سەرۆکی خولی ئیسپانیا: پێرێز هەرگیز نادۆڕێت

30-01-2024
ئاسوودە پێشەوا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
خافیێر تێباس، سەرۆکی خولی ئیسپانیا، جارێکی دیکە رەخنەی تووند لە پڕۆژەی سوپەرلیگ دەگرێت و لەبارەی فلۆرێنتینۆ پێرێزی خاوەنی خولەکەوە دەڵێت "ئەو هەرگیز نادۆڕێت."
 
سوپەرلیگ لەلایەن چەند یانەیەکی ئەوروپییەوە وەک پڕۆژەیەک بۆ پێشخستنی تۆپی پێ و بەهێزکردنی رکابەریی یانەکانی ئەوروپا و زیادکردنی داهاتیان خرایە روو، بەڵام فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا بەتووندی لە دژی وەستایەوە، دواتر ساڵی رابردوو دادگای دادی ئەوروپا بڕیارییدا کە سوپەرلیگ یاساییە و یۆفا و فیفا نەدەبووایە رێگری لە ئەنجامدانی ئەو پاڵەوانێتییە بکەن، بەڵام سەرەڕای ئەوەش تاوەکو ئێستا بەشێکی زۆری یانە گەورەکانی ئەوروپا رەتیانکردووەتەوە بەشداری لەو خولەدا بکەن و دژایەتی خۆیان بۆی دووپاتکردووەتەوە. 
 
تێباس لەبارەی پێرێزی سەرۆکی سوپەرلیگەوە دەڵێت "فلۆرێنتینۆ پێرێز هەرگیز نادۆڕێت، هەر شوێنێک ئەوی لێبێت گرەنتی نییە."
 
سەرۆکی خولی ئیسپانیا باس لەوە دەکات کە ترسی لە سەرکەوتنی پڕۆژەکە هەیە و دەڵێت "ترس لە سوپەرلیگ؟ من لە ساڵی 2000ـەوە لەو پڕۆژەیە دەترسم کە لەلایەن پێرێزەوە پێشەوایەتی دەکرێت و دەوڵەمەندترین یانەکان بەسەر خولەکەدا زاڵ دەبن."
 
دواتر تێباس بەراوردی نێوان سوپەرلیگ و چامپیۆنزلیگ دەکات و دەڵێت "سوپەرلیگ زۆر لە چامپیۆنزلیگ خراپترە و زیان بە خولەکان دەگەیەنێت، بۆیە پێویستە هەمووان رێگە لە بەرەوپێشچوونی ئەو پڕۆژەیە بگرن."

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە