دابه‌زینی نرخی نه‌وت هه‌ڕه‌شه‌ له‌ چێڵسی و ئارسناڵ ده‌كات

29-01-2016
هەرێز جەمال
نیشانەکردن نرخی نه‌وت
A+ A-

رووداوی وه‌رزشی ـ The Mirror

چاودێران ده‌ڵێن "ئه‌گه‌ر نرخی نه‌وت له‌ بازاڕه‌ جیهانییه‌كان به‌رده‌وام بێت له‌ دابه‌زین، مه‌ترسییه‌كی راسته‌قینه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ هه‌ردوو یانه‌ى ئارسناڵ و چێڵسی ده‌كات". رۆژنامه‌یه‌كی به‌ریتانیش بڕی زیانه‌كانى سه‌رۆكه‌كانى هه‌ردوو یانه‌ به‌هۆی دابه‌زینى نرخی نه‌وت ئاشكرا ده‌كات.

چه‌ند راپۆرتێكی رۆژنامه‌وانی باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ رۆمان ئه‌برامۆڤیچی خاوه‌نی فه‌رمی یانه‌ی چێڵسی ئینگلیزی، له‌گه‌ڵ هاووڵاتی و هاوپیشه‌كه‌ی ئه‌لیشر ئۆسمانۆفى سه‌رۆكی یانه‌ى ئارسناڵ، به‌هۆی دابه‌زینی نرخی نه‌وت زیانێكی دارایی زۆریان كردووه‌، ئه‌وه‌ش كاریگه‌رییه‌كى راسته‌وخۆی له‌سه‌ر بازاڕی ئه‌و دوو یانه‌یه‌وه‌ ده‌بێت، كه‌ بێگومان ئه‌وه‌ش رۆڵی ده‌بێت له‌ دابه‌زنی ئاستی ئه‌و دوو یانه‌یه‌ى له‌نده‌ن.

رۆژنامه‌ی میرۆری به‌ریتانی، له‌و باره‌وه‌ باس له‌و زیانانه‌ ده‌كات كه‌ به‌هۆی دابه‌زینی نرخی نه‌وته‌وه‌ به‌ر ئه‌و دوو سه‌رۆك یانه‌یه‌ كه‌وتوون و نووسیویه‌تی "ئۆسمانۆف، كه‌ دووه‌م گه‌وره‌ترین پشكی له‌ ئارسناڵ هه‌یه‌ و ده‌كاته‌ یه‌ك له‌سه‌ر سێ، له‌ سه‌ره‌تای ساڵی 2016 تاوه‌كو ئێستا 910 ملیۆن پاوه‌ند (1.2 ملیار دۆلار) زیانی كردووه‌. ئه‌برامۆڤیچیش كه‌ سامانه‌كه‌ی به‌ 4.2 ملیار پاوه‌ند (5.98 ملیار دۆلار) مه‌زه‌نده‌ ده‌كرێت، نزیكه‌ی 575 ملیۆن پاوه‌ند (819 ملیۆن دۆلار) زیانی به‌ركه‌وتووه‌". 

ئه‌و رۆژنامه‌یه‌ زیاتر له‌و باره‌وه‌ نووسیویه‌تى "بێگومان ئه‌و زیانه‌ گه‌وره‌یه‌ی به‌ر سامانى ئه‌و دوو ملیاردێره‌ كه‌وتووه‌، وا ده‌كات ئه‌وان وه‌كجاران نه‌توانن ده‌ستكراوه‌ بن له‌ خه‌رجكردنى پاره‌ی زۆر بۆ كڕینی یاریزانان له‌ هه‌ردوو میركاتۆی هاوینه‌ و زستانه‌دا، بێگومان ئه‌وه‌ش ده‌بێته‌ هۆكاری كه‌مبوونه‌وه‌ى تواناكانى ئه‌و دوو یانه‌یه‌".

 ته‌نانه‌ت به‌قسه‌ى رۆژنامه‌ی میرۆری به‌ریتانی بێت "هه‌ندێك له‌ چاودێران ده‌ڵێن ئه‌گه‌ر نرخى نه‌وت بۆ ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكی دیكه‌ به‌مشێوه‌یه‌ له‌ دابه‌زین به‌رده‌وام بێت، ئه‌وا هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی راسته‌قینه‌ له‌سه‌ر ئه‌و دوو یانه‌ به‌ناوبانگه‌ی شاری له‌نده‌ن دروست ده‌بێت".


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە