رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی بەلەمێکی چووپی کۆچبەران کون بوو، و داوای هاوکارییان کرد، کۆچبەرەکان لەلایەن پۆلیسی فەرەنساوە رزگار کران.
بەلەمە چووپەکە لە شەوی رابردووەوە لە فەرەنساوە بەرەو بەریتانیا بەڕێکەوتبوو، دوای کونبوونی، سەرنشینەکانی ژیانیان کەوتبووە مەترسییەوە.
رەنج پشدەری، چالاڤانی کۆچبەران لە ئەورووپا کە بەدواداچوونی بۆ رووداوەکە کردوووە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "نزیک کاژێر 12:30ـی ئەمڕۆ پۆلیسی فەرەنسا بە هانای کۆچبەرەکانەوە چوو و رزگاری کردن".
ژمارەی کۆچبەرەکان 69 کەس بوون. رەنج پشدەری دەڵێت، 20 لەو کەسانە کوردبوون و هەموویان گەڕێندراونەتەوە بۆ فەرەنسا.
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ، بێستوون عەبدوڵڵا، مامی یەکێک لە کۆچبەرەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "برازایەکم لەگەڵ هاوژین و منداڵەکەی لە بەلەمەکەدان و داوای هاوکاری دەکەن".
کۆچبەرەکان زۆرینەیان خەڵکی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕینن. یەکێک لە کۆچبەرەکان لە نامەیەکی دەنگیدا پێش رزگارکردنیان دەڵێت: "بەلەمەکەمان کون بووە، لە شەوەوە هەوای تێدەکەین، هەواکەی کەم دەبێتەوە و ئاو دێتە ژوورەوە".
ساڵانە بۆ گەیشتن بە بەریتانیا، هەزاران کۆچبەر بە بەلەمی بچووک و چووپ رێگەی کەناڵی ئینگلیزی دەگرنەبەر، کە دەکەوێتە نێوان فەرەنسا و بەریتانیا. بەگوێرەی ئاماری حکومەتی بەریتانیا، لە سەرەتای ساڵی 2025 تاوەکو 10ـی شوبات، هەزار و 554 کۆچبەر بە کەناڵەکەدا تێپەڕبوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ