رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا رایدەگەیێنێت کە رووسیا بەردەوامە لە کۆکردنەوەی هێز لەسەر سنوورەکەی لەگەڵ ئۆکراینا و دەڵێت، ئێستا رووسیا تەواو ئامادەیە بۆ هەر بژارەیەکی سەربازی. هاوکات هۆشداریش دەداتە پووتین کە ئەوان ئامادەن بەرگری لە هاوپەیمانەکانیان بکەن.
رۆژی دووشەممە 31-1-2022 جۆن کێربی، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا - پێنتاگۆن لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند کە رووسیا بەردەوامە لە جووڵە سەربازییەکانی لە بێلاڕووس و بە درێژایی سنوورەکەی لەگەڵ ئۆکراینا.
جۆن کێربی گوتی، ئێستا ڤلادمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا "توانای تەواوی سەربازیی لەبەردەستدایە و بۆ هەر بڕیارێکی سەربازیی ئامادەیە."
گفتوگۆکان لە ئەمریکا بۆ جێگیرکرنی سەربازانی ئەمریکی وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ لە رۆژهەڵاتی ئەوروپا بەردەوامن، بەڵام کێربی دەڵێت، "تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێک نەدراوە."
گوتەبێژی پێنتاگۆن گوتیشی ئەگەر پووتین بڕیاری هەڕەشەکردن لە هاوپەیمانێتیی ناتۆ بدات، ئەمریکا بە پاراستنی هاوپەیمانەکانیەوە پابەند دەبێت و هۆشداریی دایە پووتین کە "هەڕەشەکردن لە ئەمریکادا قبووڵکراو نییە و ئێمە شەڕ بۆ بەرگریکردن لە هاوپەیمانەکانمان دەکەین."
هاوکات، رۆژی دووشەممە، رووسیا و ئەمریکا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر پرسی ئۆکراینا قسەی تووندیان بەرامبەر بە یەکدی کرد، نوێنەری مۆسکۆ رایگەیاند ئەمریکا لەسەر پرسی ئۆکراینا تووشی "هیستریا" بووە و دەیەوێت "هیستریا" لەنێو ئۆکراینییەکاندا بڵاوبکاتەوە، ئاماژی بەوەش کرد "رووسیا نەیگوتووە ئۆکراینا داگیردەکەین، بەڵکو ئەوە ئەمریکایە داوای ئەوە دەکات و دەیەوێت داگیرکارییەکە رووبدات."
ئەوەش لەکاتێکدایە کە ئەمریکا بەردەوام هۆشداری ئەوە دەدات کە رووسیا نزیکەی 100 هەزار سەربازی بە درێژایی سنوورەکەی لەگەڵ ئۆکراینا کۆکردووەتەوە و گوایە پلانی هەیە لەم مانگەدا (شوبات) پەلاماری ئۆکراینا بدات و داگیری بکات. لای خۆشیەوە، رووسیا بەردەوام ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە و دەڵێت، ئازادە لەنێو خاکی خۆیدا جووڵە بە سەربازەکانی بکات و لەبارەی ناردنی سەربازەکانی بۆ بێلاڕووسیش دەڵێت، تەنیا بۆ مەشق و راهێنان ئەو کارە دەکات و "هیچ نیازێکی" داگیرکردنی ئۆکراینای دراوسێی نییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ