رووداو دیجیتاڵ
هاندەرانی تۆپی پێ، ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە سەرنجیان ئاراستەی پاریسی پایتەختی فەرەنسا دەکەن بۆ بینینی ئاهەنگی باڵۆن دۆری 2024.
شانۆی شاتلێت لە پاریس میوانداریی رێوڕەسمی باڵۆن دۆر دەکات، کە گۆڤاری فرانس فووتبوڵی بەنێوبانگی فەرەنسی رێکی دەخات بۆ دابەشکردنی باشترین خەڵاتەکانی جیهان بۆ ساڵی 2024.
بۆ یەکەمجارە لەدوای 21 ساڵدا، رێوڕەسمەکە بەبێ ئامادەبوونی لیۆنێل مێسی، ئەفسانەی ئەرجەنتینی، کە خاوەنی 8 باڵۆن دۆرە و کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پۆرتوگالی، کە 5 باڵۆن دۆری هەیە، بەڕێوەدەچێت.
لە ساڵی 2003ـەوە لیۆنێل مێسی و کریستیانۆ رۆناڵدۆ، یان هەردووکیان لەنێو بەربژێرانی بردنەوەی خەڵاتی باڵۆن دۆردان.
لیۆنێل مێسی لە 8 بۆنەدا ئەو خەڵاتەی بەدەستهێناوە، و رۆناڵدۆ پێنچ جار خەڵاتەکەی بردووەتەوە ماڵی خۆی، کە ئەم دووانە لە رووی مێژووییەوە پلەی یەکەم و دووەمیان بەدەستهێناوە.
لیستی بەربژێرانی ئەمجارە کۆمەڵێک لە باشترین یاریزانی ئێستای جیهانی تۆپی پێ لەخۆدەگرێت، لەسەرووشیانەوە ڤینیسیۆس جونیۆر، ئێرلینگ هالاند، جود بێلینگهام، رۆدری، کیلیان ئێمباپێ، لاوتارۆ مارتینێز و هاری کەین.
چەندین راپۆرتی رۆژنامەڤانی لە چەند رۆژی رابردوودا ئاماژەیان بەوە کردووە کە ڤینیسیۆس جونیۆر، ئەستێرەی یانەی ریال مەدرید، دیارترین بەربژێرە بۆ ئەوەی خەڵاتی باڵۆن دۆر وەک باشترین یاریزانی جیهان لەساڵی 2024 بەدەستبهێنێت.
وەرزی رابردوو ڤینیسیۆس لەگەڵ ریال مەدرید رۆڵی سەرەکی بینی لە بەدەستهێنانی نازناوی چامپیۆنزلیگ، خولی ئیسپانیا و جامی سوپەری ئیسپانیا.
ئاهەنگەکەی ئەمڕۆ تەنیا دابەشکردنی خەڵاتی باڵۆن دۆر ناگرێتەوە، بەو پێیەی خەڵاتی کۆپا بۆ باشترین یاریزانی لاو هەیە، جگە لە خەڵاتی یاشین بۆ باشترین گۆڵپارێز، خەڵاتی باشترین تیپی پیاوانیش لە جیهاندا هەیە. خەڵاتی باشترین تیپی خانمان، خەڵاتی باشترین راهێنەری پیاوان، هەروەها خەڵاتی باشترین راهێنەری خانمان. خەڵاتی باڵۆن دۆری خانمان.
وادەی رێوڕەسمەکە
ئاهەنگەکە کاژێر 22:00 خولەک بەکاتی باشووری کوردستان دەستپێدەکات، بەڵام راگەیاندنی ریزبەندیی براوەکان چەند کاژێرێک پێش رێوڕەسمەکە دەستپێدەکات.
شێوازی دەنگدان چۆنە؟
فرانس فووتبوڵ پشت بە دەنگی نهێنی 173 رۆژنامەنووسی نێودەوڵەتی دەبەستێت بۆ دیاریکردنی براوەی خەڵاتی باڵۆن دۆر.
یاریزانان بەپشتبەستن بە ئاستی تاکەکەسی و تیپەکانیان لە ماوەی ساڵێکدا و رەفتاری پیشەگەرانە و ژیانی تۆپی پێیان هەڵدەسەنگێندرێن.
هەر رۆژنامەنووسێک پێنج یاریزان هەڵدەبژێرێت، کە نمرەکانیان لەنێوان 6 بۆ 1 خاڵ دەبێت و براوە ئەو یاریزانە دەبێت کە زۆرترین نمرەی بەدەستهێناوە.
دەنگدانەکە بەپێی ئەم پێوەرانە ئەنجام دەدرێت:
1 - ئاستی تاکەکەسی و بەکۆمەڵ لەماوەی ساڵێکدا.
2 - هەڵسوکەوتی یاریزان (بەهرە و یاری خاوەن).
3 - کاروانی یاریزانەکە.
خەڵاتەکان
باشترین راهێنەری ژن
باشترین راهێنەری پیاو
باشترین تیپی خانمان
باشترین تیپی پیاوان
------
خەڵاتی سۆکراتیس، بۆ کاری مرۆڤانە
خەڵاتی گێرد مولەر، بۆ هێرشبەری ساڵ
خەڵاتی یاشین، بۆ باشترین گۆڵپارێز
خەڵاتی کۆپا، بۆ باشترین یاریزانی تەمەن خوار 21 ساڵ
-----
بەربژێرە سەرەکییەکانی باڵۆن دۆری خانمان
ئایتانا بۆنماتی
گراهام هانسین
سەلما پاروێلۆ
بەربژێرە سەرەکییەکانی باڵۆن دۆری پیاوان
هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوەن کە ڤینیسیۆس جۆنیۆر براوەی باڵۆن دۆرە، بەڵام رۆدری، دانی کارڤاخال و جود بێلینگهامیش دوو بەربژێری دیاری خەڵاتەکەن.
ئامارەکانی ڤینیسیۆس لە 2023-2024
39 یاری
24 گۆڵ
11 ئاسیست
3084 خولەک
چامپیۆنزلیگ
لالیگا
سوپەری ئیسپانیا
سوپەری ئەورووپا
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ