رووداو دیجیتاڵ
ریۆ فێردیناند، ئەفسانەی پێشووی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی، هیواخوازە میکێل ئارتێتا، راهێنەری ئێستای یانەری ئارسیناڵ، لەسەرەتای وەرزی داهاتووەوە مەشقدانی مانچێستەر یونایتد وەربگرێت.
ئارسیناڵ ئەمساڵ رکابەریی لەسەر نازناوی پرێمەرلیگ دەکات، ئێستا لە پلەی سێیەمی ریزبەندی خولەکەیە بە 58 خاڵ، بەجیاوازیی دوو خاڵ لەگەڵ لیڤەرپوولی پێشەنگ، لە کاتێکدا مانچێستەر یونایتد لە پلەی شەشەمی خولەکەیە بە 44 خاڵ.
فێردیناند کە ساڵانێکی بەرچاو یاریزانی یونایتد بووە، دەڵێ، "پێویستە ئارتێتا ئارسیناڵ بەجێبهێڵێت، لەپێناو مەشقدانی مانچێستەر یونایتد".
ئەو زیاتر گوتوویەتی، "کەس دڵنیا نییە لەوەی ئەمە رووبدات، بەڵام ئەگەر یونایتد خەونی گەورەی هەیە و دەیەوێت بەرەوپێش بچێت، پێویستە بە تێن هاگ بڵێت سوپاس، چونکە ئەو دەبێتە راهێنەری بایرن میونشن".
ئارتێتا لە دیسێمبەری 2019ەوە راهێنەری ئارسیناڵە، توانیویەتی گۆڕانکاریی گەورە لە تیپەکەیدا دروست بکات و ئارسیناڵ بباتەوە سەر سەکۆی نازناوەکان، ئەگەرچی خەونە گەورەکەی کە بردنەوەی نازناوی پرێمەرلیگە، هێشتا بەدینەهاتووە.
فێردیناند زیاتر دەڵێ، "دوای ئەوە، دەبێ روون بێت کە ئارتێتا باشترین بەربژێرە بۆ شوێنگرتنەوەی تێن هاگ، ئەوکات ئیدی ئەو راهێنەرە بە ئارسیناڵ دەڵێ، کوڕینە گوێبگرن، ئەمە کارێکی سۆزاوییە، بەڵام من ناچارم بڕۆم، من دەبێ بچم بۆ ئەوێ".
لە ماوەی رابردوودا، جیم راتکلیف، خاوەنی بەشێک لە پشکەکانی مانچێستەر یونایتد، کە بەرپرسیارێتی هەموو کاروبارەکانی پەیوەست بەتۆپی پێی لە یانەکەدا وەرگرتووە، ئاماژەی بەگۆڕانکاری گەورە لە یانەکەدا دابوو.
راتکلیف گوتبووی، پێویستە یونایتد ستایلی تایبەتی یارییکردنی خۆی هەبێت و هەموو راهێنەران پەیڕەوی بکەن. ئەم قسانەی راتکلیف بەسەرەتای هۆشداریدان بە تێن هاگ دادەنرێت، کە دەیەوێت هاوینی ئەمساڵ ئەو راهێنەرە لە یانەکە دووربخاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ