سعودییەکان چاویان لە یاریزانەکانی بارسایە

28-02-2024
ئاسوودە پێشەوا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
شانشینی سعودیە بەردەوامە لە پەلکێشکردنی یاریزانەکانی ئەوروپا و ئەمجارەیان چەند ئەستێرەیەکی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی کردووەتە ئامانج و دەیەوێت بیانگوازێتەوە ئەو وڵاتە.
 
گرێبەستە خەیاڵییەکانی یانەکانی سعودیە وایکردووە چەندین ئەستێرەی دیار و بەنێوبانگی ئەوروپا بچنە ئەو وڵاتە، لە ماوەی رابردوودا هەریەکە لە کریستیانۆ رۆناڵدۆ، نەیمار، کەریم بنزیما و چەندین ئەستێرەی دیکە چوونەتە سعودیە و بەسەر یانەکانی خولەکەدا دابەشبوونە.
 
بەپێی رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ، چاڤی هێرناندێزی را‌هێنەری بارسێلۆنا، کە بڕیاریداوە لە کۆتایی ئەم وەرزەدا یانەکە بەجێبهێڵێت، داوای نوێکردنەوەی گرێبەستی سێرجی رۆبێرتۆی لە یانەکە کردووە، بەڵام وەک رۆژنامەکە ئاماژەی پێکردووە، هیچ بەرەوپێشچوونێک لە دانووستاندنەکانی نێوان یانەکە و ئەو یاریزانە بەدی ناکرێت و داهاتووی بەرگریکارە ئیسپانییەکە لەسەر بڕیاری راهێنەری داهاتووی بارسا دەمێنێتەوە. 
 
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە رۆبێرتۆ گرێبەستی یانەی قادسیەی سعودی رەتکردووەتەوە بەهۆی ئەوەی خێزانی ئەو یاریزانە خەڵکی ئیسرائیلە و پێیان وایە بەهۆی کێشە سیاسییەکان لە شانشینی سعودیە دڵخۆش نابن، بۆیە رۆبێرتۆ ماوەیەکە بیر لە پەیوەندیکردن بە خولی ئەمریکییەوە دەکاتەوە و پێیوایە ئەو خولە بۆ ئەو گونجاوترە.

 

 
موندۆ باسی لەوەش کردووە کە رۆبێرت لیڤاندۆڤسکیی هێرشبەری یانە ئیسپانییەکە، گرێبەستێکی گەورەی لە یانەیەکی شانشینی سعودیەوە پێگەیشتووە، بەڵام بارسێلۆنا دەیەوێت ئەو یاریزانە بە لایەنی کەمەوە بۆ ماوەی وەرزێک لەگەڵیان بمێنێتەوە و سەرپەرشتی و هاوکاری گەشەپێدانی ڤیتۆر رۆکیی هێرشبەری لاوی یانەکە بکات، بەڵام بڕیاری کۆتایی لەدەستی لیڤاندۆڤسکی خۆی دەبێت و وەک رۆژنامەکە ئاماژەی پێداوە رۆبێرت حەزناکات یانەکە جێبهێڵێت. 
 

یەکێکی دیکە لەو یاریزانانەی بارسا کە بووەتە ئامانجی سعودییەکان، رافینیای هێرشبەری باڵی راستی یانەکەیە، بەپێی مۆندۆ یاریزانەکە ساڵی رابردوو گرێبەستی یانەیەکی ئەو وڵاتەی رەتکردووەتەوە و بارساش متمانەی بە یاریزانەکە هەیە، بەڵام وەک رۆژنامە ئیسپانییەکە ئاماژەی پێکردووە بەهۆی ئاستە ناوازەکەی لامین یامال، یانەکە تێدەگات ئەگەر رافینیا بڕیاری رۆشتن بدات. 

 

 
لەلایەکی دیکەشەوە، تێر شتیگن، گۆڵپارێزی بارسێلۆنا دەزانێت کە یەکێک لە یانە گەورەکانی سعودیە دەیەوێت بیگوازێتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا گرێبەستی فەرمی پێشكێش نەکراوە و داهاتووی روون نییە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە