رووداو دیجیتاڵ
لە زانکۆیەک بە زەبری هێز چادرەکانیان پێ هەڵدەگرنەوە، لە زانکۆیێکی دیکە هەڵیدەدەنەوە. خوێندکارانی پەیمانگەی تەکنەلۆژیی ماسیچیوسس (MIT) چوونە ریزی نزیکەی 100 زانکۆی و پەیمانگەی ئەمریکی و، داوایان لە سەرۆکایەتیی دامەزراوەکەیان کرد پشت لە ئیسرائیل بکات.
بەگوتەی دەرچووانی زانکۆکە، پەیمانگەی تەکنەلۆژیی ماسیچیوسس لە 2015ـەوە 11 ملیۆن دۆلاری لە وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل وەرگرتووە بۆ توێژینەوەیەکی تەکنەلۆژی لەبارەی دروستکردنی درۆنی شەڕکەر.
محەممەد، دەرچووی MIT دەڵێ "ناتوانن پشتڕاستی بکەنەوە کە درۆنەکانیان لە غەززە بەکارنایەن. نایانەوێت دانی پێدا بنێن، کە درۆنەکانیان رەخنەی مافەکانی مرۆڤی لەسەرە."
بەڵام خۆپیشاندانی زانکۆی کۆڵۆمبیا لە نیویۆرک بەدڵی خۆپیشاندەران بەڕێوەنەچوو.
دوای دوو هەفتە چادرهەڵدان، رۆژی چوارشەممە پۆلیس بە زەبری هێز، 300 خوێندکاری دەستگیرکرد و بەردەم باڵەخانەکەی پێ چۆڵکردن.
پۆلیسی نیویۆرک بە مۆڵەتی سەرۆکایەتیی زانکۆ هەڵیکوتایە سەر باڵەخانەی زانکۆی کۆڵومبیا.
ماشا سۆکۆلۆڤا، خوێندکارە و دەڵێ "من، حەپەساوم لەوەی زانکۆکەمان کردوویەتی. بە هیچ شێوەیەک رێگەپێدراو نییە هێندە پۆلیسە بنێردرێنە نێو باڵەخانەکەمان."
تاوەکو ئێستا 1700 کەس لە خۆپیشاندانی زانکۆکانی ئەمریکا دەستگیرکراون.
خۆپیشاندانی زانکۆی کالیفۆرنیا لە لۆس ئەنجلس بە ئاشتیانە بەڕێوەدەچوو، تاوەکو لایەنگرانی ئیسرائیل هەڵیانکوتایە سەر خۆپیشاندەران. لەو گرژی و ئاڵۆزییە 15 کەس بریندار بوون.
خۆپیشاندانی زانکۆکانی ئەمریکا گەرمتربوون، کاتێک یەکێک لە زانکۆکان ئامانجەکەی بەدەستهێنا. زانکۆی بڕاون بڕیاری دا پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل بپچڕێنێت، خوێندکارانی بە ئاهەنگ و خۆشی پێشوازیان لەو هەنگاوە کرد و کۆتاییان بە مانگرتن هێنا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ