قەدەخەکردنی پۆشینی عەبا لە قوتابخانەکانی فەرەنسا، فەرەنسییەکانی بۆ دوو بەرە دابەش کردووە

01-09-2023
رێکار عەزیز @Rekar_Azeez
لە ساڵی 2004دا فەرەنسا لەچکی لە قوتابخانەکان قەدەخە کرد و لە ساڵی 2010شدا پەچەی قەدەخە کرد، ئێستاش عەبا
لە ساڵی 2004دا فەرەنسا لەچکی لە قوتابخانەکان قەدەخە کرد و لە ساڵی 2010شدا پەچەی قەدەخە کرد، ئێستاش عەبا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە فەرەنسا باس باسی بڕیاری قەدەخەکردنی عەبایە لە قوتابخانەکان، بڕیارەکەش فەرەنسییەکانی بەسەر دوو بەرەدا دابەش کردووە، بەشێکیان پێشوازیی لێدەکەن و بە بڕیارێکی دروستی دەزانن.
 
مارتین، دانیشتووی پاریس دەڵێت، "پێموایە جێگەی خۆیەتی قەدەخەی بکەین. رێگە بە سیمبولی ئایینی نەدەین، ئەمەش سیمبولی ئایینییە و قەدەخەی دەکەین."
 
حکومەتی فەرەنسا بڕیارێکی هەستیاری داوە و چاوەڕوان دەکرێت لە 4ی ئەیلوول کاتێک قوتابییانی دواناوەندی دەگەڕێنەوە قوتابخانەکان، کاردانەوەی زیاتری لێبکەوێتەوە.
 
مایا، پەرستار ئاماژە بەوە دەکات، "پێموایە پرسی گرنگتر هەن چارەسەریان بکەین. 40 ساڵە خوومان بەمەوە گرتووە، یەکەمجار لەچک بوو، ئەوکات گەنج بووم. دواتر بووە مانتۆ، ئێستاش عەبایە."
 
دانیشتوویەکی پاریس دەڵێت، "رای من وایە، ئێمە لە وڵاتێک دەژین، یاسا تێیدا سەروەرە. هەموو خەڵک ئازادن چی دەکەنە بەریان. کچ و ژنان دەبینین لە قوتابخانەکان جلی نیمچەڕووت دەکەنە بەریان، ئێستا کچێک تەنیا لەبەر ئەوەی موسڵمانە و لە قوتابخانە عەبای لەبەرە لێی قەدەخە دەکەن، پێموانییە ئەمە رێگە راستەکە بێت."
 
بەشێک لە خەڵک ئەم هەنگاوانەی حکومەتی فەرەنسا بە هەوڵێکی راستڕۆکان بۆ زیاتر بە سیکولارکردنی وڵات دەزانن.
 
لە ساڵی 2004دا فەرەنسا لەچکی لە قوتابخانەکان قەدەخە کرد و لە ساڵی 2010شدا پەچەی قەدەخە کرد؛ ئەمەش تووڕەیی زیاتر لە 5 ملیۆن موسڵمانی وڵاتەکەی لێکەوتەوە و بووە هۆی کردنەوەی ژمارەیەک قوتابخانەی تایبەت بە موسڵمانان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە