوایی قسەی سەر زاری بەرپرسانی ئەڵمانی بوو.
حاکمی هەرێمی بادن ورتمبێرگ کە شاری مانهایمی لێیە، حەپەسانی خۆی بەم رووداوە راگەیاند و هاوخەمی بۆ کەسوکاری قوربانی دەربڕی: "ئەو تاوانە قێزەونە ئەو سەرکێشییە لە ژمارنەهاتووانەی پۆلیسمان بۆ رووندەکاتەوە کە چۆن رۆژانە لەبەرچاومان دووچاری دێن."
ئەم رووداوە زیاتر کێشە و ناکۆکییەکانی نێوان پارتی دەسەڵاتدار و پارتی ئالتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیای قووڵکردەوە. بەتایبەتی دوای ئەوەی سەرۆکی پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکە پشتی بە راگەیێندراوێکی ساختە بەستی گوایە نانسی فایسەر، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا داوای کردووە گرتەی ڤیدیۆیی ساتی هێرشەکە بڵاونەکرێتەوە نەوەک سوود بە پارتی ئەلتەرناتیڤ بگەیێنێت.
پارتی ئەلتەرناتیڤ لەلایەن هاوپەیمانی یەکێتیی کریستیان دیموکرات و یەکێتیی سۆشیال دیموکرات بەوە تۆمەتبار دەکرێت گوایە لە بەرژەوەندیی چین ورووسیا کار دەکات و پارتێکی راستڕۆی دژە کۆچبەرە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ