گالەری

 
رووداو دیجیتاڵ

لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی ئەرجەنتینی و یانەی ئینتەرمەیامی، مێژووییەکی نوێی لە تۆپی پێدا تۆمارکرد و بووە یەکەم یاریزان لە مێژوودا، هەشت باڵۆن دۆر بۆ باشترین یاریزانی جیهان بباتەوە.
 
شەوی دووشەممە لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا، لە پاریس لیۆنێل مێسی چووە سەر ستەیجی شانۆی شاتێلێت و بۆ جاری هەشتەم لە مێژوویدا خەڵاتی باڵۆن دۆری پێدرا.
 
مێسی دوای بردنەوەی خەڵاتەکە گوتی "سوپاسی هەموو هاوڕێکانم دەکەم لە هەڵبژاردەی ئەرجەنتین بۆ ئەو کارەی بەیەکەوە لە مۆندیالی 2022ـدا کردمان، من ئامانجەکەم بەدیهێنا کە بردنەوەی نازناوی مۆندیال بوو."
 
لیۆ لە کاتی وەرگرتنی خەڵاتەکە بە دڵخۆشییەکی زۆرەوە دەرکەوت و رایگەیاند "خەڵاتەکە بۆ ئەو وەک یاریزانێکی ئەرجەنتینی گرنگییەکی زۆری هەیە، بەتایبەت کە بەهۆی بردنەوەی مۆندیالەوە خەڵاتەکە وەردەگرێت."
 
مێسی ئەمە جاری هەشتەمە خەڵاتی باڵۆن دۆر بۆ باشترین یاریزانی جیهان دەباتەوە، پێشتر هەرگیز یاریزانێک تەنانەت شەش جاریش خەڵاتەکەی بەدەستنەهێناوە و لیۆ دەبێتە یەکەم یاریزان ئەو ژمارە زۆرەی خەڵاتەکەی بەدەستهێنابێت.
 
لیۆنێل ئاندرێس مێسی، ئەستێرەی تۆپی پێی ئەرجەنتین دەبێتە یەکەم یاریزان لە سێ دەیەی جیاوازدا خەڵاتی باڵۆن دۆری بردەوە، هەروەها دەبێتە یەکەم یاریزانیش لە سێ یانەی جیاواز، لەگەڵ بارسێلۆنا، پاریس سانجێرمان و ئینتەرمەیامی خەڵاتەکەی بردبێتەوە.
 
جگە لەوەش مێسی دەبێتە یەکەم یاریزان لە دەرەوەی کیشوەری ئەوروپا، خەڵاتی باڵۆن دۆری بەدەستهێنابێت.